لەسەر بانگهێشتنامەی کۆنسوڵی یۆنان لە هەرێمی کوردستان، شاندێکی بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و کشتوکاڵی سلێمانی گەشتنە ووڵاتی یۆنان.
دابان نەجمەدین، ڕێکخەری پەیوەندیەکان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەئامادەبونی سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور و یاسین رەحیم فەرەج، جێگری سەرۆک، و ژماریەک لە ئەندامانی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و عەزیز سەعید ڕەشید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و زیاتر لە ٥٠ کۆمپانیا و خاوەنکاران، بەمەبەستی بەشداریکردن لە پێشانگای کشتوکاڵی و خۆراکی و پیشەسازی و بیناسازی و ئەنجامدانی چەند دیدارێکی تایبەت و واژۆکردنی لێکتێگەشتنی کاری هاوبەش شاندێکی بازرگانی شاری سلێمانی ٥/١٠ لەسەر داوای کۆنسوڵیەتی یۆنان لە هەولێر گەشتینە ئەو ووڵاتە”.
وتیشی “بازرگانان و پیشەسازان و وەبەرهێنەرانی سلێمانی بۆ یەکەمینجارە لەسەر بانگهێشتنامەی ووڵاتی یۆنان، بە سەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی ئەو ووڵاتە دەکەن بۆ بەشداریکردن لە پێشانگای کشتوکاڵی و خۆراکی و بیناسازی و ئەنجامدانی واژۆکردنی لێکتێگەشتنی کاری هاوبەش لەگەڵ چەند لایەنێکی دیاریکراو”.
ئامانج لەم سەردانە لەنزیکەوە دانیشتنە لەگەڵ بازرگانان و خاوەنکاران بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی کاری بازرگانان.
دابان ئاماژەی بەوەشدا لەسەردانەکەماندا بۆ ووڵاتی یۆنان چەند بەرپرسێکی ئەو ووڵاتە دەبینین کەپەیوەستن بەکاری بازرگانیەوە تا بتوانین بازرگانیەکی چالاکانە ئەنجام بدەین.
شاندە بازرگانیەکەی شاری سلێمانی کە سەردانی ووڵاتی یۆنان دەکات لە بوارەکانی بازرگانی خۆراک و پیشەسازی و کشتوکاڵی و وەبەرهێنان و پەلەوەر و بیناسازی لەخۆدەگرێت.
بڕیارە لە ووڵاتی یۆنان یاداشتنامەی لێکتێگەشتن واژۆ بکرێت لەگەڵ ( زەهێلێکسپۆ) کە ڕێکخەری پێشانگاکانی ووڵاتی یۆنانە وە لێکتێگەشتنێکی دیکە لەگەڵ ژووری بازرگانی (سالۆنیک) بۆ مەبەستی کاری هاوبەش و بەردەوامی کارکردن پێکەوە واژۆبکرێت.
شاندەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی زیاتر لە (٥٠) کۆمپانیای لەخۆدەگرێت لەبوارە جیاوازەکانی بازرگانی گشتی و کشتوکاڵی و وەبەرهێنان و پیشەسازی پەلەوەری نوێنەری کاسبکارانی عەلوە و سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگەپەلەوەریەکان و بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بەشدارن.