چالاکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە ٢٠١٧دا دوو ھێندە زیادیکردووە

سەرەڕای بەردەوامی قەیرانی دارایی و ئەو دۆخە ئابوورییەی روی لە ھەرێمی کوردستان کردووە، لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە پێناو پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان و رێکخستنی بازاڕ، لە ساڵی ٢٠١٧دا چالاکی و سەردانەکانیان بۆ شوێنە بازرگانییەکان، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

“گۆران قادر حەمە فەرەج” سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لیژنەکانیان لە ساڵی ٢٠١٧دا، (٣١٤٤٤) سەردانیان ئەنجام داوە، ئەمە لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٦دا (١٨٧٣١) سەردانیان کردووە. لەبارەی سەرپێچیشەوە لە ساڵی ٢٠١٧دا (٢٧٣٦) سەرپێچی تۆمارکراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا ژمارەی سەرپێچییەکان (١٧٣٢) سەرپێچی بووە.

سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکان ئاماژەی بەوەش کرد: لە ساڵی ٢٠١٧دا (٣٤٧٥) پسوڵەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ دوکان و مارکێت و شوێنە بازرگانییەکان و (٢٦٣) حاڵەتی داخستنیشیان ھەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا (٢٦٤٦) پسولەی ئاگادارکردنەوە و (١٠٥) حاڵەتی داخستنیان ھەبووە. ھاوکات لە ساڵی ٢٠١٧دا (١٦) حاڵەتی روبەڕوکردنەوەی دادگایان ھەبووە، لە کاتێکدا لە ٢٠١٦دا تەنھا (٨) حاڵەتیان ھەبووە کە رووبەڕوی دادگایان کردووەتەوە.

لەبارەی بڕی تەلەف و پارەی غرامەیشەوە، گۆران قادر ئاشکرایکرد: لە ساڵی ٢٠١٧دا (٤١٥)تۆن و (٣٠٢) کیلۆگرام خۆراک و شەمەکی نەشیاویان بۆ بەکارھێنان تەلەف کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەو بڕە تەنھا (٢٣٦) تۆن و (٣٧٥) کیلۆگرام بووە. 

سەرجەمی غەرامەی مادیش لە ساڵی ٢٠١٧دا  (٢٢٦)ملیۆن و (١٠٠) ھەزار دیناری عیراقی بووە و زۆرترین غەرامەش لە مانگی (٨)دا بووە. ئەمە لە کاتێکدا لە تەواوی ساڵی ٢٠١٦دا بڕی (١١٩) ملیۆن و (٥٩٥)ھەزار دینار غەرامەی مادی کراوە.