سوپاس بۆ ئه‌و جوامێرانه‌ی‌ ئه‌م ژووره‌یان دامه‌زراند

50  ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر، به‌مه‌به‌ستی‌ رێكخستنی‌ كاری‌ بازرگانی‌‌و به‌هێزكردنی‌ رۆڵی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و پێشخستنی‌ ئابوری‌ كوردستان، دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ له‌سلێمانی‌ بووه‌ پێویستییه‌كی‌ گرنگ‌و له‌سه‌ر ده‌ستی‌ كۆمه‌ڵێك بازرگانی‌ هوشیار‌و كارامه‌ كرا به‌واقیعێكی‌ به‌رده‌ست. 

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ به‌درێژایی‌ ئه‌م 50 ساڵه‌، سه‌ڕه‌رای‌ هه‌موو هه‌ورازو نشێوییه‌كانی‌‌و سه‌رباری‌ ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ سیاسیانه‌ش كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌بوه‌، له‌هه‌وڵ‌‌و كۆششی‌ به‌رده‌وامدا بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاسۆیه‌كی‌ روون به‌ڕووی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تدا بكاته‌وه‌. هه‌میشه‌ چاوی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ پێشكه‌ش كردنی‌ باشترین خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ به‌ئه‌ندامانی‌، ببێته‌ هه‌وێنی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌‌و زیادبوونی‌ رێژه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ ناوخۆ‌و به‌هێزكردنی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌‌و زامنكردنی‌ ئاسایشی‌ ئابوری‌‌و په‌ره‌پێدانی‌ وڵات.

50 ساڵه‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌، ماڵێكی‌ واڵایه‌ بۆ هه‌موو خاوه‌نكار‌و بازرگان‌و پیشه‌وه‌ر‌و پیشه‌سازكاران بۆ راگۆڕینه‌وه‌و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ر كردنی‌ كێشه‌ ئابورییه‌كان‌و هاندانی كه‌رتی‌ تایبه‌ت بۆ به‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌ ئابوری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و مرۆییه‌كان‌و به‌شداریكردنیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ چالاكانه‌ له‌به‌هێزكردنی‌ ئابوری‌ نیشتمانیدا. 

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ هه‌میشه‌ كاری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ یاساو ڕێنماییه‌كانی‌ بواری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌‌و كشتوكاڵی‌‌و گه‌شتیاریی‌ بخرێنه‌ خزمه‌ت چالاك كردن‌و به‌ره‌و پێشبردنی‌ ئه‌و سێكته‌رانه‌وه‌، كه‌ به‌بڕبڕه‌ی‌ پشتی‌ ئابورییه‌كی‌ گشتگیرو سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێن، تا كوردستان له‌ڕووی‌ ئابورییه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی‌ قایم‌و پته‌و راوه‌ستێت، سه‌ڕه‌رای‌ هه‌مو به‌ربه‌ست‌و رێگرییه‌كانیش له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دا بووه‌ سه‌رمایه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نیشتمانی‌ له‌كوردستاندا كه‌ڵه‌كه‌ بێت. 

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌، وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ خاوه‌ن ئه‌زمون كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت ده‌كات، به‌وپه‌ڕی‌ تواناوه‌ هه‌وڵیداوه‌ كار بۆ چه‌سپاندنی‌ ستراتیژییه‌تی‌ هه‌نارده‌ كردن له‌پلانی‌ بازرگاناندا بكات‌و له‌10 ساڵی‌ رابردوشدا هه‌میشه‌ خوازیاری‌ ئه‌وه‌ بووه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌پێی‌ نه‌خشه‌رێگاو پلانێكی‌ ستراتیجیی، به‌رهه‌می‌ ناوخۆ بپارێزێت‌و گه‌شه‌ به‌توانای‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بدات، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ وڵاتانی‌ جیهاندا به‌هێزبونی‌ ئه‌م كه‌رته‌، به‌شاڕه‌گی‌ ئابوری‌‌و به‌باشترین هێڵی‌ به‌رگری‌ داده‌نرێت له‌به‌رده‌م قه‌یرانی‌ داراییدا‌و به‌ڕه‌گه‌زێكی‌ گرنگی‌ كرانه‌وه‌ی‌ سیاسی‌‌و چه‌سپاندنی‌ دیموكراسی هه‌ژمار ده‌كرێت. 

‌یادی‌ په‌نجا ساڵه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانیدا، سوپاس بۆ هه‌مو ئه‌و جوامێرانه‌ی‌ له‌م كاروانه‌دا خشت به‌خشت ئه‌م ژووره‌یان ئاوه‌دان كردوه‌، كه‌ ئێستا یه‌كێكه‌ له‌شانازییه‌كانی‌ سلێمانی‌‌و كوردستان.