یەدەگی دراوی عێراق لە بانكی ناوەندی، بەهۆی كاریگەرییەكانی كۆرۆنا دابەزیبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، زیادی كردووە و بانكی جیهانیی باس لەوە دەكات، تەنیا لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا قەبارەی یەدەگەكە پێنج ملیار دۆلار زیادی كردووە.
بەپێی ئامارێكی بانكی جیهانی، یەدەگی دراوی بانكی ناوەندی عێراق لە ساڵی 2020 بریتی بوو لە 54 ملیار دۆلار، بەڵام تا كۆتایی چارەگی یەكەمی ئەمساڵ بۆ 58 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە.
ئەگەر كێشەكانی كەمیی كارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری نەبووایە، رێژەكە بەرزتر دەبوو. هەر بەپێی ئامارەكانی بانكی جیهانی، بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی عێراق لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2021 نزیكەی 1% گەشەی كردووە.
جێی باسە نرخی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەردەوام رووی لە هەڵكشان بووە، لە عێراق كە ئابوورییەكەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، داهاتەكەی زیاد دەكات. 99%ی هەناردەی عێراق نەوتە و 85%ی بودجەی ساڵانەی ئەو وڵاتە، پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
بەگوێرەی مێدڵست، تەنگژەی دارایی ساڵی رابردوو لە عێراقدا، حكوومەتی ئەو وڵاتەی ناچار كرد بۆ یەكەم جار لەوەتەی ساڵی 2003ەوە، بە بڕیارێك نرخی دینار بەرانبەر دۆلار بە رێژەی 20% دابەزێنرێت و لەم رێیەوە كورتهێنانی بودجەی پێ پڕ بكرێتەوە.
حكوومەتی عێراق ئەمساڵ لە دوو لاوە قازانجی كردووە، یەكەم ئەوەیە ئەركی دارایی دابینكردنی مووچەی بە دابەزاندنی نرخی دینار لەسەر شانی خۆی سووك كرد، لەلایەكی تریشەوە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت داهاتەكانی بەڕێژەیەكی بەرچاو هەڵكشاند.