لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی ساڵ هەموو لایەك هەوڵی ئاشكراكردنی ئەژمارەكانی ساڵ دەدات لە هەموو سێكتەرەكان، لەم راپۆرتەدا تیشك دەخەینە سەر 10 رووداوی ئابووری بە هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنی كە ساڵی 2017 روویان داوە و كاریگەری خۆیان لەسەر ئابووری جیهان جێ هێشتووە.
یەكەم: شێتایەتی بەرزبوونەوەی نرخی بیتكۆین بە رێژەی 1500%
دەتوانین بڵێین ساڵی 2017 ساڵی بیتكۆین بوو. بیتكۆین ئەو دراوە ژمارەیییەی كە لەمساڵەدا بەرزبوونەوەی نرخەكەی ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد و لە مەزندەی كەسدا نەبوو، لەگەڵ ئەو پێشوازییە گەورەیەی لێی كراوە ئێستە بووەتە یاریزانێكی سەرەكی لە بازاڕی دراودا.
بیتكۆین لە سەرەتای ئەمساڵ نرخەكەی بە 997 دۆلار بوو، بەڵام لە كۆتای ساڵ نرخەكەی بۆ نزیك 20 هەزار دۆلار بەرز بووە و پاشان كەمێك دابەزی و خۆی لە 15 هەزار دۆلار جێگیر كرد كە دەكاتە رێژەی 1500% نرخەكەی بەرز بووەتەوە.
لەگەڵ ئەو بەرزبوونەوەیە لە نرخدا و مامەڵە پێكردن و ئەنجامدانی گرێبەست لەسەر دراوی ژمارەیی هێشتا داهاتووی بیتكۆین جێگیر نییە و شارەزایان پێیان وایە كۆتاكەی وەك بوڵقی ئاو وایە دواجار دەتەقێتەوە.
دووەم: دۆناڵد ترەمپ
ترەمپ لە 20ی كانوونی دووەم 2017 بە فەرمی وەك سەرۆكی ئەمەریكا دەستنیشان كرا. لەو كاتەوەی دەستبەكار بووە هەمیشە دڵەڕاوكێی لە بازاڕدا دروست كردووە. هەموو پێشبینییەكان بەو ئاراستەیە بوون كە لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ رووسیا هەڵداتەوە، بە پێچەوانەوە سزای ئابووری نوێی خستەسەر ئەو وڵاتە، ئەو سزایە ئەوروپاشی گرتەوە.
لەو كاتەی دنیا بەدوای ئاشتییدا دەگەڕا، ئەو ململانێی لەگەڵ كۆریای باكور پەرە پێدا و هەڕەشەی لە ڤەنزوێلا كرد كە هێرشی سەربازی دەكاتە سەر. هاوكات بە ئاشكرا رای گەیاند كە لەگەڵ چین دەچێتە جەنگی ئابووری، ئەمە جگە لە تویتەكانی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كە هێرشی دەكردە سەر كۆمپانیاكانی ئەمەریكی و ئەوروپی تا دواجار یاسایەكی نوێی باجی دەكرد كە پێدەچێ بەهۆیەوە بازاڕە تازە پێشگەیشتووەكان زیان بكەن.
لە هەمووی جێی سەرنجتر ناساندنی قودس بوو وەك پایتەخی قودس و بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەكەی بۆ ئەو شارە كە هەموو وڵاتانی دنیا و وڵاتانی عەرەبی تووشی شۆك كرد.
سێیەم: سعوودیە.. كوڕەكەی شا سەلمان دەیەوێت 100 ملیار دۆلار كۆ بكاتەوە
بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانرێت بگوترێت ساڵی 2017 ساڵی میر محەمەد (31 ساڵ) بوو كاتێك لە 21ی حوزەیران بە فەرمی وەك جێنشین دەستنیشان كرا لە جێی میر محەمەد بن نایف كە جێنشین بوو.
میر محەمەد زۆر گرنگی بەلایەنی ئابووری دەدا و خاوەنی روانگەی 2030یە كە ئامانجیەتی گۆڕانكاری ریشەیی لە ئابووری و كۆمەڵایەتی سعوودیە بكات و تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێ وەك سەرچاوەی داهات، بەڵكو هەوڵی هەمەڕەنگكردنی سەرچاوەكانی داهات دەكات.
لە دوای بوونی بە جێنشینی شا، لیژنەیەكی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێكهێنا و 11 میر و دەیان وەزیر و سەدان كاربەدەستی ئەو وڵاتەی بە تۆمەتی گەندەڵی گرت، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ چاكسازی ئابووری و پاراستنی سەرمایەی گشتی وڵات. بەرپرسانی سعوودیە نایشارنەوە ئامانج لەو لیژنەیە گەڕاندنەوەی 100 ملیار دۆلارە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
هاوكات لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو میر محەمەد پڕۆژەیەكی زەبەلاحی بە ناوی نیوم راگەیاند كە خۆی لە دروستكردنی یەكەم شاری سەرمایەداری دەبینێتەوە لە دنیا، بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پڕۆژەیە شۆڕشێكی ئابووری لە سعوودیە دەست پێ دەكات كە تێچووەكەی 500 ملیار دۆلار دەبێت و پڕۆژەكەش تەنیا لە سعوودیە ناكرێت، بەڵكو بەشێك لە خاكی میسر و ئوردنیش دەگرێتەوە.
چوارەم: تەنگژەی كەنداو.. شەڕێك هەموویان تێیدا دۆڕاون
لە پێنجی مانگی حوزەیرانی رابردوو، سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر پێوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەكانیان لەگەڵ قەتەڕ پچڕاند بە تۆمەتی هاوكاریكردنی تیرۆر و هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ئێران كە قەتەڕ ئەو دوو تۆمەتە رەت دەكاتەوە.
شارەزایان پێیان وایە تەنگژەكە تەنیا كاریگەری لەسەر قەتەڕ نابێت، بەڵكو لەسەر وڵاتانی تریش دەبێت و زیانەكەشی بە ملیاران دۆلار دەبێت بەهۆی وەستانی سەدان پڕۆژەی وەبەرهێنان و بازرگانی نێوان هەردوولا.
دوای تێپەڕبوونی 200 رۆژ بەسەر گەمارۆكە، دیارە قەتەڕ توانیویەتی لەگەڵ رەوشەكە رابێت، ئەمەش بە روونی لە بودجەی 2018 بەدەردەكەوێت، كاتێك وەزیری دارایی قەتەڕ رای گەیاند بە تەواوبوونی ساڵێك بەسەر گەمارۆیەكە قەتەڕ دەتوانێت لە زۆر خۆراكدا پشت بە بەرهەمە ناوخۆیییەكانیان ببەستێت لەوانە ئەلبان. بەدیوێكی تر توركیا و ئێران براوەترین وڵاتی ناوچەكەن لەو تەنگژەی خراوەتە سەر قەتەڕ.
پێنجهم: جەزائیر.. ئیمپراتۆریەتی پیاوانی كار دژ بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سەركەوتن
2017 ساڵێكی پڕ رووداو بوو بۆ جەزائیر لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری كە هەندێك لەو رووداوانە كاریگەرییەكانیان بە كۆتاهاتنی ساڵ كۆتایان نایەت.
ئەگەرچی نرخی نەوت لە 2017 بەرز بووەوە، بەڵام داڕمانی ئابووری جەزائیر بەردەوامی هەیە و حكوومەت شكستی هێنا لە دەست گەیشتن بە سەرچاوەی تری داهات جگە لە نەوت و غاز.
