بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیەوە گەرمترین پیرۆزبایتان لێ دەکەمو هیوای هەمیشە سەرکەوتنو گەشەکردنتان بۆ دەخوازم لەڕاپەراندنی ئەرکە پیرۆزەکەتان.
شاراوە نیە لەماوەی زیاتر لە٥٠ ساڵی رابردوو، ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی توانی ببێتە پردێک بەڕووی بنیاتنانو رۆڵێکی زۆر گرنگی بینی لەفراوان کردنو جوانکردنی شارە حەیاتەکە ”سلێمانی” بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری، جگە لەوەش خۆشبەختانە لەبەر رۆشنایی سەرکەوتووی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی، یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان دامەزراوە، دواتر لقو بەشی لەسەرجەم شارەکان لێ پیکهێنرا کە ئەمەش مایەی خۆشحاڵیو دەستخۆشییە بۆ بازرگانانی سلێمانی.
گەشەکردنی وڵاتو بنیاتنانی ژێرخانیکی ئابووری بەهێز، پەیوەستە بەداڕشتنێکی سیاسەتێکی ئابووری تۆکمە کە لەلایەن حکومەتو پسپٶرانو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گەڵاڵە کرابێتو لەسەر بنەمای زانستی هەڵچنرابێت، دواتر بازرگانانو کەرتی تایبەت دەبێت دەستی باڵایان هەبێت لەجێبەجێ کردنی بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتی باشتر بەهاوڵاتیان، کە ئەمەش سود بەهاوکێشەیەک دەگەیەنێت کە کەرتی تایبەتو حکومەتو هاوڵاتی ژمارەکانیەتی لەحکومەت.
یەکێک لە کارە لەپێشینەکانمان، بەجددی کار کردنە لەسەر گرنگی دان بەکەرتی تایبەتو بەرەو پێشچونی تا ئەو ئاستەی کە بگاتە ڕێرەوی دروستی خۆیو ببێتە هاوکاری حکومەت لەخزمەت کردنی کوردستانەکەمان. بۆیە لێرەوە داوای بەردەوام خەباتی ئابوریتان لێدەکەمو دووبارە پیرۆزباییو هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆک وەزیران