حکومەتی ھەرێم بڕی ھەناردەی نەوتی خۆی رادەگەیەنێت

حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی نەوتی خۆی رادەگەیەنێت و بەپێی ئامارەکانی حکومەت لە ئێستادا رۆژانە (٢٦٥) ھەزار و (٩٧٠) بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات کە بەنرخی برێنت نای فرۆشێت.

لە راگەیەندراوی دوێنێی حکومەتی ھەرێم، کە وەڵامی حەیدەر عەبادی دایەوە، کۆمەڵێک ژمارە خرابووە روو، کە تائێستا لایەنی سێیەم یاخود کۆمپانیای دیلۆت کە وردبینی دەکات پشتراستی نەکردوونەتەوە.

حکومەت دەڵێت، لە دوای ١٦/١٠/٢٠١٧ـەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ تێکڕای ھەناردەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بریتییە لە (٢٦٥) ھەزار و (٩٧٠) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە “کە بە نرخی برێنت نەفرۆشراوە و داھاتەکەی ناکاتە دوو تریلیۆن دینار”.

سەبارەت بە ئاشکراکردنی مانگانەی بڕو داھاتی نەوت ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧یشەوە کۆمپانیای جیھانیی (دیلۆیت) وردبینیی تەواوی پرۆسەکە دەکات کە بەم زووانە ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٧ دەخاتە ڕوو.

بەپێی راگەیەندراوەکەی حکومەتی ھەرێم، مووچەی یەک مانگی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە (٨٥٠) ملیار دینارە، لەگەڵ پاشەکەوت ئینجا نزیکەی (٦٠٠) ملیار دینارە بۆ ھەر مانگێک.

ھەروەھا ئەوەش ھاتووە، ھەردوو ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ لە ھەرێمی کوردستان بە داھاتی نەوت و داھاتی ناوخۆ مووچە بەبێ پاشەکەوت دراوە، ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ش دوای پەیڕەوکردنی سیستەمی پاشەکەوت، بڕی (١٢) ترلیۆن و (٧٧) ملیار و (٧٦٤) ملیۆن دینار بۆ مووچە خەرج کراوە کە ھەمووی لەو داھاتە بووە.