دەزگای ئابووریی عیراقی ئایندەی، دوێنێ ئاشکرای کرد، کە عیراق لە ساڵی رابردوودا 2021، بە بەهای زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار زەرەرمەند بووە بەهۆی گەندەڵی و ئەو بەفیڕۆدانی پارەیەی لە دەروازە سنوورییەکاندا هەیە.
مەنار ئەلعوبەیدیی، سەرۆکی دەزگاکە لە راگەیاندراوێکدا وتی: حەوت وڵات قەبارەی هەناردەکردنیان بۆ عیراق لە ساڵی 2021 ئاشکراکردووە، کە دەگاتە 37 ملیار دۆلار، بەپێی راپۆرتی فەرمیی گومرگی ئەو وڵاتانە.
ئەلعوبەیدی راشیگەیاند: لەبەرانبەردا دەستەی گومرگی عیراقیی بەپێی ئەو داتایانەی بڵاوی کردوونەتەوە، بە گشتی قەبارەی هاوردەکردنی گەیشتوهتە 16ملیار دۆلاری ئەمریکی، بەڵام قەبارەی هاوردەکردنی عیراق لەگەڵ ئەو عەوت وڵاتەدا گەیشتوهتە حهوت ملیار دۆلاری ئەمریکی و بڕی 30 ملیار دۆلاری ئەمریکیی جیاوازی هەیە.
روونیشی کردەوە، کە ئەو جیاوازییە زۆرە ئاماژەیە بۆ بڕی ئەو کەلوپەلە تۆمارنەکراوانەی لە دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان و رێگای نافەرمییەوە. ئەمەش زیانی زیاتر لە سێ تریلیۆن دیناری لە عیراق داوە.
جێگای ئاماژەیە ئەلعوبەیدی ئاماژەی بەوەش دا، کە “بانکی ناوەندیی عیراقیی لە ساڵی 2021دا، زیاتر لە 37 ملیار دۆلاری ئەمریکیی فرۆشتووە، کە زۆربەی بۆ هاوردەکردنەکان بووە بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندیی”.