له‌رۆژگاری ئه‌مڕۆدا، پاراستنی “مافی به‌كاربه‌ر”، یه‌كێكه له‌گرنگترین ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی له‌كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتوه‌كاندا به‌دیهاتوه، ئێمه وه‌ك ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوێكی تایبه‌ت به‌پاراستنی مافی به‌كاربه‌ره‌وه له‌كوردستان، به‌كاربه‌ر له‌هه‌موو جۆره ساخته‌كاری‌و ریاكاری‌و قۆرغكارییه‌ك بپارێزین‌و ئاستی كواڵیتی كاڵای ناوخۆ‌و به‌رهه‌می نیشتمانیش به‌رزبكه‌ینه‌وه.
بۆ تێگه‌یشتن له‌گرنگی مافی به‌كاربه‌ر، پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ره‌گوریشه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م بیرۆكه‌یه، كه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی شارنشینی‌و شۆڕشی پیشه‌سازییدا، چه‌ندایه‌تی‌و چۆنیه‌تی كاڵا‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانیش زیادیان كرد‌و له‌قۆناغێكی دیكه‌شدا گه‌شه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ‌و پێشكه‌وتوو، به‌رهه‌مهێنانی كاڵای تایبهتمهندترو زۆر‌و زهبهندتر كرد‌و ریكلامیش بژارده‌كانی به‌رده‌م مرۆڤیان بۆ به‌كارهێنانی كاڵا‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان فره‌و ئاڵۆزتر كرد، له‌سایه‌ی ئه‌م ههلومهرجو فاكتهرانهدا ئیتر به‌كاربه‌ر پێویستی به‌پاراستن بو. ورده ورده چه‌مكێك به‌ناوی مافی به‌كاربه‌ر هاتهكایهو رۆژ به‌رۆژیش سنوری ئه‌م مافانه‌ی به‌رینتر ده‌بێته‌وه، به‌جۆرێك كه له‌ڕێگه‌ی یاسا‌و قانون‌و دامه‌زراندنی چه‌ندین رێكخراو‌و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت به‌مافی به‌كاربه‌ره‌وه ده‌سته‌به‌رده‌كرێت.
له‌ژیانی ڕۆژانه‌ماندا، هه‌ر له‌به‌یانیه‌وه تا دره‌نگانێكی شه‌و به‌كاربه‌ری چه‌ندین كاڵا‌و خزمه‌تگوزاری جۆراوجۆرین، هه‌ر له‌خۆراك‌و پۆشاكه‌وه بگره تا ده‌گات به‌شوێنی نیشته‌جێ بون‌و ئامڕازه‌كانی سه‌رگه‌رمی‌و گهشتیارییو تهندروستیو پهروهردهییو گواستنه‌وه‌و هاتوچۆو پێداویستیه‌كانی دیكه‌ی ژیان، بۆیه وا پێویست ده‌كات مرۆڤ له‌هه‌ر جۆره فریوو ریاكاریهكی بازرگانی‌و كاڵای زیانبهخشو خزمه‌تگوزاری ناته‌ندروست بپارێزرێت‌و نه‌بێته قوربانیی ساخته‌كاریی جۆرییهتیو قه‌باره‌و ده‌ستكاریی كردنی ماوه‌ی ئێكسپایه‌ر بوون‌و گۆڕینی وڵاتی به‌رهه‌مهێنه‌ری كاڵا‌و لاساییكردنه‌وه‌ی كاڵا‌و ریكلامیش به‌كاربه‌ر چه‌واشه نه‌كات. له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌بێت كار له‌سه‌ر چه‌سپاندنی بنه‌مایه‌ك بكرێت بۆ پاراستنی بهكاربهرو بازرگان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه.
