ئه‌ركی‌ مرۆیی‌‌و نیشتمانیی ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی


ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌، هه‌میشه‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌پاڵ‌ ئه‌ركه‌ پیشه‌ییه‌كانیدا به‌رپرسیاریه‌تییه‌ مرۆیی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و نیشتمانییه‌كانیشی‌ له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌. 

سلێمانی‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونییه‌وه‌ تا ئێستا هه‌میشه‌ چه‌ندین بازرگانی‌ به‌خشنده‌و جوامێری‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ كه‌ ناویان له‌یاده‌وه‌ری‌ كوردو مێژوودا ناسڕێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌ساته‌وه‌ختی‌ لێقه‌ومان‌و نه‌بونیی‌‌و گرانییدا به‌هانای‌ خه‌ڵكی‌ كه‌مده‌رامه‌ت‌و هه‌ژاره‌وه‌ چون‌و كۆمه‌كیان پێكردون تا له‌كوێره‌وه‌ری‌‌و ده‌ستكورتی رزگاریان بێت، دیارترین‌و ناودارترینیان “كه‌ریمی‌ عه‌له‌كه‌”یه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆش وه‌ك نمونه‌ی‌ پیاوچاكی‌‌و جوامێریی ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت‌و تا ئێستاش ناوی‌ به‌سه‌ر زاری‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌وه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌م وه‌زیره‌ی‌ حكومه‌تی‌ مه‌لیك مه‌حمود له‌كاتی‌ گرانییه‌ گه‌وره‌كه‌دا، ده‌رگای‌ ئه‌مباره‌كانی‌ بۆ خه‌ڵكی‌ ره‌ش‌و روت خسته‌ سه‌رپشت‌و هاوكاری‌ كردن.

له‌ساڵی‌ 1957یشدا، كاتێك شاری‌ سلێمانی‌ روبه‌روی‌ لافاوێكی‌ گه‌وره‌ بۆوه‌، بازرگانان‌و خاوه‌نكارانی‌ شار درێغییان نه‌كردو مه‌ردانه‌ كۆمه‌كیان به‌لێقه‌وماوانی‌ لافاوه‌كه‌ كرد، بیرم دێ‌ له‌ساڵانی‌ 1963و 1964یشدا كه‌ گرانی‌ ته‌نگی‌ به‌خه‌ڵكی‌ هه‌ڵچنیبو گه‌نم فرۆشه‌كانی‌ سلێمانی‌ له‌مه‌یدانی‌ ماست فرۆشه‌كاندا رۆژانه‌ گه‌نمیان دابه‌ش ده‌كرد به‌سه‌ر هه‌ژاراندا، یه‌كێك له‌و پیاوه‌ به‌خشندانه‌ كه‌ پێویسته‌ ئاماژه‌ی‌ پێبده‌م “سه‌عید ساڵحی‌ عه‌لاف” بوو، روحی‌ شاد.

پاش دامه‌زراندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ 50 ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌م هاوكارییه‌ مرۆیی‌‌و نیشتمانی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سیسته‌ماتیك‌و رێكخراوتر له‌چوارچێوه‌ی‌ چالاكییه‌كانی‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانیدا ئه‌نجامدراون، به‌تایبه‌تی‌ پاش راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی‌ به‌هاری‌ 1991، كه‌ خۆم له‌به‌شێكیدا به‌شدار بووم.
پاش راپه‌ڕین، هه‌لومه‌رجێكی‌ ئابوری‌ سه‌خت‌و نه‌خوازراو رووی‌ له‌خه‌ڵكی‌ كوردستان كرد، هه‌رێم دو ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌ گه‌وره‌ی‌ خرابووه‌ سه‌ر، گه‌ماۆری‌ ئابوری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك به‌شێك له‌وڵاتی‌ عێراق مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌كرا، هاوكات گه‌مارۆی‌ ئابوری‌ توندی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ به‌هۆی‌ كشانه‌وه‌ی‌ داموده‌زگا ئیدارییه‌كان‌و بڕینی‌ موچه‌وه‌ دۆخێكی‌ ئابوری‌ قورسی‌ هێنابووه‌ كایه‌وه‌. له‌و رۆژ ره‌شییه‌دا، ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ ده‌ستوبرد لیژنه‌یه‌كی‌ خۆبه‌خشی‌ له‌بازرگانان‌و پیشه‌سازانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ دروست كردو خۆبوردانه‌ كه‌وتنه‌ كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ هه‌ژار‌و كه‌مده‌رامه‌ت، فه‌رمانبه‌رانی‌ بانك‌و فه‌رمانگه‌كانی‌ تریش له‌م ئه‌ركه‌ مرۆیی‌و نیشتمانییه‌دا هاوكارمان بوون، ئه‌وكات كۆمه‌ك به‌وه‌سڵ‌ وه‌رده‌گیرا‌و ده‌برا بۆ بانك‌و به‌ئاگاداری‌ به‌ره‌ی‌ نیشتمانی‌ سه‌رف ده‌كرا، له‌و رۆژگاره‌دا لایه‌نه‌كان له‌به‌ره‌یه‌كی‌ یه‌كگرتووی‌ نیشتمانیدا بوون، خۆزگه‌ به‌و رۆژانه‌. موچه‌ی‌ ئه‌و رۆژانه‌ی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ پۆلیس له‌و داهاته‌ سه‌رف ده‌كرا.

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌، له‌دوای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ تیرۆریستانی‌ داعش‌و بڕینی‌ بودجه‌و موچه‌وه‌، به‌چه‌ندین شێوازی‌ جیاواز هاوكاری‌ خه‌ڵكی‌ ئاواره‌ی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان‌و كوردانی‌ ئێزیدیی‌ كردوه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام كۆمه‌كی‌ به‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ قاره‌مان كردووه‌ له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگی‌ دژ به‌داعشدا.

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پڕۆژه‌یه‌كیشدا كۆمه‌كی‌ به‌خوێندكارانی‌ كه‌مده‌رامه‌ت كردوه‌ له‌به‌شه‌ ناوخۆییه‌كاندا له‌ڕێگه‌ی‌ دابینكردنی‌ خۆراكه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ چوار رۆژ له‌هه‌فته‌یه‌كدا.

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ ته‌نانه‌ت وه‌ك پابه‌ندبونێكی‌ ئه‌خلاقی‌ كۆمه‌كی‌ لێقه‌وماوانی‌ كوردی‌ له‌پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانیش كردووه‌، بۆ نمونه‌ به‌بڕی‌ 50 هه‌زار دۆلار یارمه‌تی‌ لێقه‌وماوانی‌ زه‌مین له‌رزه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ وانی‌ كرد.

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌، له‌یادی‌ 50 ساڵه‌ی‌ دامه‌زراندنیدا، پابه‌ندبونی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ مرۆیی‌‌و مۆرالی‌و نیشتمانییه‌ دوپاتده‌كاته‌وه‌. 

كه‌مال سه‌عید ته‌ها كۆیی‌
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی