وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی رای دەگەیەنێت كە 70 كۆمپانیا و نووسینگە لە سلێمانی، داوایان كردووە بانكی ناوەندی عێراق راستەوخۆ دۆلاریان پێ بفرۆشێت و ئەوانیش بە نرخی 1320 دینار بیخەنە بازاڕەوە، ئاشكرای كرد كە رێكارەكانیان تەواو كردووە و چاوەڕێی دەكەن راستەوخۆ دۆلاریان پێ بفرۆشرێت.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی راگەیاند، كۆمپانیا و نووسینگەكانی سلێمانی داوایان كردبوو كە بانكی ناوەندی راستەوخۆ دۆلاریان پێ بفرۆشێت، ئەوانیش بە نرخی 1320 دینار بیخەنە بازاڕەوە، بەڵام بانكی ناوەندی باسی لەوە كردبوو كە بەهۆی ئەوەی زیاتر لە دوو هەزار كۆمپانیا هەیە، ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێن و سەرمایەكەشیان كەمە و هی ئەوە نییە دۆلاریان راستەوخۆ پێ بفرۆشرێت.
زیاتر وتی، بانكی ناوەندی داوای كردبوو هەر پێنج یان 10 كۆمپانیا و نووسینگە پێكەوە سەرمایەكەیان یەك بخەن، ئەوەش لە چوارچێوەی بانكێك و ئەوانیش دۆلاریان لە بانكی ناوەندی بە راستەوخۆ پێ دەدرێت، دووپاتی كردەوە، ئێستە زیاتر لە 70 كۆمپانیا و نووسینگە بەشی زۆری رێكارەكانیان تەواو كردووە، كۆمپانیا هەیە هەموو مەرجەكانی رێك كردووە و هیچی نەماوە.
“تەنیا چاوەڕێی ئەوە دەكەین دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی بەو كۆمپانیایانە بفرۆشرێت و ئەوانیش بە نرخی 1320 دینار بیخەنە بازاڕەوە، هیوادارم لە زووترین كات ئەوە جێبەجێ بكرێت، پێشتریش حاكم بڵند، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و د. ماكوان بەڕێوەبەری گشتی بانكی ئارتی لە سلێمانی دڵنیایان لەوبارەوە دا”، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی وای وت.