لە 15ی ئابی رابردوو عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە سەرۆكی وڵات، عەبدولمەجید تبون سەرۆك وەزیرانی لە پۆستەكەی دوورخستەوە ئەگەرچی تەنیا 83 رۆژ بوو ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، لە جێی ئەو ئەحمەد ئویجی كردە سەرۆك وەزیران. ئەمەش دوای ئەوە دێت كە تبون پڕۆژەی جیاكردنەوەی سەرمایەی لە سیاسەت راگەیاند كە بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و پشتگیری هەناردەی وڵاتەكەی بۆ دەرەوە بكات كە لەلایەن شەقامێكی جەزائیری پێشوازییەكی فراوانی لێ كرا.
بەڵام ئویحیی كە بوو بە سەرۆك وەزیران، پێچەوانەی تبون پلانی راگەیاند و خۆی لە وەبەرهێنەران و پیاوانی كار نزیك كردووە و پڕۆژەكەی تبونی هەڵوەشاندەوە و ئاسانكاری زۆری بۆ پیاوانی كار دەكرد بۆ وەرگرتنی پڕۆژەكان.
پێچەوانە راگەیاندنی پلان دژی پلانەكەی تبون، بە سەركەوتنی ئیمپراتۆریەتی پیاوانی كار بەرانبەر بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لێك دەدرێتەوە. هەر لەمساڵەدا یەدەگی دراوی نیشتمانی جەزائیر بە بڕی شەش ملیار دۆلار كەمی كردەوە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بۆتەفلیقە لە بڕی ئەوەی پارە قەرز بكات، ئەوا پارەی نوێی چاپ كرد بۆ پڕكردنەوەی بودجەی وڵات و دەستبردن بۆ وەبەرهێنان لە غازی سروشتی بیابانی جەزائیر.
شەشەم: كارەساتە سروشتییەكان سێیەم گەورەترین زیانی ئابووری لە دنیادا
بەهۆی زریان و رەشەبا بەهێزەكان و بوومەلەرزە و ئاگر كەوتنەوەكان لەمساڵدا 11 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە، بەگوێرەی راپۆرتی سویس رەی بۆ دڵنیایی، زیانە ئابوورییەكانی 306 ملیار دۆلار بووە و بە بەراورد بە 2016 بە رێژەی 63% یزانەكانی زیادی كردووە. لەمەشدا هەردوو ئەمەریكا باكور و باشوور گەورەترین زیانیان بەركەوتووە بە تایبەت وڵاتانی ناوچەی كاریبی و باكوری ئەمەریكا و بوومەلەرزەكانی مەكسیك و ئاگر كەوتنەوەكانی دارستانەكانی كالیفۆرنیا.
حەوتەم: ریچارد سالر خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئابووری وەرگرت
لە نۆی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، ئەكادیمیای یادشایەتی سوید رای گەیاند كە ریچارد سالری ئەمەریكی توانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئابووری ببانەوە و بە داهێنانی تیۆری هاندان.
بەمەش ئەمەریكییەكان باڵادەستی خۆیان بەسەر خەڵاتەكانی نۆبڵ دا گرتووە و تا ئێستە توانیویانە 57 خەڵات لە كۆی 79 خەڵات.
سالر (72 ساڵ) تایبەتمەند بە شیكردنەوەی رەفتاری ئابووری، چ لای كڕیارێك لە سوپەرماركێتێك یان وەربەرهێنان بە ملیاران دۆلار لە بازاڕدا، ئەگەرچی ئابووری رەفتاری دەمێكە بوونی هەیە، بەڵام بردنەوەی خەڵاتەكە لای سالر دەبێتە هاندان بۆ داهێنانی تر لە بواری رەفتاری ئابووری.
هەشتەم: لە ئەمەریكا سوود لە ماوەی یەك ساڵدا سێ جار بەرز كراوەتەوە
لە 13ی ئەم مانگەدا بانكی فیدڕاڵی ئەمەریكی نرخی سوودی بە رێژەی چارەگە خاڵێك بەرز كردەوە و گەیشتە 1.25% تا 1.5%. بەمەش ئەمە پێنجەمین جارە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی سوود بەرز بكرێتەوە و سێیەم جارە لەمساڵدا نرخەكە بەرز بكرێتەوە، ئەمەش دەرئەنجامی گەشەی ئابووریی ئەمەریكا دێت بە زیاتر لە 3% لە ماوەی چارەگی سێیەكی ئەمساڵدا.
