‎لەسەر داوای ژووری بازرگانی سلێمانی وەزارەتی دارای لێخۆشبون لەقەرزی باج درێژکردەوە

‎ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە نوسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی دارای کردووە بۆ ماوەیەک بڕیاری لێخۆشبون لەقەرزی باج درێژبکاتەوە.

‎ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەنوسراوی بەژمارە ۱۷۸٥٤۱ لە ڕێکەوتی ۱۹/۹/۲٠۲۲ کە ئارستەی وەزیری دارای حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە تیایدا داوا دەکات” وەزارەتی دارای رەزامەندی بفەرمێت بە لێدەرکردنی ڕۆژە پشوەکان لەماوەی ئەو سێ مانگەی کە ڕایگەیاندبوو بۆ لێ خۆشبون لەقەرزی باج”.

‎لەنوسراوەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیدا ئاماژە بەوەشکراوە” درێژکردنەوەی ئەم بڕیارە سودی دەبێت بۆ کۆکردنەوەی داهاتێکی زیاتر بۆ خەزێنەی گشتی و هاندانێک بۆ باجدەران کەوا باجی خۆیان ڕێک بخەنەوە و لە داهاتودا لەکاتی خۆیدا باجی خۆیان بدەن وە دەبێتە هۆکاریک بۆکەرتی تایبەت و باج دەران بەگشتی”.

‎حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ۲٠۲۲/٦/۱٥ بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی باج.

‎كه‌مال وه‌رتی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و خانووبه‌ره‌ی میری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،ڕایگەیاند تا مانگێكی دیكه‌ هاووڵاتیان ده‌توانن سوودمه‌ندبن له‌ بریاری لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی باج.

‎كه‌مال وه‌رتی روونیكرده‌وه‌، باج مافێكی گشتییه‌ و به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان له‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت خه‌رجده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، یه‌كه‌مینجاره‌ له‌ مێژووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا حكومه‌ت بەتەواوی پشت به داهاتی خۆی ببەستێت بۆ گشت خه‌رجییه‌كان و دابینكردنی مووچه‌.

‎سه‌باره‌ت به‌ رێژه‌ی باج، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و خانووبه‌ره‌ی میری وتی، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا باج زیادنه‌كراوه،‌ به‌ڵكو هه‌ندێك له‌ مادده‌ یاساییه‌كانیش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر هاووڵاتیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌مواركراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ته‌نها رێكار و میكانیزمه‌كانی وه‌رگرتنی باج رێكخراونه‌ته‌وه‌ بۆ رێگریكردن له‌ گه‌نده‌ڵی و خۆدزینه‌وه‌ له‌ پێدانی باج.

‎هه‌روه‌ها وتی، 80%ی ئه‌و داهاته‌ی باج كه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌ ته‌نها له‌ دوو هه‌زار كۆمپانیا وه‌رگیراوه‌ و 20%ی داهاته‌كه‌ی دیكه‌ی باج له‌ ملیۆن و نیوێك باجده‌ر كه‌ هاووڵاتیانی ئاسایین وه‌رگیراوه‌، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باج له‌سه‌ر چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و كۆمپانیا گه‌وره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو جێبه‌جێكراوه‌.

‎كه‌مال وه‌رتی باسی له‌وه‌شكرد، له هەرێمی کوردستان باج 5%ـی بودجە پێکدێنێت كه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌ بەراورد به وڵاتانی ناوچه‌كه‌ زۆر کەمتره.

‎پێشتر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بریاریدابوو، ھەر كەس و كۆمپانیایەك كه‌ قه‌رزی باجیان له‌سه‌ره‌، ئه‌گه‌ر له‌ 90 رۆژدا بۆ حكومه‌تی بگه‌ڕێننه‌وه‌، ئه‌وا له‌ زیاده‌ و سزاكانی دواخستن خۆش ده‌بێ، دواتر بۆ سوودمه‌ندبوونی هاووڵاتیان جارێكی دیكه‌ ئه‌و بریاره‌ی بۆ 90 رۆژی دیكه‌ درێژكرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژی (20ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، دوا رۆژ بوو بۆ سوودمه‌ندبوون له‌و بڕیاره‌، به‌ڵام بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژانه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو كه‌وتنه‌ رۆژانی پشووه‌وه‌، بریاردرا بۆ ماوه‌ 30 رۆژی دیكه‌ هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان له‌و بریاره‌ سوودمه‌ندبن.