حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگەیەكی هاتووچۆی بە رووی پارێزگای نەینەودا دەكاتەوە بۆ فەرمانبەران و لەرێگەی پێدانی ناسنامەی تایبەتی رێگەپێدانەوە، ئەوەش دوای زیاتر دوو مانگ لە داخستنی رێگەكانی هاتووچۆی نێوان هەردوولا.
هێزە عێراقیەكان لە (10/19) ی ئەمساڵەوە گەڕاونەتەوە بۆ دەشتی نەینەواو ناوچەكانی تری جێناكۆك، لەو كاتەوە رێگەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگای موسڵ داخراون، تەنیا دەروازەیەك بۆ بەستنەوەی هەردوو ناوچەكەوە بە یەكترییەوە مابووەوە.
بەپێی سەرچاوەیەك لە هێزەكانی ئاسایش، رێگاەو بازگەی بەدرییە سەر بە نایحەی ئەلقوش دەكرێتەوە، بۆ هاتوچۆی فەرمانبەرانی سەر بە هەرێم لە دەشتی نەینەوا، بۆ ئەوەش پێویستە فەرمانبەران داواكارییەك ئاراستەی ئاسایش بكات تا مامەڵەی بۆ بكرێت و ناویان بخرێتە ئەو لیستەی، رێگەی هاتوچۆیان پێدەدرێت.
بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندو هەرێمی كوردستان، رێگەكانی نێوان شێخان – موسڵ، بەردەڕەش – موسڵ، تلكێف – دهۆك، شەنگال – دهۆك، زومار – شەنگال، رەبیعە – شەنگال، ئەلقوش – موسڵ، حەمدانییە – هەولێرو بەرتلە هەولێر داخراون.
عەقید زێرەڤان فەرماندەی بازگەی بەدرییەی هێزەكانی ئاسایش بۆ كەركوك ناو رایگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ كارئاسانی هاتوچۆی فەرمانبەران لە نەینەواوە بۆ هەرێم و بە پێچەوانەوە بەپێی رێنماییەكان، دوێنێ نزیكەی (600) ناو لە هاوڵاتیانی زوومار تۆماركراون بۆ هاتوچۆ لەو بازگەیەوەو لە ناوچەكانی دیكەوە، لیستی تر هەیە.
لە بازگەی خازر هێزەكانی پێشمەرگە رێگەیان نەدا بە هاتوچۆی هیچ ئۆتۆمبێلێك لە موسڵ و ناوچەكانی ترەوە بۆ هەرێم، ئەگەر هەر هاوڵاتییەك مۆڵەتی مانەوەی پێنەبوایە.
داخستنی رێگە سەرەكییەكانی موسڵ و هەرێم، بارگرانی بۆ سەدان فەرمانبەران و هاوڵاتیان بە گشتی دروستكردووە، بەشێك لەو كەسانەی دەوامی رۆژانەیان لە ناوچەكانی دەرەوەی نەینەوایە رێگەی هاتوچۆیان پێنج هێندەی پێشتر درێژبۆتەوە.