لەسەر رێنمایی وەزارەتی تەندروستی ئێران گەشتكردنی هاووڵاتیانی بیانی بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەی دوو هەفتە مەرجدار دەكرێت.
كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە زاری سەركونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، ئاگاداری تەواوی خوازیارانی وەرگرتنی ڤیزای ئێران دەكاتەوە، لەسەر رێنمایی وەزارەتی تەندروستی كۆماری ئیسلامی ئێران، به مەبەستی رێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی كۆرۆنا (ئۆمیكرۆن)، پێدانی ڤیزای گەشتیاری و زیارەتی لە ئەمڕۆ شەممە 25ی كانوونی یەكەمی 2021وە بۆ ماوەی دوو هەفتە رادەگیرێت، بەم هۆیەوە گەشتی هاووڵاتیانی بیانی لە بەرواری ئاماژە پێكراو بۆ ماوەی 15 رۆژ تەنها بۆ ئەم گرووپ و ئەو كەسانەی خوارەوە رێگەپێدراو دەبێت:.
1-ئەوانەی مۆڵەتی مانەوەیان (اقامە) لە كۆماری ئیسلامی ئێران دا هەیە.
2- ئەوانەی ڤیزای خوێندنیان هەیە، (خوێندكاری قوتابخانە ئایینیەكان، خوێندكارانی زانكۆكانی كۆماری ئیسلامی ئێران).
3- ئەوانەی ڤیزای چوونە ژوورەوەیان هەیە (بۆ بازرگانەكان)
4- ئەوانەی ڤیزای مافی كاركردنیان هەیە.
5- ئەوانەی ڤیزای چارەسەری نەخوشیان (دەرمان) هەیە.
6- ئەوانەی ڤیزای وەبەرهێنانیان هەیە.
7- ئەوانەی مۆری چوونەدەرەوە و سەردانی كردنی پۆلیسی كۆچ و پاسپۆرتیان هەیە.
لە راگەیەندراوی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاماژە بەوەشكراوە، تەواوی هاووڵاتیانی بیانی به مەبەستی گەشتكردن بۆ ئێران لە گشت سنورە فەرمی زەمینی، دەریایی و ئاسمانیەكانەوە پێویستە كارتی وەرگرتنی ڤاكسین (كە 15 رۆژ بەسەر ژەمی دووەم دا تێپەڕبووبێت) و هەروەها پشكنینی نێگەتیڤی كۆرۆنایان ( PCR ) پێ بێت كە ماوەیەكەی كەمتر لە 96 كاتژمێر بێت.