بەرەو ئایندەیەکی گەش

38 ساڵه‌ ئه‌ندامی‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی سلێمانیم، لە4/6/1979دا بووم به‌ئه‌ندامی‌ ژوور. له‌یادمه‌ ئه‌وكات بڕیارێکی تازە دەرچوو بوو کە خوێندکار بۆی هەبوو ببێتە ئەندامی ژووری بازرگانی. ئەو سەردەمە کاک تەهای ئەحمەد تەها بەڕێوبەری ژووری بازرگانی بوو، له‌مباره‌وه‌ زانیاریی دامێ‌و هاتم شەرەفی ئەندامیەتیم وەرگرت. کە بەئەندام وەرگیرام، پلە “چوار”یان دامێ. 

ژووری بارزگانی له‌و رۆژگاره‌دا ژماره‌ی‌ ئەندامەکانی کەم بوون، وەک ئێستا بەرفروان‌و ژماره‌ی‌ ئەندامانی‌ زۆر نەبوون. بۆ ساڵی داهاتوو، نوسراویکی تازەم بۆ هات كه‌ پلەکەیان گۆڕیوم بە(سێ ئەلف)، ئەمە بۆ من شەرەفیکی گەورە بوو، بۆ ژووری بازرگانیش شانازییه‌كی‌ گه‌وره‌ بوو، کە به‌مجۆره‌ ئەندامەکانی خۆی بەسەردەکردەوە.

من له‌و سه‌رده‌مه‌دا پەیوەندی باشم هەبوو لەگەڵ ئەو بەڕێزانەی پێشتر ژووریان به‌ڕێوه‌بردبوو، وه‌ك سەرۆک‌و جێگرەکانی، خولیای‌ ئه‌وه‌م بوو كه‌ نزیک بم لەژووری بازرگانیەوە. ژووری بازرگانی لەو سەردەمانەدا کە ئێمە بووین بە ئەندام، سەرۆک‌و ئه‌میندار‌و ده‌ستەیەکی هەبوو كه‌ پێنج کەسیان لەلایەن حکومەتەوە دیاریده‌كران، ئه‌وانی‌ تری‌ ئەو کەسانە بوون بەکاندید کردن ده‌بونه‌ ئه‌ندام.

ئه‌و رۆژگاره‌، سەرۆک بەهەڵبژردن دیارینه‌ده‌كرا. له‌ناوەڕاستی هەشتاکانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا، گۆڕانکاریەک لەناو ژوورە بازرگانیەکاندا سه‌ریهه‌ڵدا، كه‌ ده‌بوو سەرۆک‌ بازرگان بێت، بۆ نمونە خەڵکانیکی وەک کاک ڕەفیق قەزازو ئەمانە کە بوون به‌سەرۆکی ژووری بازرگانی، کاک زاهیری رەحمەتی کە بوو بەجێگری دووەم، کەسانی کاندید کراوو هەڵبژیردراو بوون. 

قۆناغێكی‌ گرنگی‌ گۆڕانكاری‌ له‌چۆنیه‌تی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ژووری‌ بازرگانیدا، كه‌ ده‌كرێت به‌خاڵی‌ وه‌رچه‌رخان‌و لێكترازانی‌ دوو قۆناغی‌ جیاوازی‌ ئابوری‌ ناوببرێت، دوای‌ راپه‌ڕینی‌ 1991 روویدا، كه‌ سیسته‌می‌ ئابوری‌ له‌سیسته‌می‌ گشتی‌‌و سۆسیالیستییه‌وه‌ گۆڕا بۆ كاركردن به‌پره‌نسیپه‌كانی‌ بازاڕی‌ ئازاد‌و بایه‌خدان به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌كوردستاندا.

لەسەردەمی بەعسدا ده‌رفه‌تی‌ دامه‌زراندن یان كاركردنی‌ کۆمپانیاكانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت زۆر ده‌گمه‌ن‌و سنوردار بوون، سیسته‌می‌ ئابوری‌ داخراوو سۆشیالیستی‌ بوو، (مەسڵەحەی موبەیەعات هەبوو، ئۆرزدی هه‌بوو، ئه‌جهیزه‌ی‌ ده‌قیقه‌ هه‌بوو، حەدیدو خەشەب‌و زوجاجیات‌و مەوادی ئینشائی هەبون)، زۆربه‌ی‌ جومگەکانی ئابوری‌ به‌ده‌ست دەوڵەته‌وه‌ بوون‌و کۆمپانیاكان زیاتر لەبواری به‌ڵێنده‌رایه‌تیدا چالاك بوون.

