بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربون لەڕەوشی بازرگانیو پیشەسازی لەشاری سلێمانی حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی کۆبویەوە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیو ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور ۲۱/۸/۲٠۲۲ پێشوازیان کرد لە بەڕێز حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لەسەرتای کۆبونەوەکەدا سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: شاری سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی لەڕووی بازرگانیو پیشەسازیەوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە توانیویەتی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم وەرگرێت وەک چالاکترین ژوور بۆ چالاکی و بەرەو پێشچونی کارەکان و خێرا ڕاپەڕاندنی کارە بازرگانی و پیشەسازیەکان.
راشیگەیاند: ژووری بازرگانی سلێمانی گەورەترین پرۆژەی گەنجینەی پێشکەوتوی دروستکردووە کە لەسەر ئاستی عێراق بەباشترین کوالێتی دروستکراوە و دەبێتە ناوەندێکی گەورەی هەڵگرتنی خۆراک و پێداویستی و کاری بازرگانی و دابەشکردنی خۆراک بەتەواوی عێراقدا، بازرگانانی شاری سلێمانی پەیوەندیەکی باشیان هەیە لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان بۆ هاوردەکردنی هەمو جۆرە کاڵ و پێداویستیەک بەمەش توانیویانە نەهێڵن کەمی خۆراک و پێداویستی لە شاری سلێمانیدا هەبێت .
سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، شاری سلێمانی لەڕوی پیشەسازیەوە توانیویەتی پێشەنگی خۆی لەدەست نەدات و چەندین کارگەی بەرهەم هێنانی نوێی و پێداویستیەکانی پیشەسازی دابمەزرێنن بەتایبەت کارگەی شیش و چیمەنتۆ کە بەتەواوی بازاری ناوخۆی پڕدەکەنەوە و هەناردەی شارەکانی خواروی عێراق دەکرێت وە تواندراوە لەڕوی کشتوکاڵ و پەلەوەرەوە شاری سلێمانی پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت توانای بەرهەم هێنان لەو کەرتانەدا بەرەو زیادبون بڕوات و خواستی ناوخۆ پڕکەنەوە و هەناردەی لێ بکرێت.
حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند: حۆشحاڵ بوین بەوەرگرتنی خەڵاتی ڕێزلێنانی ژووری بازرگانی سلێمانی وەک چالاکترین ژوور ئەوەش دەرخەری ئەوەیە توانیوتانە کارە بازرگانی و پیشەسازیەکان بەسەرکەوتوانە بکەن .
راشیگەیاند: ژووری بازرگانی لەهەموو جیهاندا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، کاری بازرگانان و پیشەسازان ئاسان دەکات و خێرا رایدەپەڕێنیت حکومەت پێویستە گوێ لە ژوورە بازرگانیەکان بگرێت چونکە شارەزای تەواویان هەیە لەکاری بازرگانی و بەرەو پێشبردنی کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی.
ئاماژەی بەوەشدا: ڕەوشی سیاسی کاریگەری هەیە لەسەر گواستنەوەی کاری بازرگانی لە شارەکانی هەرێمەوە بۆ خواروی عێراق بەشێکی زۆری هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستیەکان لە مەرزەکانی هەرێمەوە دەچنەوە بۆ خواروی عێراق ئەمەش بەهۆی زۆری باچ لە مەرزەکان.
لەکۆتای قسەکانیدا جەختیکردوە: پشتیوانتان دەبین بۆ کارە بازرگانیەکان و پێشخستنیتان لەکارە پیشەسازیەکان تەبای و یەکگرتوی خۆتان گرنگە بۆ بەرەو پێشبردنی کاری بازرگانی و پیشەسازی لە شاری سلێمانی.