كرماشان شتومەك بۆ ٣٨ وڵاتی دنیا هەناردە دەكات

پارێزگای كرماشان لە رۆژهەڵاتی كوردستان شتومەك بۆ ٣٨ وڵاتی دنیا هەناردە دەكات و زۆرینەی ئەو هەناردەیەش بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانە.

خەلیل حەیدەری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەكانی پارێزگای كرماشان ئاشكرای كرد، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا بایی یەك ملیار و ٢٦٢ ملیۆن و ٦٠٨ هەزار دۆلار شتومەك بە كێشی دوو ملیۆن و ٨٩٢ هەزار و ٨٧٦ تۆن لە گومرگ و بازاڕچە مەرزییەكانی پارێزگای كرماشانەوە هەناردە كراون و بەگشتی بەراورد بە ساڵی رابردوو ١% زیادی كردووە.

ئەو باسی لەوە كرد كە بە قەبارەی ٥٩٥ ملیۆن و ٣٣ هەزار و ٣١ دۆلار بە كێشی یەك ملیۆن و ٦٩٠ هەزا و ٧٤٣ تۆن لە دەروازەكانی خوسرەوی، پەروێزخان و پاوەوە هەناردە كراوە.

بەگوێرەی “ئیرنا” گومرگەكانی تری ئەو پارێزگایە بە قەبارەی ٦٦٧ ملیۆن و ٥٨٦ هەزار و ٥٧٧ دۆلار شتومەك بە كێشی ٢٠٢ هەزار و ١٣٢ تۆنی بۆ دەرەوە هەناردە كردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو لە كێشدا بە رێژەی ١١% و لە بەهای بازرگانیش بە رێژەی ٣% زیادی كردووە.

زۆربەی ئەو شتومەكانەی لە پارێزگاكەوە هەناردە كراون، كاشی، پێداویستی ناو ماڵ، پەتاتە، قاپ و قاجاخ و هەندێك پێداویستی تر لە خۆ دەگرن. بە بۆچوونی ئە بەرپرسەی كرماشان شتومەكیان هەناردەی ٣٨ وڵاتی دنیا كردووە.

پارێزگای كرماشان ٣٧١ كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە و جگە لە دەروازەیەكی نێودەوڵەتی، شەش دەروازەی فەرمی تری هەیە و ساڵانە سەرووی نیوەی هەناردەی ئەو پارێزگایە لە پێداویستی ناپیترۆڵی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان هەناردە دەكرێت.