لەدوای ڕاپەرینەوە، به‌هۆی‌ هه‌لومه‌رجی‌ گه‌مارۆدانی‌ ئابوری‌ سه‌ر عێراق‌و كوردستان‌، به‌ڕێوه‌بردنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ كارێكی‌ قورس‌و زه‌حمه‌ت بوو، ئه‌و رۆژگاره‌ی‌ کاک ئەمین شەوکەت روحی شادبێت، سه‌روكاری‌ ئیشه‌كانی‌ ژووری‌ ده‌كرد، ئه‌ركێكی‌ قورسی‌ كه‌وتبوه‌ ئه‌ستۆ، كاك ئەمین بەتەنها خۆی مابووەو ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌ن كه‌سیان كاریان نه‌ده‌كرد، بەهۆی ئەوەی‌ یان كۆچی‌ دواییان كردبوو یاخود به‌هۆی‌ هه‌لومه‌رجی‌ سیاسی‌و ئابورییه‌وه‌ دوورکەوتبوونەوە لەژووری بازرگانی، له‌به‌رئه‌وه‌ کاک ئەمین هەم سەرۆک‌و هەم ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نیش بوو، زۆرجار گوێی‌ له‌تێبینی‌‌و سه‌رنجی‌ خه‌ڵكی‌ وه‌ك ئێمه‌ومانان ده‌گرت ده‌رباره‌ی‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ كاروباری‌ ژوور.

لەساڵی ١٩٩١دا، ژووری بازرگانی دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ زۆر بچوک بوو، ته‌نها یەک پیکابی‌ هه‌بوو، پیکابەکەشی لەڕاپەریندا نەما. ژماره‌ی‌ كارمه‌نده‌كانیشی‌ ١٢ بۆ ١٣ كه‌س دەبوون. هۆكاری‌ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ لەسەردەمی بەعسدا سیستەمەکە سۆشیالستی‌ بوو، دەوڵەت خاوه‌نی‌ هه‌موو شتێك‌و جێبەجێكاری‌ هه‌موو كاروباره‌كان بوو، ژوور ئیشی‌ بكه‌وتایه‌ته‌ هه‌ر شتێك، ئه‌وا پارێزگارو “ئیتحاد”ەکانی سه‌ر به‌حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار بۆیان‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرد.

دوای‌ راپه‌ڕین، من لەساڵی ١٩٩٩دا کە کاری بارزگانیم دەکرد، بەشداریم له‌یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی‌ ژووردا كرد، ئەو کات ژووری بازرگانی له‌داخوران‌و هه‌ره‌سهێناندا بوو، زیندووکردنەوەو خستنه‌وه‌ سه‌ر پێی‌ هه‌وڵ‌‌و كۆشش‌و ماندوبونێكی‌ زۆری‌ گه‌ره‌ك بوو. بێگومان مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ له‌هەوڵ‌و ماندوبونی ئەو بەڕێزانە کەم بكه‌مه‌وه‌ كه‌ پێشتر ژووریان به‌ڕێوه‌ده‌برد، به‌ڵكو هه‌لومه‌رج‌و دۆخه‌كه‌ ئەوەی سەپاند بوو. 

