يەکێتی ژوورە بازرگانییەكانی عێراق، کۆڕبەندیکی بازرگانی و پیشەسازی لە سەر ئاستی عێراق ئەنجامدەدات بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ڕێكاری گومرگی و ئاسانكاری دەستخستنی دۆلار بۆ بازرگانانی هاوردەكار کە لەوڵاتانی دەرەوەی عێراق هاوردەی کاڵاو شتومەک دەکەن.
يەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەکانی عێراق لە نوسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کراوە ئاماژە بەوە دراوە، لەدوای ئەو بڕیارانەی دراوە بۆ بەهێزکردنی ئابوری عێراق و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ هەستانەوەی بازرگانی و پێشکەوتنی داهاتویەکی گەش بۆ گەلەکەمان.
کۆڕبەندەکە لە ڕێکەوتی ٤ـ٦ مانگی سێ لەشاری بەغداد ئەنجامدەدریت لە هۆتێل مریدیان (فلستین)هەموو بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداری بکەن و پێشنیار و کێشەکانی بەردەم کاری بازرگانی بخەنەڕوو بۆ چارەسەرکردنیان و بڕیاردان لەسەر کارئاسانیکردن بۆیان.
ئاماژە بەوەشداراوە، یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق بڕیاریدا بە ئەنجامدانی کۆڕبەندێکی هۆشیاری بە سەرپەرشتی بانکی مەرکەزی عێراقی و بانکە گشتیەکانی عێراق و بە ئامادەبونی هەموو بازرگانان و پیشەسازەکان لە تەواوی شارەکانی عێراق کە لە بواری بازرگانی کاردەکەن.
لە کۆڕبەندەکەدا وەزارەتەکانی بازرگانی و بانکی مەرکەزی و بانکەگشتیەکان و گومرگ و باج بەشداری تێدا دەکەن.