تێگه‌یشتن له‌ئامانج‌و فه‌لسه‌فه‌ی بوونی ژووره بازرگانیه‌كان، پێویستی به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ره‌گ‌و ریشه‌و پێشینه‌ی مێژووییه‌تی.
یه‌كه‌مین ژووری بازرگانی له‌جیهاندا ساڵی 1599 له‌شاری مارسیلیای فه‌ره‌نسا دامه‌زرا، پێویستیی دامه‌زراندنی ناوه‌ندێكی به‌مجۆره له‌و روانگه‌یه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا كه هه‌موو ئه‌و بازرگان‌و خاوه‌نكارانه‌ی له‌سێكته‌ره جیاوازه‌كانی ئابورییدا چالاك بوون، هه‌ستیان كرد گرفت‌و كێشه‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه‌و پێویسته پێكه‌وه كار بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م گرفتانه بكه‌ن‌و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كانیان بیخه‌نه‌ڕوو، چونكه زۆرێك له‌كێشه‌و گرفته‌كانیان ته‌نها به‌خاوه‌نكاران چاره‌سه‌ر نه‌ده‌كران‌و ده‌بوو له‌گه‌ڵ حكومه‌ت گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكرێت تا هاوكاریی‌و كارئاسانیان بۆ بكرێت.
هه‌روه‌ها ژووری بازرگانی، بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژوودا به‌ئامانجی هه‌ماهه‌نگ كردنی چالاكیه‌كانی بازرگان‌و خاوه‌نكاران‌و رێكخستنی كه‌رته ئابورییه‌كان‌و به‌شداربوونیان له‌پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاره ئابورییه‌كانی حكومه‌ت‌و داكۆكی كردن له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت دامه‌زرا.
بیرۆكه‌ی پێكهێنانی ناوه‌ندێك به‌ناوی ژووری بازرگانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م تێگه‌یشتنه هاوبه‌شه كه پێویسته خاوه‌نكارو بازرگانان پێكه‌وه به‌ره‌نگاری گرفته‌كان ببنه‌وه، زۆری نه‌خایاند سه‌رتاسه‌ری شارەکان‌و وڵاتانی ئه‌وروپا‌و دواتریش جیهانی گرته‌وه. بازرگانه‌كان پێویستیان به‌ناوه‌ندێك بوو كه گوزارشت‌و داكۆكی له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بكات.
پاش سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی پیشه‌سازی، گرفتی نوێی په‌یوه‌ست به‌كاری پیشه‌سازی‌و كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌و به‌رهه‌مهێنان‌و پێویستی پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ له‌كێبڕكێی كاڵای بیانی سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌مه‌ش بووه هۆكاری پێكهێنانی ژووره پیشه‌سازییه‌كان، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی كاتیش‌دا ئه‌م ژووره پیشه‌سازییانه سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ ژووره بازرگانیه‌كان په‌یدا كرد‌و سه‌ره‌نجام ئه‌م دو ناوه‌نده یه‌كیان گرت‌و ژووره بازرگانی‌و پیشه‌سازییه‌كانیان پێكهێنا.
ژووره بازرگانی‌و پیشه‌سازیه‌كان، هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بونی شاره‌كان‌و كه‌ڵەكه‌بوونی سه‌رمایه‌و گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنان‌و زیادبوون‌و گه‌وره بوونی كارگه‌كان‌و پیشه‌سازی نوێ‌و بازاڕ‌و كه‌ره‌سه‌و كاڵا‌و ئامڕازه‌كانی ئاڵوگۆڕ‌و گواستنه‌وه بوونه پێویستییه‌كی مێژوویی.
چه‌ند رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان‌و بازرگانی له‌جیهاندا زیاتر ده‌بو، به‌رپرسیاریه‌تی ژووره‌كانیش گه‌وره‌تر ده‌بوون، پێویستیی دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی نوێ له‌جیهاندا، ژووره‌كانی روه‌و دروستكردنی تۆڕێك له‌په‌یوه‌ندی چڕ‌و پڕ له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ئاڕاسته كرد، كه ئابوری‌ناسان پێیانوایه ئه‌م گۆڕانكارییانه “ژووره بازرگانیه‌كانی نه‌وه‌ی دووه‌م”یان به‌دیهێناوه.
ژووره بازرگانیه‌كان وه‌ك نوێنه‌ری كه‌رتی تایبه‌ت هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیانه‌وه به به‌رده‌وامی چاویان له‌سه‌ر به‌دیهێنانی چه‌ند ئامانجێك بووه، كه گرنگترینیان بریتین له: داكۆكیكردن له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت، راگرتنی هاوسه‌نگی له‌نێوان هاورده‌و هه‌نارده، رێكخستنی جوڵه‌ی بازرگانی له‌ئاستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه، به‌دیهێنانی ئابورییه‌كی نیشتمانی به‌هێز, به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی‌و چۆنایه‌تیه‌وه، پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی، په‌ره‌پێدانی كۆمه‌لگه‌و پلاندانانی باشتر بۆ كاری بازرگانی، ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌ندامانی له‌پێناو چالاككردنی جوڵه‌ی ئابوری، په‌یوه‌ندیكردن به‌داموده‌زگاكانی حكومه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته ئابورییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌كه‌رتی تایبه‌ت، پێشكه‌شكردنی ئه‌و خزمه‌تگوزاری‌و زانیاریانه‌ی كه ئه‌ندامانی پێویستیان پێیه‌تی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانیان له‌ڕێگه‌ی ده‌ركردنی رێنماییه‌وه، په‌یوه‌ندیكردن به‌ناوه‌ند‌و ژووره بازرگانه‌كانی وڵاتانی ده‌ره‌وه به‌مه‌به‌ستی پێشخستنی كاری بازرگانی‌و پیشه‌سازی.
له‌جیهانی ئه‌مڕۆدا، زۆرجار وه‌ك به‌شێك له‌كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ژووره بازرگانیه‌كان ده‌ڕوانرێت، كه كاره‌كانیان ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی كاری ئابوری‌و بازرگانیدا قه‌تیس نامێنێ‌و په‌ل ده‌هاوێژێت بۆ كاری مرۆیانه‌و كۆمه‌لایه‌تی. ژووره بازرگانیه‌كان ئه‌مڕۆ رێكخراوی باڵاده‌ستی كه‌رتی تایبه‌تن كه ئه‌ركی خۆیان له‌چاكتر كردنی ژینگه‌ی كار‌و گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنان‌و توانای مرۆیی‌و به‌هێزكردنی ئابوری نیشتمانی چڕكردوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌وڵی به‌رفراوانكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه ناوخۆیی‌و ناوچه‌یی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیاندان.