ئێران و ئەمریكا هەردووكیان مەیلی گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی هەیە بەڵام ئەوانەی زیاتر لەهەموو كەسێك چاوەڕوانی زیندوكردنەوەی ئەو رێككەوتنەن دانیشتوانی ئێرانن كەپێنج ساڵە خراپترین دۆخی ئابورییان لەمێژووی ئەو وڵاتە ئەزموون كردووە.
وڵاتی چین رایگەیاندووە كشانەوەو راگرتنی رێككەوتنی ئەتۆمیی لانیكەم زیانی 200 ملیار دۆلاری لەئەمریكاو زیانی 500 ملیار دۆلاری لەئێران داوە.
ئەمریكا پێش ئەوەی دەست بەسزا ئابورییەكانی لەدژی ئێران بكات لەساڵی 1979 بەبڕی چوار ملیار دۆلار كاڵای رەوانەی ئێران كردووەو لەبەرامبەردا بڕی نزیكەی سێ ملیار دۆلار كاڵای لەئێرانەوە هاوردە كردووە واتە ئاستی بازرگانیی ئەو دوو وڵاتە لەو سەردەمەدا و 43 ساڵ پێش ئێستا نزیكەی شەش ملیار دۆلار بووە كەبەراورد بەئێستا رەنگە ژمارەیەكی زۆر گەورە بێت.
ئاستی بازرگانیی ئێران و ئەوروپاش لەسایەی سزاكانی ئەمریكا بووەتە مایەی خێر بۆ توركیا، بەوتەی بەرپرسانی ژووری بازگانیی ئێران، وڵاتەكەیان لەپێنج مانگی ئەمساڵدا بەبەهای 464 ملیۆن دۆلار كاڵای رەوانەی ئەوروپا كردووە لەكاتێكدا توركیا هەر لەو ماوەیەدا 40 ملیار دۆلار كاڵای هەناردەی ئەوروپا كردووە بەوەش ئەو وڵاتە 87 هێندەی ئێران كاڵای رەوانەی ئەوروپا كردووە.
تەنها یەك رۆژ دوای كۆتایی دوایین خولی دانوستانەكانی ڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا بۆ گفتوگۆ ئەتۆمییەكان نرخی هەر دۆلارێك لەبازاڕەكانی ئێران لە 32 هەزار تمەنەوە بۆ 31 هەزار دابەزی بۆیە گومانی تێدا نییە رێككەوتنی ئەتۆمیی لانیكەم باری گرانی ئابوریی لەسەر شانی دانیشتوانی ئێران كەمتر دەكاتەوە.
ئەگەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەبێتە هۆی دووبارە دەستپێكردنەوەی یاسای فرۆشی نەوت و غازی ئێران كە پێشتر ساڵانە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار داهاتەكەی بووەو هاوكات ئەو وڵاتە دەتوانێت دەستبكاتەوە بەبازرگانیی لەگەڵ ئەوروپاو ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی جیهان.
بانكی جیهانی لەنوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاشكرای كردووە كە ئێران لەسێ ساڵی رابردوودا زۆرترین هەڵاوسانی ئابوریی لەمێژوی وڵاتەكەیدا تۆمار كردووە ئەگەر گۆڕانكاریی لە داهات و سیاسەتی ئابوریی ئەو وڵاتەدا روونەدات ئەوە بەتەواوەتی لەگەشەی ئابوریی دەوەستێت.
ئێران پلانی هەبووە دوای رێككەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی 2015 ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكەی بۆ 7% دابەزێنێت بەڵام ئاستی ئێستای هەڵاوسانەكەی دەگاتە 52 بۆ 85 لەسەدا.
سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەچەندساڵی رابردوودا وایكردووە بانكی ناوەندیی ئێران نەتوانێت ئاڵوگۆڕی دراو لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان بكات و هەر ئەوەش وایكردوە بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە تالێواری هەڵدێر ببات و بەوتەی بەرپرسانی ئەو بانكە: لەسێ ساڵدا ئاستی هەڵاوسان لە 12% بۆ زیاتر لە 40% بەرزبووەتەوە.
دوای ئەوەی ئەمریكا لەساڵی 2018 لەرێككەوتنی ئەتۆمیی كشایەوە زیاتر لە (122) ملیار دۆلاری ئێران لەبانكەكانی جیهان بلۆككراو دوای دوو ساڵ لەهەوڵەكانی تاران تەنها چوار ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی ئێران گەڕایەوە كەئەگەر رێككەوتنی ئەتۆمیی جارێكی دیكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو پارەیە ئازاد دەكرێت و ئاهێك بەبەری ئابوریی ئێراندا دەكاتەوە.
شەوی دووشەممە (15/8/2022) ئێران بە فەرمی وەڵامی پێشنیارەكانی ئەوروپای دایەوە بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەڵام جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەكانی یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ ستایشی وەڵامدانەوەكەی تاران، رایگەیاند؛ ناتوانێت ناوەڕۆكی وەڵامەكە ئاشكرابكات و ئەوان تەنها دەیانەوێت لایەنەكان لەیەكتر نزیك بكەنەوە.
ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای رادەستكردنی وەڵامی وڵاتەكەی بۆ ئەوروپا رایگەیاندووە؛ تاران خوازیاری پابەندبوونی لایەنەكانە بەبەردەوامبونی رێككەوتنی ئەتۆمیی و لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە دڵنیایی بدرێت كە جارێكی دیكە هیچ لایەك لە رێككەوتنەكە نەكشێتەوە.
بەرپرسانی تاران بەبەردەوامیی جەختیان لەدوو داواكاری كردوە كەیەكێكیان بریتیە لەوەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەلیستی تیرۆر دەربهێنرێت و داواكاریی دوەمیشیان ئەوەیە چیتر بەئاڵوگۆڕ لەدەسەڵاتەكان لەناوخۆی ئەمریكا تاكلایەنە بڕیار لەكشانەوە لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە نەدرێت وەك ئەوەی دۆناڵد ترمپ سەرۆكی پێشوی ئەو وڵاتە لەساڵی 2018 كردی.
رۆبەرت مالی، پسپۆڕی ئەمریكی بۆ كاروباری ئێران رایگەیاندوە: كێشەی سەرەكیی ئەوەیە تاران داوای كردووە نابێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چیتر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بخاتە ژێر گومانەوە و پاشگەزببێتەوە لەچاودێرییە وردەكانی وێستگە ئەتۆمییەكان.
مالی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: ئەگەر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پاكانە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەرببڕێت ئەوا ئەمریكا واژۆ لەسەر رێككەوتنەكە دەكات، بەڵام ئێران و ئاژانسی ئەتۆم ناكۆكیان هەیەو ئاژانس پێداگریی دەكات كەئێران وردەكارییەكانی ئەم دواییانەی زیادكردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 5% بۆ 60% ئاشكرانەكردووەو رادەستی ئەو ئاژانسەی نەكردووە.
ئێران داوای داخستنی سێ دۆسیەی لەئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كردووە كە بەپێی راپۆرتەكان سێ وێستگەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە یۆرانیۆمی پیتێنراوی نایاسایی و تەشەنەكراوی تێدا بەدی كراوە.
ئەو بەرپرسەی ئەمریكا وتوویەتی» تا ئەوكاتەی واشنتۆن و تاران لەسەر هەموو شتەكان رێككنەكەون وەك ئەوە وایە لەسەر هیچ شتێك رێككنەكەوتبن».
لەلایەكی دیكەوە: جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندوە: هیچ بڕگەو بابەتێكی دیكە نەماوە بۆ دەقی ئەو رەشنووسەی بەمەبەستی گەڕانەوەی لایەنەكان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی ئامادەكراوە تەنها ئەوەی ماوەتەوە واژۆكردنی لایەنەكانی بەشداری ناو رێككەوتنی ئەتۆمییەكەی ئێران و (ئەمریكا، روسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا + ئەڵمانیا)یە.