بەر لەوەی كۆمپانیا بەناوبانگەكانی دنیا ڤێرژنی نوێی مۆبایلەكانیان بخەنە بازاڕەوە، میدیاكانی تایبەت بە بواری تەكنەلۆجیا بەردەوام بەدوای سەرچاوەی تایبەت لەو كۆمپانیایانەوە دەگەڕێن، تا تایبەتمەندییەكان ئاشكرا بكەن، هەندێ پسپۆڕی ئابووریش دەڵێن، كۆمپانیاكان خۆیان وەك ئامادەكارییەك بۆ پێشوازیكردن لە ڤێرژنی نوێی مۆبایلەكە ماوە ماوە بە ئەنقەست بەشێك لە تایبەتمەندییەكانی دەخەنە ناو میدیاكانەوە، ئێستەیش باس لە تایبەتمەندییەكانی گالاكسی ئێس9 دەكرێ، كە بڕیارە لە مانگی شوبات/فێبرایەر یان مارس/ئاداری ساڵی داهاتوو بخرێتە بازاڕەكانەوە.
كۆمپانیای سامسۆنگ دوای سەركەوتنی لە بەرهەمهێنانی گالاكسی ئێس 8 و پڕكردنەوەی زیانە گەورەكانی كە بەهۆی گالاكسی ئێس 7 تووشی بوو، خەریكی تەواوكردنی بەرهەمهێنانی گالاكسی ئێس9یە و شارەزایان و زانیارییە دزەپێكراوەكانیش هێما بۆ ئەوە دەكەن، گالاكسی ئێس9 جیاوازییەكی ئەوتۆی نابێ لەگەڵ ئێس 8، تەنیا لە ڕووی ڕام و پرۆسیسەرەوە پێشكەوتووتر دەكرێ.
پێگەی فۆڕێبس بڵاوی كردەوە، كە كۆمپانیاكە هەرچەندە سەركێشی لە گالاكسی ئێس9 دەكات، بەڵام زۆر بە نهێنی و وریایییەوەیە و نایەوێ ئەو سەركێشی و سورپرایزە دزە بكات و ئاشكرا ببێ، تا كاتی خستنەبازاڕی گالاكسی ئێس9وە.
هاوكات پەڕەی “ئایس یونێڤیرس” لە تویتەر نووسیویەتی، شێوەی گالاكسی ئێس9 هاوشێوەی گالاكسی ئێس8 دەبێ و جیاوازییەكی ئەوتۆیان نەبێ، كامێراكەیشی وەك هی گالاكسی نۆت8 دەبێ، بەڵام لە تایبەتمەندییەكانی ناوەوە گۆڕانكاری دەكرێ، بڕیارە سامسۆنگ پرۆسیسەری “ئۆكتاكۆر” بۆ گالاكسی ئێس9 بەكار بهێنێ و ڕامێكی چوار گێگابایتیشی بۆ كارپێكردنی سیستەمی ئەندرۆید بەكار دەخات.
بڕیارە گالاكسی ئێس 9 لە مانگی شوبات/فێبرایەر یان ئادار/مارسی ساڵی داهاتوو بخرێتە بازاڕەكانی دنیاوە و لە ئێستەوەیش خەڵك زۆر بە تامەزرۆیییەوە چاوەڕوانی ساتی خستنە بازاڕی ئەو ڤێرژنە نوێیەی مۆبایلی گالاكسین.