بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج ناكات

پەرلەمانتارێك دەڵێت تا هەموو داهاتە نەوتی و نا نەوتییەكانی هەرێم تەسلیمی بەغدا نەكرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج ناكرێت.

جەبار عەبادی- ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەڵێت حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق پارەی لەبەردەست نییە تا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات . وتیشی: ئەو بودجە گشتییەی بۆ عیراق تەرخانكراوە، تەنیا بەشی مووچە و خەرجییەكانی پارێزگاكانی دیكەی عیراق دەكات و ناتوانرێت هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتە نەوتی و نا نەوتییەكان و باجەكان تەسلیم بەحكومەتی عیراق بكات ئەوسا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكات. 

ئەمەش لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم  رێژەی 60%ی داهاتە نەوتییەكانی لەدەستداوە و لەئێستادا رۆژانە نزیكەی 200 هەزار بەرمیل نەوت لەبیرە نەوتییەكانی هەرێم  هەناردەی دەرەوە دەكات