له‌زۆربه‌ی وڵاتان ئه‌وه‌ی به‌م ئه‌ركه ده‌گرێته ئه‌ستۆ، زیاد له‌دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومییه به‌هاوكاریی كه‌رتی تایبه‌ت، كه وه‌ك ئه‌نجومه‌نێكی چاودێریی كاردهكاتو پێكهاتووه له”نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كانی بازركانیو پیشهسازیو وه‌زاره‌تی تهندروستیو كشتوكاڵ‌و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رە گشتیه‌كانیان، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی فه‌رمانگه‌كانی گومرك‌و ژینگه‌و كوالێتی كۆنترۆڵ‌و نوێنه‌رێكی ژووری بازرگانی‌و پیشهسازیو چه‌ند نوێنه‌رێكی كه‌رتی تایبه‌ت وه‌ك خاوه‌ن كارگه‌و پڕۆژه‌كان”.
لێره‌دا ده‌پرسین: رۆڵی ژووری بازرگانی چی بوه له‌رێگرتن له‌كاڵای كوالێتی ئاست نزمی ده‌ره‌وه‌و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر؟
پێویسته ئه‌وه رونبێته‌وه كه ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی لایه‌نێكی جێبه‌جێكار نییه، به‌ڵكو زیاتر لایه‌نێكی راوێژكارییه، لایه‌نێكه بۆ رێكخستنی كاری بازرگانی‌و پیشهسازیو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی گرفتی بازرگانان‌و پیشهسازانو بۆ لابردنی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی دێته رێگه‌یان، بۆیه كاری ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی له‌م بواره‌دا پێشنیاری به‌رده‌وام بووه له‌پێناو ئه‌وه‌ی مافی به‌كاربه‌ر بپارێزرێت.
خۆشبه‌ختانه هه‌میشه ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی، پێشهنگو ده‌ستپێشخه‌ر بوه لهداواكاریی ئه‌كتیڤ كردنی كوالێتی كۆنترۆڵ‌و ره‌چاوكردنی چاودێریی ژینگه‌و ته‌ندروستی بۆ ئه‌وه‌ی به‌كاربه‌ر نه‌كرێته قوربانیی. ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازیی له‌هه‌موو دانیشتن‌و كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی گه‌وره‌ی ئه‌م وڵاته ئه‌م بابه‌ته‌ی خستوه‌ته‌ڕوو.
ئێمه له‌یادی 50 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازییدا ده‌مانه‌وێت جارێكی‌تر ئه‌وه بیری حكومه‌تی هه‌رێم بخه‌ینه‌وه، كه هاوڵاتیانی كوردستان بێبه‌ش بون له‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی پێیده‌وترێت “ده‌سته‌ی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر”، له‌كاتێكدا حكومه‌تی عێراق له‌ساڵی 2010ه‌وه له‌په‌رله‌مان ئه‌و قانونه‌ی ده‌ركردوه‌و حكومه‌تی عێراقیش ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی دامه‌زراندوه، ده‌بوایه ئێمه‌ش هه‌مانبوایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێمه تا ئێستا داماننهمهزراندوه.
