ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێشتر پێشنیاز بۆ حكومەت كرابوو كە بەهای 100دۆلار بكاتە 135 هەزار دینار و دەشڵێت، ئەو هەنگاوەش بۆ هاندانی هاوڵاتییانە كە دۆلار لە لقەكانی بانكی ناوەندیی عێراق بكڕن و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەتوانێت ئەو پێشنیازە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراقدا بدات.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، پێشتر نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێشنیازیكردبوو بەهای 100 دۆلار بكرێتە 135 هەزار دینار و سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو پێشنیازەی پەسەندبووە، بەڵام دەبێت لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی ئەو بڕیارە بدەن.
راشیگەیاند، پێشنیازەكە بەو شێوەیە بووە كە هاوڵاتییان هانبدرێن سەردانی لقەكانی بانكی ناوەندیی عێراق بكەن و یەك دۆلار بە 1350 دینار پێیان بفرۆشرێت و ئەگەر بەو نرخە دۆلار بخرێتە بازاڕەوە هاوڵاتییان سوودمەند دەبن و بەهای دۆلار بەرامبەر دینار و بەو شێوەیەش بەرزنابێتەوە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پێیوایە، “وەزارەتی نەوتی عێراق دەتوانێت لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پێشنیازەكە بخاتەروو كە ئەو دۆلارەی لە نەوتی فرۆشراو وەریدەگرێت یەك دۆلاری بە بەهای 1350 دینار بخاتە بازاڕەكانەوە”.