عیراق هاوردەكردنی 5 جۆر سەوزە رادەگرێت

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق هاوردەكردنی 5 جۆر سەوزە رادەگرێت‌و بڕیارەكەش ڕەوانەی سەرجەم خاڵە سنووریەكان دەكات بۆ ئەوەی لە ئەمڕۆوە ڕێگە بە هاوردەكردنی نەدەن.

لەو بارەیەوە حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند: بڕیاردراوە لەرۆژی 27ی 12ی 2017وە هاوردەكردنی (كەلەرم، شێلم، چەوەنەر، قەڕنابیت ‌و كاهوو) ڕابگیرێت، چونكە لەچەند رۆژی رابردوودا بڕێكی ئێجگار زۆر لەو سەوزانە لە بازاڕەكانی عیراق بوونی هەبووە.

وتیشی: بڕیارەكە ئاراستەی سەرجەم خاڵە سنووریەكان كراوە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانە هاوردەی عیراق بكرێت.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئاماژەی بەوەشكردوە: كە مەبەست لەدەركردنی ئەو بڕیارە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ‌و هاندانی جووتیارانە كە بەرهەمی كشتوكاڵی زیاد بكەن، بۆ ئەوەی خۆراكی پێویست لە ناوخۆی وڵات بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت.