فێستیڤاڵی ھەرزانکردنی نرخ لەسلێمانی دەست پێدەکات

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی داوادەکات ھەموو بازرگانان بەشداربن لە فێستیڤاڵی ھەرزانکردنی نرخ.

لەسەرەتای ساڵی تازەوە گەورەترین فێستیڤاڵی داشکاندنی نرخ لەشاری سلێمانی بەبەشداری کۆمپانیاکانی کوردستان دەکرێتەوە ، فێستیڤاڵەکە تایبەتدەکرێت بە داشکاندنی نرخەکان، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانیش داوا دەکات بازرگانان بەشداربن و ھاوکاری ھاوڵاتیان و فەرمان بەرانبن.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانی لەو فێستیڤاڵە دەکەین و ھەموو ھاوکاریەکمان پێشکەشی سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە کردووە تا کارەکانیان سەرکەوتوبێت و بتوانن سود بەخەڵک و فەرمانبەران بگەیەنن”.
فێستیڤاڵی ھەرزانکردنی نرخ لەناو کارگەی جگەرەی سلێمانی دەکرێتەوە کەتیایدا کۆمپانیا جیاوازەکان لە خۆراک و جوانکاری و پاکەرەوە و ئەلکترۆنی و کاری دەستی خانمان و بەرھەمی ناوخۆی و کشتوکاڵی و چەندین بواری دیکە بەشداری دەکەن وەک ھاوکاریەک بۆ ھاوڵاتیان لەم قەیرانەدا.
ڕاشیگەیاند” ئەم بازاڕە بۆھاوڵاتیان و فەرمانبەران لەم قەیرانی ئابوریە و نەبونی موچەیەدا زۆرگرنگە تابتوانێت ھاوکارێکی باشبێت لەھەرزانی نرخەکاندا وە بەشداریکردنی کۆمپانیاکان ئەرکێکی نیشتمانی و خەمخۆرانی خەڵکە”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژە بەوەشدەکات “بازرگانانی شاری سلێمانی ھەمیشە لەکاتی قەیرانەکاندا توانیویانە ڕۆڵی گەورە بگێڕن لەھاوکاری کردنی خەڵک و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە بۆیە ئەمجارەش باوەڕمان وایە کە بازرگانان جارێکی ترھاوکاری فەرمانبەران و خەڵکی کەمدەرامەتدەبن بەدابەزاندنی نرخی شتومەکەکانیان لەو بازاڕەدا”.
سیروان محەمەد دەشڵێت” لەو بازاڕەدا داوامانکردووە کە گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆی بدرێت تا ھاوڵاتیان ئاشنابن بەبەرھەمەکان و جوتیاران بتوانن کارەکانی خۆیان بناسێنن و بتوانن بیفرۆشن و ھاوڵاتیانی خۆشمان زیاتر گرنگی بەبەرھەمی ناوخۆی بدەن تا پارەی کوردستان نەڕواتە دەرەوە و لەناوخۆدا بمێنێتەوە بەمەش ئابوری وڵات بەرەو بەرزی دەڕوات و دەرفەتی کارکردن لەناوخۆدا زیاتر دەبێت”
ئیدریس عومەر سەرپەرشتیاری فستیڤاڵەکە ڕایگەیاند” ئێەوەک قاوەخانەی کلتوری و ڕادیۆی تاکسی سەرپەرشتی بەڕێوەچونی کاری بازاڕەکە دەکەین و ھەمو ڕیکلامێکی ئەو بازاڕەو سەرپەرشتی کارەکانی لە ئەستۆدەگرین کەتەواوی کۆمپانیاکان لەو بازاڕەدا رۆژانە لەڕێگەی ڕادێۆی تاکسیەوە بانگەشەی خۆیان دەکەن بێ بەرامبەر”. 
ڕاشیگەیاند” فیستیڤاڵەکە لەسەرەتای ساڵ دەکرێتەوە ھەمو ئامادەکاریەکان تەواوبووە و کۆمپانیاکان بەشدارن کە بە ھاوبەشی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بەڕێوە بەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی دەبێت”.
دەشڵێت” ئامانجی ئەم فیستیڤاڵە ھەرزانکردنی نرخە وەک ھاوکاری بۆ خەڵکی کوردستان  کۆمپانیاکانیش ھەموو ئامادە کاریەکیان پیشانداوە بۆ ھاوکاریکردنی خەڵک لەم قەیرانەدا”.
بەھۆی قەیرانی دارای و دواکەوتنی موچەوە لەئێستادا ھاوڵاتیان لەڕوشێکی ئابوری خراپدا دەژین کردنەوەی ئەم فیستیڤاڵانە لەسودی ھاوڵاتیاندا دەبێت لەکاتی ھەرزانکردنی نرخدا.
ھاوبیر بورھان کە وەک کۆمپانیای بورھان بەشداریانکردووە دەڵێت” بەشداریکردنی ئێمە لەم فستیڤاڵەدا بۆ ھاوکاریکردنی خەڵکی کوردستانە وە ئەو مادە خۆراکیانەی ھەمانە داشکاندنی گەورەمان بۆکردووە تا بتوانین لەم کاتی قەیرانەدا ھاوکاری فەرمانبەران و ھاوڵاتیانبین”.
ئاماژە بەوەشدەکات” لەم جۆرە فستیڤاڵانە ھاوڵاتیان بەتەواوی ئاشنادەبن بەمادەخۆراکیەکان و بەرھەمە ناوخۆیەکان بۆیە ئێمەش بەشداریکردنمان بەگرنگ زانی تابتوانین ڕۆڵمان ھەبێت لەھاوکاریکردنی ھاوڵاتیان”.
كردنەوەی فیستیڤاڵی ھەرزانی نرخ لە ٢٠١٨/١/١ دەکرێتەوە بەبەشداری کۆمپانیا ناوخۆیەکان ئەم فیستیڤاڵە بۆماوەی مانگێگ بەردەوام دەبێت.
 
 
ئا:زریان محەمەد