ئێمه پێش هه‌موو كه‌سێك پێشنیارمان كردوه كه كار به‌كوالێتی كۆنترۆڵ بكرێت، 17 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئێمه له‌یه‌كێتی پیشه‌سازییه‌كان بووین ئه‌م داواكارییه‌مان كردوه، چونكه له‌دیدی ئێمه‌وه پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر وڵات‌و به‌رهه‌مه‌كانی پێشده‌خات، ئه‌وه‌ی ئێستا خاوه‌ن پیشهسازهكان به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن نه‌بونی كوالێتی كۆنترۆڵه به‌پێی ستانداردی عێراقی كه یه‌كێكه له‌به‌رزترین كوالێتییهكان، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كاڵایانه‌ی دێنه وڵاته‌وه به‌كوالێتی كۆنترۆڵدا تێناپه‌ڕن، زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان بڕی تێچونێكی كه‌میان تێچوه‌و به‌نرخی هه‌رزان له‌كوردستان دهفرۆشرێنو ده‌توانن ركه‌به‌ریی به‌رهه‌می خۆماڵی بكه‌ن، كه‌واته كه ئێمه پێداگریمان له‌سه‌ر پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر كردووه له‌پێناو پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ‌و بوژاندنه‌وه‌ی پیشه‌سازیدا بووه. به‌ڵام ئێمه پێمانوایه ده‌بێت به‌قانون ئه‌مه رێكبخرێت بۆ ئه‌وه‌ی ركه‌به‌ریی له‌سه‌ر كوالێتی نزم‌و نرخی هه‌رزان نه‌كرێت، به‌دڵنیایی پیشهسازانو بازرگانانیش پێیانخۆش نییه به‌رهه‌مێكی خراپ بهێننه كوردستانه‌وه‌و ده‌یانه‌وێ روویان سور بێت له‌به‌رده‌م بهكاربهرانداو ركه‌به‌ریی هه‌ڕه‌مه‌كی نه‌كرێت له‌سه‌ر كوالێتی نزم‌و نرخی هه‌رزان. به‌ڵام له‌هه‌لومه‌رجێكدا كه هه‌مووان به‌ر له‌هه‌ر شتێك بیر له‌قازانج ده‌كه‌نه‌وه‌و پێشوه‌ختیش ده‌زانن تا نرخ هه‌رزان بێت كه‌س بیر له‌نرخی گران ناكاته‌وه، رێگرتن له‌م ركهبهرییه هه‌ڕه‌مه‌كییه كه مافی به‌كاربه‌ری تیادا ده‌كرێته ئامانج، به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه ده‌كه‌وێته‌وه سه‌رشانی حكومه‌ت. ئه‌وه ئه‌ركی حكومه‌ته كه به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك رێگه لهساختهكاریو فێڵكاری بگرێت‌و چاودێریی بازاڕ بكات. ئێمه له‌هه‌موو كۆڕ‌و كۆبونهوهیهكماندا له‌گه‌ڵ بازرگانان له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هۆشیاركردنه‌وه‌دا ده‌ڵێین ئه‌مه ئه‌ركی سه‌رشانمانه كه بهویژدانو به‌رپرسیارێتییه‌وه كار بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دامهزراوهیهكو چاودێرییه‌كی كارا بۆ پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌م كاره هه‌ر به‌دروشم ناكرێت.
ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی، به‌باشی دركی به‌و راستییه كردوه كه بونی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه، پێشخستنی ئابوری وڵات‌و گه‌شه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆی پیشهسازیو كشتوكالو گه‌شتیاریی مسۆگه‌ر ده‌كات، هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تیشدا دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر له‌هه‌موو وڵاتاندا بۆ ئه‌وه بووه كه به‌رهه‌می ناوخۆیان زیاد بكات‌و بازاڕیش بۆ كاڵاكانیان بكرێته‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات. له‌كاتێكدا هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌زو فاكته‌رانه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌و پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی‌و پیشه‌سازی پێشده‌خه‌ن له‌وڵاتی ئێمه‌دا ئاماده‌ن كه وڵاتان خه‌ونی پێوه ده‌بینن، وه‌ك كه‌ره‌سه‌ی خاو‌و سه‌رمایه‌و بازاڕ‌و ده‌ستی كار‌و خاكی بهپیتو ئاو.
له‌یادی 50 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانیدا، ئه‌وه دوپاتده‌كه‌ینه‌وه كه دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌یه‌كی چاودێریی كارای تایبه‌ت به‌پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر، ئابورییه‌كی به‌هێزمان بۆ ده‌سته‌به‌ر دهكاتو ده‌بێته هۆكاری پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ‌و ته‌واوكاری یه‌كتر ده‌بن، چونكه هه‌میشه رایه‌ڵێك پاراستنی مافی بهكاربهرو به‌رهه‌می ناوخۆ به‌یه‌كه‌وه گرێده‌دات.
به‌ختیار مه‌حمود مه‌لا ئه‌مین
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی