سلێمانی … لەسەرەتای ساڵی نوێوە پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت

 لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزارییەكان لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەسەرەتای ساڵی نوێوە پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت‌و بەپێی قەبارەی خۆڵ‌و خاشاكەكەش نرخەكەی دەگۆڕێت.

 ڕزگار ئەحمەد لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزارییەكان لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ڕاگەیاند، لەسەرەتای ساڵی نوێوە لەناو سەنتەری شاردا پارەی خۆڵڕشتن وەردەگیرێت، بۆ ئەم مەبەستەش سلێمانی  بەسەر 8 زۆندا دابەشكراوە.

 راشیگەیاند: پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك لەماڵان‌و دوكانداران‌و خاوەنكاران وەردەگیرێت، بەڵام بڕی پارەكە بەپێی زۆرو كەمی قەبارەی خۆڵ‌و خاشاكەكە دەگۆڕێت، بەجۆرێك ئەو ماڵانەی لەناو سەنتەری شاردان‌و هەموو رۆژی سەیارەی خۆڵڕشتن دەیانگاتی مانگی 5 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت، ئەوانەشی لەدەرەوەی سنوورەكەن‌و بە 2 رۆژ جارێك سەیارەی خۆڵڕشتنیان بۆ دەچێت مانگی 3 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت. 

سەبارەت بەوەرگرتنی پارە لەخاوەن دوكانەكانیش رزگار ئەحمەد وتی، خاوەن دوكانەكان لە 10 تا 50 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت، ئەوەش بەپێی قەبارەی خۆڵ‌و شوێنی دوكان‌و تابلۆی ناونیشانی دوكان بەمەتر دووجا دیاری دەكرێت.