بانكی فیدڕاڵی ئەمەریكی پێشبینی دەكات لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا (2018 و 2019) سێ جاری تریش نرخی سوود بەرز ببێتەوە و بگاتە 2.8%، هاوكات بڕیار بەدەستە سیاسییەكان پێشبینی دەكەن نرخی سوود لە ئەمەریكا بگاتە 3.1% تا ساڵی 2020، ئەمەش كەمێك زیاترە لەو پێوانەیەی ئەمەریكا كردبووی بە ئامانج.
نۆیەم: ڤەنزوێلا.. تەنگژەیەكە تا ئێستە چارەسەر نەكراوە
دوای دابەزینی نرخی نەوت لە 2014، ئابووری ڤەنزوێلا رۆژ دوای رۆژ بەرەو داڕووخان دەچێت و بەدوایدا تەنگژەی مرۆیی لێ كەوتەوە و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی دەڵێ هیچ چارەسەرێكی نییە لە ماوەی نزیكی داهاتوودا. بەڵام لە 2017 نرخی نەوت كەمێك بەرز بووەوە لەگەڵ ئەمەشدا نەیتوانی چارەسەری تەنگژەی ڤەنزوێلا بكات كە یەكێك بوو لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئەمەریكا باشوور و ئێستە رۆژ دوای رۆژ بەرەو مایەپووچبوون دەچێت بەتایبەت لە ناوخۆی وڵات دابەشبوونی سیاسی هەیە لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن كە یەكتر تۆمەتبار بە گەندەڵی تۆمەتبار دەكەن.
لە 13ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی هۆشداری دا لە ئەگەری نەدۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشە و تەنگژەی مرۆیی و نیشتەجێكردن لە ڤەنزوێلا، روونی كردەوە بە كۆتای 2017 ئابووری وڵات بەڕێژەی 35% كەم دەبێتەوە بە بەراورد بە 2014. ئەمە لە كاتێكدایە ڤەنزوێلا پێویستی بە 30 ملیار دۆلار هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ئێستە تێی كەوتووە.
سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی دەڵێ هەڵاوسان لە ڤەنزوێلا 1000%، ئەمەش وای كردووە دراوی بیانی لە وڵات زۆر كەم بكات و داهات بە رێژەی 80% لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا كەم بكاتەوە، كۆی هەموو ئەوانەش وڵات بە ئاراستەی كەوتن و داڕمان دەبات.
دەیەم: دوای 20 ساڵی لە بەردەوامبوونی.. ترەمپ سزای ئابووری لەسەر سوودان هەڵدەگرێت
لە شەشی تشرینی یەكەمی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە فەرمی هەڵگرتنی سزای ئابووری وڵاتەكەی لەسەر سوودان هەڵگرت كە ماوەی 20 ساڵە بەردەوامی هەیە. لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی سوودان پێشوازی لە بڕیارەكەی ئەمەریكا كرد و بە بڕیارێكی ئەرێنی ناساند.
دوای چەند رۆژێك لە هەڵگرتنی سزای ئابووری، ئاماژەكانی وەربەرهێنانی بڕیارەكە دەركەوتن و ئەژمارەكانی بەنكی ناوەندی سوودان و دەستەی هێڵی ئاسنی و كۆمپانیای جیادی پیشەسازی و كۆمپانیای سوودانیە بۆ پێوەندیكردن و 223 دامەزراوە و كۆمپانیای تری سوودانی سوودمەند بوون لە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكە.
پێشبینی دەكرێت لە ساڵی 2018 ئابووری سوودان گەشانەوە بەخۆیەوە ببینێ و وەربەرهێنانی عەرەبی و رۆژئاوایی روو لەو وڵاتە بكەن و قەرز و هاوكاری دارایی پێشكەش بە حكوومەتی خەرتووم بكەن.