ئەمڕۆ سێشەممه وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاوی بە شاندێكی بانكی نێودەوڵەتی كەوت، دووپاتی كردەوە كە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری سیستەمی دارایی و بانكی لە هەرێمی كوردستان.
وەك لە راگەیندراوێكی وەزارەتەكە هاتووە، ئەمڕۆ سێشەم ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێم پێشوازی لە شاندێكی بانكی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا كرد، بە سەرۆكایەتی جۆن كریستۆفەر كارێ، بەڕێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیای بانكی نێودەوڵەتی و شاندی هاوەڵی.
وەزیری دارایی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندەكە دەربڕی و كورتەیەكی لەسەر كار و چالاكییەكانی وەزارەت لە بواری بەدیجیتاڵیكردنی سیستمی بانكەكان و دابەشكردنی مووچەی خانەنشین و فەرمانبەران بە شێوەی ئەلكترۆنی و رێكخستنەوەی سیستمی خەرجی بە شێوازی ئۆنلاین و زیادكردنی شەفافیەت و كەمكردنەوەی رۆتین پێشكەش كرد.
لای خۆیەوە شاندی میوان ستایشی هەنگاوەكانی وەزارەتی دارایی كرد لە بواری شەفافیەت و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان، داوایان كرد پێوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەبێت بە مەبەستی هاوئاهەنگی و هاوكاری لە بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بانكی و دارایی و بەرزكردنەوەی توانای ستاف و كارمەندانی وەزارەت لە بوارە جیاجیاكاندا.
لە كۆتایی دیدارەكەدا وەزیری دارایی رای گەیاند كە هەنگاوەكانی دروستكردنی بانكی نیشتمانی، وەك لقێكی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كورستان، لە قۆناغی كۆتاییدایە و بە كردنەوەی ئەو بانكە سیستمی بانكی لە هەرێمی كوردستان قۆناغێكی باش دەچێتە پێشەوە، هاوكات ئامادەیی ستافی وەزارەت و هەموو بەڕێوبەرایەتییەكانی دەربڕی بۆ هاوكاری و هاوئاهەنگی بەردەوام لەگەڵ ستافی بانكی نێودەوڵەتی، بۆ كاری پێكەوەیی و زیادبوونی شەفافیەت و بەرەوپێشبردنی سیستمی بانكی و دارایی لە هەرێمی كوردستان.