ژووره‌ بازرگانیه‌كان په‌رله‌مانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت

له‌ 50 ساڵی‌ رابردوودا ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌  سلێمانی‌ رۆڵێكی‌ گرنگ‌و بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ژیانی‌ ئابوری‌ ئه‌م شاره‌و به‌ره‌و پێشبردنی‌ ئابوری‌ كوردستانیشدا بینیوه‌. له‌خولی‌ یانزه‌هه‌می‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ژووریشدا زیاتر هه‌وڵی‌ به‌هێزكردنی‌ ئه‌م رۆڵه‌ دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌باشترین شێوه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بكات‌و زمانحاڵی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بێت.

له‌یادی‌ په‌نجا ساڵه‌ی‌ دامه‌زراندنیدا، ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌  سلێمانی‌ پێشنیازو په‌یامی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژووره‌ بازرگانیه‌كانی‌ كوردستان رۆڵی‌ “په‌رله‌مانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت” ببینن‌و ئه‌كتیڤ‌و چالاكتر بكرێن تا قسه‌ی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ره‌وتی‌ ئابوری‌ كوردستاندا بكه‌ن.
له‌دیدی‌ ئێمه‌وه‌ ژووره‌ بازرگانیه‌كان ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببنه‌ په‌رله‌مانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ خواست‌و داواكارییه‌كانیان به‌ئاڕاسته‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌‌و به‌هێزكردنی‌ ئابوری‌ نیشتمانیدایه‌و له‌هه‌مانكاتیشدا كاری‌ ئه‌م ژوورانه‌ ره‌هه‌ندیی‌ نیشتمانییان هه‌یه‌و چالاكیه‌كانیان سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گرێته‌وه‌و دامەزراوەی هەڵبژێردراوو خاوه‌نی‌ شه‌رعیه‌تی‌ یاساییشن.

ژووره‌ بازرگانیه‌كان وه‌ك “په‌رله‌مانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت” پێویسته‌ رۆڵی‌ “راوێژكار”ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ یاسادانان‌و جێبه‌جێكردن له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا ببینێت له‌قۆناغی‌ داهاتوودا. ده‌توانێت له‌پرس‌و راوێژی‌ به‌رده‌وامدا بێت له‌گه‌ڵ‌ لیژنه‌كانی‌ دارایی‌‌و كاروباری‌ ئابوری‌‌و وه‌به‌رهێنان‌و بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌‌و كشتوكاڵ‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و له‌ئه‌نجومه‌نه‌كانی‌ باڵای‌ وه‌به‌رهێنان‌و لیژنه‌ باڵاكانی‌ دیكه‌ی‌ ئابوری‌‌و دارایی‌‌و بازرگانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌بڕیاردانی‌ په‌یوه‌ست به‌ئابوریشدا به‌شدار بێت، تا ئەو رێنمایی‌‌و یاسایانه‌ی‌ له‌بواری‌ بازرگانی‌‌و ئابوری‌‌و داراییدا بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌درێت، ئه‌نجامی‌ پێچه‌وانه‌و نه‌خوازراویان لێنه‌كه‌وێته‌وه‌‌و نه‌بنه‌ به‌ربه‌ستی‌ سه‌ر رێگای‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت.

له‌جیهانی‌ ئه‌مڕۆدا چاره‌نوسی‌ ئابوری‌ نیشتمانی‌ هه‌ر وڵاتێك، له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ ئابورییه‌كانیه‌وه‌ دیاریده‌كرێت، چه‌ند ئه‌م دامه‌زراوانه‌ تۆكمه‌و چالاكتر بن به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی‌ ئابوریاندا زیاتر ده‌كرێته‌وه‌و پێچه‌وانه‌كه‌شی‌ راسته‌. ژووره‌ بازرگانیه‌كانی‌ كوردستان خوازیارن هاوشانی‌  هه‌موو ژووره‌ بازرگانیه‌كانی‌ جیهانی‌ پێشكه‌وتوو، ده‌نگی‌ راسته‌قینه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بن‌و كار‌و چالاكی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تی‌ راسته‌قینه‌ ببه‌نه‌ ئاستێكی‌ باڵاتر‌و هاوكاربن له‌داڕشتنی‌ پڕۆژه‌ی‌ ستراتیژی‌ ئابوری‌ وڵات‌.