بەڕێوەبەری گشتیی گومرۆکی پارێزگای کوردستان رایدەگەیەنێت، لە سەدا ٥٠ی ئاڵوگۆری بازرگانی لە سنووری باشماخی مەریوانەوە لە ماوەی ٩ مانگی کۆتای ساڵی ٢٠١٧ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ زیای کردوە .
بەختیار ڕەحمانی پوور، بەڕێوەبەری گشتیی گومرۆکی پارێزگای کوردستان ئاماژە بەوەی کە لە ٩ مانگی ئەمساڵدا ٩٦٩ هەزار تۆن کاڵا بە بەهای ۷۲۹ ملیۆن و ١٢٦ هەزار دۆلار، لە رێگەی گومرۆکەکانی باشماخ و بازاڕچەی سنووریی سەیرانبەندی بانەوە هەناردەی دەرەوەی ئێران کراوە.
وتیشی: هەناردەی کاڵا لە ماوەی ۹ مانگی کۆتای ٢٠١٧ بە نیسبەتی هەمان ماوە لە ساڵی ٢٠١٦، لە باری کێشەوە لە سەدا ٩ و لە باری بایەخەوە لە سەدا ۲٣ بەرزبۆتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرۆکی پارێزگای کوردستان سەبارەت بە پرسە هاوپەیوەندەکان بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: لەگەڵ بوونی نائارامییەکان لە ناوخۆی هەرێم لە نزیکیی سنووری باشماخی مەریوان لەم ماوەیەدا، نە تەنیا چالاکیی بازرگانی و هاتوچۆی لۆری و ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکان لە سنوورەکانی ئەم پارێزگایە لە گەڵ باکووری عێراق بەردەوامە، بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی مامەڵە بازرگانییەکان لە سنووری باشماخ، کاروباری گومرۆکی لەم سنوورەدا بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێری ئەنجام دەدەرێت.
ڕاشیگەیاند: لە ماوەی ئەم ٩ مانگەدا یەک ملیۆن و ٦٦۸ هەزار تۆن بە بایەخی ۳ ملیارد و ۳۹۵ هەزار دۆلار ترانزیتی کاڵا لە سنووری باشماخ ئەنجام دراوە کە نیسبەت بە ساڵی پار لە بابەتی کێشەوە لە سەدا ۵۸ و لە بابەتی بایەخی دۆلارییەوە لە سەدا ۵۰ بەرزبوونەوەی بووە.
ڕەحمانی پوور ئاماژەی بەوەش دا: تەرمیناڵی سنووریی باشماخ لە بابەتی هاتوچۆی گەشتیار و کاڵا، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پەیوەندی سازی و دانوستانی دۆستانەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا گێڕاوە.
ناوبراو بە ئاماژەی بە هاتنی ۲۱۷ هەزار و ٦۹۵ کەس گەشتیار بۆ ناوخۆی ئێران و دەرچوونی ۲۲۵ هەزار و ٢۵۰ موسافیر لە سنووری باشماخەوە، وتی: هەناردەکانی گومرۆکی بۆ وڵاتی عێراق و وڵاتانی دیکەی درواسی لە رێگەی گومرۆکەکانی پارێزگای کوردستان لەم ماوەیەدا بریتی بوون لە سەوزی و میوە، بەرهەمی زستانە، مادەی پەلاستیکی، کەرەسە و ئۆتۆمبیلی و کەرەستەی کشتوکاڵ.