ئاراس عەبدولکەریم
نرخی نەوت رۆژ بەڕۆژ لەبەرزبونەوەو هەڵکشاندایە، ئەمەش بۆ وڵاتێکی وەک عێراقو کوردستان کە نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتیانە، دەکرێ مایەی خۆشبەختی یاخود بەدبەختیان بێت!
ژمارەیەکی زۆر لەشارەزاو بیریارانی ئابوری زۆرجار ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری پاشکەوتوویی ئابوری عێراق بونی نەوتێکی زۆرو زەبەندە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر عێراق نەوتی نەبوایە چ چارەنوسێکی دەبوو؟ ئایا لەڕووی ئابورییەوە لەئێستای پێشکەوتووتر دەبوو؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پەیوەندی بەڕوانینی ئێمەوەیە بۆ نەوتو چۆنیەتی بەکارهێنانی داهاتی نەوت، ئەوەی کە نەوت بۆ وڵاتێک دەبێت بەنەفرەتو بەڵا یاخود خۆشبەختیو رەفاهیەت، پەیوەستە بەچۆنیەتی سیاسەتو شێوەی بەڕیوەبردنی نەوتو سوودوەرگرتن لەداهاتی نەوتەوە، هەروەک دەیبینین کە نەوت بۆ هەندێک وڵات فاکتەری گەشەو پێشکەوتن بووەو بۆ هەندێک وڵاتی دیکەش ئاستەنگ.
نەرویج نمونەیترین شێوەی بەڕێوەبردنی نەوتە لەجیهاندا، کە دوای ئەوەی لەساڵی 1969 نەوتی تیا دۆزرایەوە، ئەم وڵاتە نەیویست وەک زۆرێک لەوڵاتانی دیکە بەر نەفرەتی نەوت بكەوێتو توشی “نەخۆشی هۆڵەندی” بێت. نەهات نەوت بکات بەسەرچاوەی سەرەكی داهاتو هەناردەكردنی لەسەر حسابی سێكتەرەكانی تر، بەڵکو نەرویج هات سندوقی سەروەریی دامەزراند بۆ نەوەكانی ئایندە لەداهاتی نەوت، ئەم وڵاتە هەر لەسەرەتاوە خاوەنی ستراتیژییەكی هەمەلایەنە بوو بۆ پشتبەستن بەكارو بەرهەمهێنان، نەك بەپشتبەستن بەداهاتی نەوت.
کەواتە لەعێراقو کوردستانیشدا کەموکورتییەکە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بەخراپی شێوەی بەڕێوەبردنی نەوتو داهاتی نەوتەوەیە، بۆ نمونە لە ١٠ ساڵی نێوان روخانی رژێمی سەدام تا سەرهەڵدانی داعشو قەیرانی ئابوریدا، نرخی نەوت لەترۆپکدا بو، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لەسەروو ١٠٠ دۆلارەوە دەفرۆشرا، عێراقو کوردستانیش بەهۆی فرۆشی نەوتەوە داهاتێکی زۆریان دەستکەوت، بەڵام کێشەکە لەوەدا بوو کە بڕیاربەدەستان وایاندەزانی نرخی نەوت هەروا بە بەرزیی دەمێنیتەوەو سیاسەتێکی ناتەندروستیان پەیڕەو کرد، لەبەرئەوەی دووربین نەبوونو بەشێکی ئەم داهاتەیان پاشەکەوت نەکرد بۆ رۆژی رەشو وەک پێویست بەکاریاننەهێنا بۆ بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری، بەڵکو هاتن حکومەتێکی گەورەو قەبەیان لێدروستکردو هەزاران کەس کە زۆربەیان پێشتر خەڵکێکی بەرهەمهێن بوون کران بەموچەخۆرو داهاتی نەوت لەسایەی نەبونی پلانو بەرنامەیەکی تۆکمەدا بەفیڕۆ دراو ئایندەی وڵاتیان خستە ناو چاڵە نەوتەكانەوە، لەبری ئەوەی نەوت وەك سەرچاوەیەكی گرنگی داهات بخرێتە خزمەت سیاسەتێكی نیشتیمانیی ئایندەساز كە خۆمانو نەوەكانیشمان خێروبێرەكەی بچنینەوە.
ئێستا لەبەردەم هەلێکی دیکەیدان بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتەوە، زۆر گرنگە بڕیاربەدەستانی كەرتی نەوت سوود لەو ئەزمونەی رابردوو وەربگرنو ئەمجارەیان سیاسەتێکی تەندروست پەیڕەو بکەنو لەخەمی ئایندەی ئەم وڵاتەو نەوەکانی داهاتوودا بن، ئەمجارەیان قازانجی درێژخایەنی وڵات نەکەن بەقوربانی قازانجی بازرگانیی کورتخایەن.
ئێمە بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی گەورەمان لەئەستۆدایە بەرامبەر بەنەوەکانی ئایندەمان کە چ وڵاتێکیان بۆ بەجێدەهێڵین، نەوتو داهاتی نەوت، چەند مافی ئێمەی بەسەرەوەیە، هێندە زیاتریش مافی نەوەکانی ئایندەی ئێمەی بەسەرەوەیە، بۆیە زۆر گرنگە هەموو داهاتی نەوت بەوشکیو سەوزیی نەخۆین، بەڵکو ئەرکی هەمومانە لەخەمی ئایندەی ئەم وڵاتەدا بینو نەوت وەك سەرچاوەی داهاتی نیشتیمانی ببینینو وەك بنەمای پلانێكی ئابوری بۆ هاولاتیانی ئێستاو نەوەکانی ئایندەشمان وەبەرهێنانی تێدا بكەین.