كاتێك هەڵبژردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ژوور کراو دەرچوین، کۆمەڵێک گۆڕانکاریمان بەدیهێنا لەناو ژووری بازرگانیدا. ئه‌وده‌مه‌ دۆخی‌ ئابوری‌ زۆر قورس‌و ئەستەم بوو، هەم ڕژێمی بەعس گه‌مارۆی‌ خستبووه‌ سه‌ر كوردستان‌و هه‌م ئاسه‌واری‌ شەری ناوخۆو دوو ئیداره‌یی‌ مابوو. ڕسوماتێک ئەخرایە سەر ئه‌و ئوتومبێلانه‌ی‌ کە هاتوچۆیان دەکرد لەنێوان هەرێم‌و عێراقدا، لەسەر ئەو کاڵایانەی ئاڵوگۆریان پێدەکرا. ساڵی ٢٠٠٠بوو کە بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ ئه‌م گرفته‌، دانیشتنێکمان لەگەڵ بەرێز مام جەلال كردو پێمانوت کۆمەڵێک رسومات هەیە دەخرێتە سەر ئەو کاڵایانەی کە دێتە هەرێمی کوردستانەوە، ئێمە پیوستمان بەوەیە گۆرانکاریەک لەمه‌دا بکەین. به‌ڕێزی‌ پرسی‌ “گۆڕانکاریەکه‌ چیه‌؟”، وتمان “ئەگەر ئێمە لەگەڵ عێراقدا قسە بکەین لەپێناو بەرژەوەندی كوردستان، شتێكی‌ خراپ نییه”‌.

جەنابی مام جالال سه‌رپشكی‌ كردین‌و وتی “بڕۆن بۆ بەغداد لەگەڵ کێدا کۆئەبنەوە، کۆبنەوە، گرنگ ئەوەیە ئێوە شتێکی نیشتیمانیانە بکەن بۆ خزمەتی ئەم هه‌رێمه جوانەمان‌”.

ئێمە ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئه‌وكاتی‌ ژوور، من‌و کاک بابان‌و کاک دلێری مەحمود بەگ، ڕۆشتین بۆ یه‌كێتی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ عێراقی‌و کۆبونەوەیەکمان لەگەڵدا کردن، زۆریان پێ خۆش بوو کە ئێمە چوین، بەڵام ئەو کاتە ژووری بازرگانی قەرزار بوو لەسەر ئەم بینایەی ئێستا تیایدا کار دەکەین، وتیان یەکەم قەرزتان لەلایە، دووەم دەبێت ژووری بارزگانی بكه‌ن به‌دوو به‌شه‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێتی‌ پیشه‌سازی‌ جیاوازە لەژووری بازرگانی.

ژووری بازرگانی ئه‌وساش هه‌ر له‌م بینایه‌ی‌ ئێستایدا بوو، بەڵام وەزارەتی پەیوەندی‌و هاوکاریشی تیابوو، ئێمە یەک نهۆممان هەبوو، ئەم بینایە هەر هی خۆمان بوو، قەرزەکانی حکومەتی عێراقیمان دابۆوه‌.

ئێمە کە هەڵبژێردراین، کاک کامیل شانەگەر سەرۆکی ژووری بازرگانی بوو، کاک شێخ تالیب جێگری یەکەم بوو، بەندە جێگری دووەم بوو، زۆر بەژیریی هاتینە پێشەوەو هاوکاری کراین له‌لایه‌ن یەکێتی نیشتمانی‌ كوردستان‌و جه‌نابی‌ مام جەلال. به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هاوكارییان كردین كاروباری‌ بارزگانی‌ له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ بهێنینه‌وه‌ بۆ نێو ده‌ستی‌ ژووری بازرگانی‌و توانیشمان په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باش لەگەڵ ئێراندا دروستبکەین‌و یەکەمین کۆمیتەی نێوان ژووری بازرگانی سڵێمانی‌و سنە دابمه‌زرێنین. هه‌ر ئەو ئازیزانه‌شمان له‌سنه‌ بیرۆکەی ئەوەیان پێبەخشین کە یەکەمین پێشاەنگە لەسلێمانیدا بکەینەوە، کە ئەو پێشانگه‌یه‌ بوو بەهۆکاری ئەوەی جوڵەیەکی بازرگانی لەبازاڕدا دروستبێت‌و سلێمانی ببێته‌ پردێکی ستراتیژی بۆ هێنان‌و بردنی شمەک‌و کاڵا لەنێوان ئێران‌و هەرێمی كوردستان‌و عێراقدا.

پاشان کە یەکێتی‌و پارتی له‌یه‌كتر نزیک بوونەوە، ئێمە ویستمان پێش حیزبەکان بكه‌وین‌و به‌دیدی بازرگانیی لەمەسەلەکان بڕوانین، هه‌ربۆیه‌ داوامان لەژووری‌ بازرگانی‌ هەولێرو برادەرانی ژووری‌ بازرگانی‌ دهۆک کرد کە ئێمە یەکێتیەک دروست بکەین‌ بەناوی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم.

