ئەمساڵ پەنجا ساڵ بەسەر دامەزراندنی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیدا ڕائەبورێ، جێی خۆیەتی لەم یادەدا هەندێ یادەوەری جوامێرانەی بازرگانانی سلێمانیو بڕێ لەپێچەوانەکەشی بێنینەوە یادی خۆمانو گشت بازرگانان.
بازرگانی وەک هەمو بوارێکی تر پرەنسیپو یاساو ڕێسای خۆی هەیە، پێچەوانەی ئەو بۆچونەیە کە وائەزانی بازرگانی تەنها پرۆسەیەکە بۆ کۆکردنەوەی سامانو خۆدەوڵەمەند کردن، ڕیزکردنو گەورەکردنی ژمارەکان، بێ ڕەچاوکردنی لایەنە مرۆڤایەتیەکە، ڕەنگە وا دروست بێت هەموو بازرگانێگ بزانێت پیش ئەوەی بازرگان بێت مرۆڤە، چاکتریش وایە ئەم خەسڵەتە لەدەستنەدات. رەنگە بەیادهێنانەوەی هەڵوێستی هەندێک لەبازرگانانی سلێمانی بەتایبەتیو هەندی بازرگانی ناوداری غەیرە کوردیش وانەیەکی باشو نمونەیەکی جوان بێت. ئەم باسە ئەوەمان بەیاد ئەهێنێتەوە کە باسێکی بازگانانو مەردانی شارەکەمان بکەین کە سەرقافڵەچیەکەیان خوالێخۆشبوو “کەریمی ئەڵەکە>ی تەرسا نەژادە ١٨٧٦- ١٩٤٨، هەڵبژاردنی ناوی ئەم زاتە بەمەبەستە تا هەموان بزانن پێش باوەڕی ئاینی مرۆڤ بون نیازە، لەو ڕۆژگارەدا کە هەرگیز لەدەفتەری یادەوەری شاردا ناسڕێتەوە، هەڵوێستەکانی لەڕۆژانی تەنگانەدا کە بەتەنگ هەژارانەوە هاتووەو فریایان کەوتوە لەگەڵ قاتوقڕیو گرانیدا کەوتۆتە ململانێ، لەبری ئەوەی ڕۆژگاری نەهامەتیو گرانی بەهەلبزانێ بۆ کەڵەکە کردنی سامان، پێچەوانەکەی هەڵبژاردوە، کە فریای هەژاران کەوتوەو بێئەوەی نەژادو ئاین لەبەرچاوبگرێ، تەنها مەبەستی مرۆڤ بووە، بۆیە بێ مەبەستو بێ بەرامبەر خۆراکی بەخشیوەتەوە.
هەروەها ڕۆژگارێک بوە لەسلێمانیدا چەندین گەورە بازرگان هەبوە کە بریکاری کۆمپانیای گەورە بون هاوشێوەی یەک بون، بەڵام ململانێکانیان زۆر شەریفانە بوەو پڕاوپڕ ڕەوشتبەرزی تیادا بوە، نمونەیەک ئەهێنینەوە یادی بازرگانان:
لەپەنجاکانی سەدەی ڕابوردودا چەندین بریکاری سەرەکی جگەرە لەسلێمانیدا هەبون، وەک جگەرەی “غازی” کە خوالێخۆشبوو حاجی عەزیز فەرەج بەگ بوو، جێگاکەی لەجێگەی ئەجزاخانەی شەوکەتی ئێستادا بو، جگەرەی “تورکی” کە بریکارەکەی خوالێخۆشبوو حەمەسور ئاغابو، جێگەکەی چەند دوکانێک خوار خەستەخانەی ناوەڕاست بوو کە ئێستا تەلاری کاوەیە، جگەرەی “لۆکس” کە بریکارەکەی خوالێخۆشبو شێخ جەلالی سەعاتچی بو کە ئەکەوتە بەردەم حەمامی قشڵەوە کە ئێستا کتێبخانەیە لەبازاڕی دەبۆکە، پاشانیش “موختار” کە بریکارەکەی خوالێخۆشبوو فەقێ ڕەشیدی قەشان بو، هەر چەند دوکانێک ئەولا دوکانەکەی شێخ جەلال بو. ئەوەی ڕەوشتی بازرگانی تیا بەدیئەکرا ئەو بریکارانە دۆستو هاوڕێی یەک بون، ململانێکەیان لەڕێگەی ڕێکلامو کواڵێتیو نرخەوە بووە نەک قۆڵ بادانو قۆڵبڕینی یەکتری، هەر یەکەشیان کڕیاری خۆیان هەبوە، نەک وەک ئێستا بازرگانی جگەرە قۆرغ بکرێت، بۆ بازرگان حەرام