سلێمانی؛ نرخی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان بۆ مانگی ١٢و خشتەی ئەم مانگە دیاریکرا

رخی ھەر کاتژمێرێک ئەمپێری کارەبای مۆلیدەی ئەھلی لە مانگی کانوونی یەکەم لە سلێمانی، ٤٣ چل و سێ دینار دینار دەبێت، ھاوکات خشتەی پێدانی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان لە سنوری پارێزگاکە بۆ مانگی  کانوونی دووەم دیاریکرا. 

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی و ئاسایشی ئابووری، کۆنترۆڵی کارەبا، وەرشەی ناوەندی و سەندیکای مۆلیدە ئەھلییەکان نرخەکان دیاریکراون.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی دەڵێت، بەپێی خشتەی بەرنامەی کارپێکردنی مۆلیدە ئەھلیەکان بۆ مانگی (١)، بەیانیان لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ بۆ ٠٨:٣٠ و عەسران لە ٢:٣٠ بۆ ٠١:٠٠ی شەو کارەبا بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکرێت. 

ووتیشی، کارەبای بەیانیان لە رۆژانی ھەینی دەگوازرێتەوە بۆ دوانیوەروان، واتە لە کاتژمێر ٠١:٠٠ی نیوەرۆوە کار بە مۆلیدەکان دەکرێت و کارەبا بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکەن، ھەروەھا بەرنامەی مۆلیدەی گوندەکانی سنووری سلێمانی، رۆژانە لە ٠٧:٠٠ ی بەیانی بۆ ١٢:٠٠ی نیوەرۆ کار دەکەن.

دەربارەی نرخی کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی (١٢)، سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەش کردووە، نرخی کاتژمێرێک ئەمپێری مۆلیدەی ئەھلی بە  ٤٣چل و سێ دینارە کە کاتژمێری کارپێکردنی مۆلیدەکان لە گەرەکەکاندا جیاوازە، بەگشتی لەنێوان   ٢٣٠ – ٢٦٠ کاتژمێرە، واتە ئەگەر مۆلیدەیەک ٢٥٠ کاتژمێر کاری کردبێت ئەوا بڕی ١٠ ھەزار و ٧٥٠ دینار دەبێت بۆ ئەمپێرێک، بۆیە نرخی ئەمپێڕێک لە گەرەکێک بۆ گەرەکێکی تر جیاوازە. 

سەبارەت بە نرخی کارەبای سیتیەکان نرخی کیلۆواتێک بە ٢٤٠ دینار دیاریکراوە، “بەڵام ئەگەر سیتییەکان وێستگەکانیان ١١ کەیڤی بوو ئەوا ٥ دینار و وێستگەکەی ١٣٢کەیڤی بوو ١٠ دیناری بۆ زیاد دەکرێت”.