بەئامادەبونی قوباد تاڵهبانی، جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی هەرێم و نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و شێنێ ئیختیار جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و بەرپرسانی فەرمانگە حکومیەکان و بازرگانان و وەبەرهێنەران و خاوەن کاران، یەکەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان بەڕێوەچوو.
ئامانج لە کۆڕبەندەکە پەرەپێدانی کارسازی و پشتگیریکردنی گەنجانی کارساز و داهێنەرە لە بوارە جیاجیاکاندا، کۆڕبەندەکە دەبێتە پردێکی پەیوەندیی و رەخساندنی دەرفەت بۆ کاری هاوبەش و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوان کارسازان و گەنجانی داهێنەری هەرێم و وڵاتانی جیهان.
لە کۆڕبەندەکەدا داهێنان و بیرۆکەی نوێ لە بواری کارساز خرایە ڕوو هاوکات هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی بەشدار لە کۆڕبەندەکە دەدرێت بۆ وەبەرهێنان لەسەر داهێنان و بیرۆکە نوێیەکان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان له وتاری دهستپێكی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی لە سلێمانی رایگەیاند: “خۆشحاڵم ئەم كۆڕبەندە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، چونكە سلێمانی هەمیشە پێشەنگ بووە لە دەستپێشخەری و داهێنان و رووبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و ئێمەش لەپێناوی داهێناندا كۆبووینەتەوە”.
راشیگەیاند: “خۆشحاڵم لەگەڵ ئەكادیمیست و مامۆستایانی زانكۆ و كەسانی سیاسی و وەبەرهێنەران لێرە كۆبووینەتەوە، پێكەوە بە كۆكردنەوەی ئەو توانا و پسپۆڕیانە رووبەڕووی ئاڵنگارییەكان دەبینەوە، پێویستە بەربەستەكانی بەردەم بازاڕو هەلی كار بدۆزینەوەو چارەسەری زیرەكیان بۆ بدۆزینەوە، بەبڕیارو ئەنجامەوە كۆڕبەندەكە بەجێبهێڵین”.
وتیشی: “نەهاتوینەتە ئێرە تەنها باس لە یەك بابەت بكەین یاخود گوێ لە گلەیی بگرین، بەڵكو بۆ چارەسەركردنی ئاڵەنگارییەكانی بەردەم ئابووریی و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان وعیراقیش، لێرەین”.
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی راگەیاند: “راستە كێشەمان زۆرە، كێشەی ئەمنی، ئابووری، سیاسی بەڵام من دڵنیام ئێمە زاڵدەبین بەسەر ئەو كێشانەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، راستە ناتوانین وەك نەیارەكانمان بەهێزبین، بەڵام دەتوانین زیرەكتر بین”.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەربارەی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان ڕایگەیاند” بەگرنگەوە لەم کۆنفرانسە دەڕوانین پشتیوانی تەواو لەو داهێنانە دەکەین کەلەلایەن کەسانی بەتواناوە لەپارێزگای سلێمانی کاری لەسەرکراوە”
راشیگەیان” لەناو پارێزگای سلێمانی توانایەکی گەورە هەیە بۆداهێنان و بەرەوپێشچونی بوارە جیاوازەکان بۆیە گەشبینین بۆ بەگەڕخستنی تەواوی ئەو داهێنانەی لەلایەن کەسانی بەتوانان و شارەزاوە خراونەتەبەردەم هەموان”.