بێت، ئەویش وەک هەموو شتێکی تر دابەش بوبێت بەسەر زۆنەکاندا، کارگەکانیان کەس نەزانێت لەسەر کام سەرزەمینە، بەڵکو لەناو دەریاداو لەناو چەند کەشتیەکی گومانلێکراودا بەرهەم دێت! ئەوەی جێی داخە ئێستا دەیانو بگرە سەدان دیاردەی نادروستو نابەجێ لەبواری بازرگانیدا سەریانهەڵداوەو نەک دور لەپرەنسیپو یاساو ڕێساکانی بازرگانی، بەڵکو دور لەبەها مرۆڤایەتیو ئەخلاقیەکانیش، وەک هاوردەکردنی جۆرەها کاڵای کواڵێتی نزم، گۆرێنی ڕۆژو بەرواری ماوەی بەسەرچونی خۆراک، نوسینی لێبڵی ساختەو فرۆشتنیان لەجێی ئۆرجینال بە بەکاربەر، تەنانەت دەرمان ساختەکاری تیا ئەکرێ، ئەوەی جێی واقوڕمانە دەسەڵاتو لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک پێویست هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم دیاردەیە ناکەن، لەوە بوغرنجتر ئەوەیە کە ئەم جۆرە بازرگانیەو ڕێژەی سودو قازانج هیچ قسەیەکی لەبارەوە ناکرێو نەکراوە، کە ڕەنگە ئەوە ئەرکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی بێت، تەحریمی هەندێ بازرگانی بکرێو بازرگانان هوشیار بکەنەوە لەڕێگەی کۆڕو سیمینارەوە، بەرنامەیەک هەبێت تا مافی کڕیارو بەکاربەر پارێزراو بنو بازاڕ لەم پاشاگەردانیە ڕزگاری ببێت.
یاخود “حسقێل ساسۆن” ١٧ مارت ١٨٦٠ – ٣١ ئاب ١٩٣٢، کە کوڕە بازرگانێکی جولەکە بوو، بووە یەکەم وەزیری مالیە لەیەکەم کابینەی حکومەتی عێراقدا کە ئینگلیز دامەزرێنەری بوو، بەڵام ئەم بەهەشتیە یەکەم کەس بو کە پێداگری کرد لەبەرامبەر حکومەتی بەریتانیادا بەهای نەوتی عێراق کە بە بەریتانیا ئەفرۆشرێت ئەبێت بەسکەی “پاوەنی زێڕ بێت” نەک بەبانقە نەوتی کاغەز، کە نیشانەی گەورەترین دڵسۆزییە بۆ نیشتمانەکەی کە عێراقی تازە دروستکراو بووە، نەک وەک ئەم ڕۆژگارەی کە هەندێ کەس نەک نیشتمان بگرە ئیمانو وێژدانیش هەڕاج ئەکەن لەپێناو چنگێ دۆلاری تاڵانیی چڵکندا.
ئەگەر ڕوو لەڕۆژئاواش بکەین ئەوا دەیانو سەدان گەورە بازرگان کە سامانەکانیان لەڕێگەی داهێنانەوە پێکەوەناوە نەک لەڕێگەی قاچاغچێتیەوە یان تاڵانیو ناشەرعیەوە، دەبینین چەند مرۆڤدۆستانە ڕەفتار ئەکەن بە بەخشینی بڕی گەورە لەسامانەکانیان بۆ پڕۆژەی خێرخوازی، ئەگەر چاوێک بەبڵاوکراوەی مانگانەی “فۆربس”دا بخشێنین ئەبینین بازرگانی چەند بەهەڵوێستو جوامێر هەن لەوانە دامەزرێنەری “فەیسبوک” کە لە ٢٠١٥ بەشێکی زۆری سامانەکەی کە زیاتر لە ٤٥ ملیار دۆلارە بەخشی بەخێر، هەرچەندە لەم ڕۆژگارەشداو لەم دەڤەرەش بازرگانانێک هەن هەست بە بەرپرسیارێتی مرۆڤدۆستانەی خۆیان ئەکەنو دواناکەون لەبەدەنگەوە چونی ڕۆژی سەختو نەهامەتیەکاندا کەمتەرخەم نین، خۆزگە چاولێکەرانیان زۆرو زۆرتر بوایە.
دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
ئهندامی ئهنجومهنی کارگێڕی ژووری بازرگانیو پیشهسازی سلێمانی