ئا: زریان محەمەد
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات لەمساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار هاتوونەتە سلێمانیو بەراورد بەساڵی پار کەرتی گەشتیاریی لەسلێمانی زۆر گەشەی کردووە، ئەو دەڵێت “لەماوەی یانزە مانگی ئەمساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی دوو ملێۆن گەشتیار ڕویان لەشاری سلێمانی کردووە، کە لەسەدا ۸٥ی گەشتیارەکان لەشارەکانی ناوەڕاستو خواروی عێراقەوە هاتون”.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئارام شوانی لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” راگەیاند لەماوەی یانزە مانگی ئەمساڵی ٢٠٢٢دا ئەوگەشتیارانەی ڕویان لەشاری سلێمانی کردووە یەک ملیۆنو ۹٠٤ هەزارو ۳۸۳ کەس بووە، تا کۆتایی مانگی دوانزەش پێشبینی دەکەن بگاتە زیاتر لەدوو ملێۆن گەشتیار، ئەو وتی “هاتنی ئەو گەشتیارانە لەڕێگەی دەروازە سنوریەکانو فڕۆکەخانەو بازگەکانەوە تۆمار کراوەو لەو ڕێژەیە لەسەدا ۸٥ی بەگەشتیاری شارەکانی خواروی عێراق دەخەمڵێندرێتو ئەوەی دەمێنتەوە لەوڵاتانی دراوسێو جیهانەوە هاتون”.
وتیشی “هاتنی ئەو گەشتیارانە جوڵەیەکی باشی خستۆتە ناو بازاڕو هۆتێلو ڕێستۆرانتو شوێنە گەشتیارییەکانی شاری سلێمانیو لەهەموو وەرزەکاندا شاری سلێمانی گەشتیاری تایبەت بەخۆی هەیەو ڕودەکەنە ناوچە گەشتیاریەکانو لەلایەن خاڵە سنوریەکانەوە کارئاسانی تەواو بۆ گەشتیاران دەکرێتو ڕێزیان لێدەگیرێتو بەخێرایی بەڕێدەکرێن”.
ئارام شوانی جەغتی لەوە کردەوە کە کەرتی گەشتیاریی سلێمانی لەمساڵدا زۆر گەشەی کردووە بەراورد بەساڵی ڕابردوو، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ کرانەوەی خەڵکی شارو نەمانی مەترسیی کۆرۆناو ئەمنیەتو سەلامەتی لەپارێزگاکەدا.
راشیگەیاند” خۆشبەختانە لەئێستادا کێبڕکێکەی بەهێز بەدی دەکرێت لە نێوان خاوەن کۆمپانیا گەشتیاریەکان و هۆتێلەکانی شاری سلێمانی بۆ هێنانی گەشتیاران کەئەمەش وایکردووە هاتنی گەشتیاران لە ماوەی ئەم یانزەمانگەدا بەراورد بە پارساڵ ۲٠۲۱ زیاتربێت”.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا لەشاری سلێمانی بەهۆی زۆری ناوچەی گەشتیارییو سروشتی جوانی ناوچەکە، گەشتیاران حەزێکی زۆریان بۆی هەیە کە ئەمەش وایکردووە بازاڕێکی باش لەناوچەکەدا هەبێتو بەردەوام پشتیوانی لەگەشتیاران بکەن، ئەو وتی “زۆرترین گەشتیار کە دێنە شاری سلێمانی ڕودەکەنە هاوینەهەواری دوکانو ئەحمەدئاوا کە شوێنی گەشتیاریی دڵڕفێنن، هەروەها شوێنی گەشتیاریی دەستکردو سروشتیمان هەیە وایکردووە گەشتیاری زۆر سەردانی بکەن”.
سەبارەت بەتوانای شاری سلێمانی لەگرتنەخۆی گەشتیار ئەوەی رونکردەوە کە سلێمانی توانای ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری هەیە لەڕووی هۆتێلو چێشتخانەو شوێنە گەشتیارییەکانو مانەوەیان، کە دەتوانێت لەیەککاتدا 25 هەزار گەشتیار لەخۆبگرێت، ئارام وتی “بەردەوام رێستۆرانتو کافتریا لەکردنەوەدان ئەمساڵی ٢٠٢٢ تا ئێستا ٦٥ شوێنی تازە کراونەتەوەو هەندێک جاریش شوێن هەیە دادەخرێت، بەڵام ئامارەکان بەهەمو شێوەیەک شوێنی گەشتیاریی لەزیادبوندایەو بەکۆی گشتی لەشاری سلێمانی زیاتر لە ۱٦٠٠ مۆڵەت دراوە بەڕێستۆرانتو مۆتێلو هۆتێلو کافتریاو شوێنی گەشتیاریی، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە بۆ ئێمە، پشتیوانی تەواوی هەمو پڕۆژەیەکی گەشتیاریی دەکەین لەسنوری پارێزگای سلێمانی”.
دەربارەی پلانی کارکردنیان بۆ ساڵی تازە، ئارام شوانی وتی “ئێمە زۆر بێ پارەین بودجەمان نیەو دەسەڵاتیشمان نیە، کە ئەمانە نەبوو هیچمان پێناکرێت، چەندین بازرگان هەوڵی کردنەوەی هۆتێلی پێنج ئەستێرە دەدەن لەڕێگەی وەبەرهێنانەوەو هەوڵەکان بۆ کردنەوەی شوێنی گەشتیاریی بەردەوامە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە، هەموو پشتیوانییەک بۆ ئەو کەسانە هەیە کە دەیانەوێت پڕۆژەی گەشتیاری بکەن”.
وتیشی “شاری گەشتیاریی دوکان یەکێکە لەپڕۆژە گەورەکانی گەشتیاریی کە بەردەوامە لەکارکردنو پشتیوانی تەواوی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەیە، هەمو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە شاری سلێمانی لەگەڵ ئەوەی شاری ڕۆشنبیرییە ببێت بەشارێکی گەشتیاریی لەهەموو لایەکەوە گەشتیار سەردانی بکات، لەبەرئەوەی کەرتی گەشتیاری سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە دەتوانرێت وەک یەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکان پشتی پێببەسترێت ئەگەر پەرەی پێبدرێت”.