حكومەتی ناوەند موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكات

 پەرلەمانتارێكی یەكێتی رایدەگەیەنێت حكومەتی ناوەند پابەندە بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

نەوزاد رەسوڵ ئەندامی فراكسیۆنی ی.ن.ك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند هەنگاوەكانی حكومەتی ناوەندی عیراق سەبارەت بەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەستی ئومێد بەخشە.

وتیشی: ووردبینی لەلیستی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە، و تەندروستی لەلایەن بەغداوە دەكرێت، و مەرج نییە داوای لیستی فەرمانبەرانی هەموو وەزارەتەكان بەیەكەوە بكرێت و ئەم كارە هەنگاو بەهەنگاو دەبێت. 

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندووە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ووردبینی تەواو لە لیستی مووچەی ئەو دوو وەزارەتە دەكرێت ، ئەگەر وەكو سلفەش بێت حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بە پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێم. 

نەوزاد رەسوڵ ڕاشیگەیاندووە یەكێك لەمەرجەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كە قەرز بدات بە عیراق ئەوەیە دەبێت بەشە بودجەی هەرێم بە %17  لە بودجەی ساڵی 2018 عێراق جێگیربكات.