ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای هێوركردنەوەی بارودۆخی شارەكە دەكات


ئەمرۆ 24-12-2017 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و پارێزگار كۆبوونەوە ، دوابەدوای كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازكرد.

لە كۆنگرەكەدا ئازاد حمە ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سەبارەت بە هێوركردنەوەی بارودۆخی ناوچەكانی كوردستان، كەچەند رۆژێكە بەهۆی ناڕەزایی دەربرینی خۆپیشاندەران گرژی تێكەوتووە دوو كۆبوونەوەمان ئەنجامدا لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و پارێزگاری سلێمانی.

وتیشی، لەگەڵ ئەوەی پشتگیری تەواوی مافی خۆپیشاندەران دەكەین ، داواش لە هێزە ئەمنییەكان دەكەین بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بكەن و پێویستە حكومەتیش هەوڵی تەواو بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

هەر لە كۆنگرەكەدا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە خۆی لەچەند خاڵێكدا دەبینێتەوە ، وەك : ئازادكردنی دەستگیركراوەكان و كشانەوەی ئەو هێزانەی بڵاوەیان پێكراوە لەو ناوچانەی خۆپیشاندانی تیادا ئەنجام دەدرێت و پتەوكردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە لایەن هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان بە راگەیاندنەكانیشەوە.