پێویسته‌ به‌ویژدانه‌وه‌ ئه‌و راستییه‌ش بڵێم كه‌ وەک ژووری بازەگانی‌و پیشه‌سازی‌، هیچ دەسەڵاتێکی حزبی‌‌و حكومی‌ له‌م شاره‌دا ده‌ستێوه‌ردانیان نه‌كردووه‌و کاریگەریشیان نەبووە لەسەر ئاڕاسته‌ی‌ كاری‌ ئێمه‌. ره‌نگه‌ لەکاتی هەڵبژاردندا ویستبێتیان کەسە نزیکەکانی خۆیان دەرچن، بەڵام لەکاتی ئیشکردنماندا هیچ جۆره‌ ده‌ستێوه‌ردانێكی‌ حیزبی نەبووە.

هه‌ر ئه‌م سه‌ربه‌خۆیی‌‌و ئیراده‌ به‌هێزه‌ش بووه‌ كه‌ وایكردوه‌ ئێمه‌ بتوانین كۆمه‌ڵێك ده‌سكه‌وت بۆ بازرگانان‌و ئابوری‌ ئه‌م شاره‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین، ئێمە توانیمان زەویەک وەربگرین‌و پێشانگایەکی لەسەر دروست بکەین، كه‌ ئێستا پێیدەلێن بینای پێشانگای سلێمانی نیودەوڵەتی، ئەمە یەکێکە لەدەسکەوت‌و سەروەریەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌ سلیمانی. ئەم بینایەی ئێستا کاری‌ تێدا دەکەین هەمووی بەئەلکترۆنی کراوە. په‌یوه‌ندییه‌كانمان تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ زۆر به‌رفراوان‌و به‌ربڵاو بووه‌ هه‌م له‌ئاستی‌ هه‌رێمایه‌تی‌‌و هه‌م له‌ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیشدا، كه‌ ساڵانه‌ ده‌یان باڵوێزو كونسل‌و خاوه‌نكار‌و كۆمپانیای‌ بیانی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه‌و به‌شداری‌ له‌پێشانگای‌ نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌كه‌ن. بۆ ناوچەی پێشەسازی‌و گه‌نجینه‌كان كاری‌ زۆرمان كردووه‌ تا تاپۆ بکرێت له‌سەر ئەو کەسانەی کاری تیادەکەن. 

هەروەها جێی‌ شانازییه‌ بۆ ئێمه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەرووی ئابورییه‌وه‌ زۆر به‌هێزو بەتواناتر بووە‌و هیچ ساڵیک كورتهێنانی‌ بودجه‌مان نییه‌، هەموو ساڵیکیش خۆمان بانگهێشتی‌ دیوانی چاودیری دەکەین تا به‌حساباتماندا بچنه‌وه‌و پشكنینی‌ ورد بكه‌ن، بەدرێژایی ساڵانی رابردوش خاوێنی‌و ئه‌ستۆپاكییان بۆ ئه‌م ژووره‌ سه‌لماندوه‌. هاوكات ئێمه‌ وه‌ك ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ له‌ئاستی‌ كوردستان‌و بگره‌ عێراقیشدا خاوه‌نی‌ یه‌كێك له‌باشترین گۆڤاره‌ ئابورییه‌كانین، ماڵپەریکشمان هەیە كه‌ به‌رده‌وام ڕوماڵی کارو چالاکیەکانی ژووری بازرگانی‌و گرنگترین رووداوه‌ ئابورییه‌كانی‌ كوردستان ده‌كات. 

له‌به‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌كرێت به‌شانازییه‌وه‌ بڵێین كه‌ ئاسۆمان روونه‌و زۆرجاریش عێراقیەکان پێماندەڵین ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ له‌رووی‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ لەلوتکەدایە به‌راورد به‌ژووری‌ هه‌ژده‌ پارێزگاكه‌ی‌ دیكه‌ی‌ عێراق‌و كوردستان.
 
یاسین رەحیم  – جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی