وەزیری دەرەوەی یۆنان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێی راگەیاندووە، “کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا”.
ئەمڕۆ شەممە 09-04-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی لە یۆنانە لەگەڵ نیکۆس دێندیاس، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی وزە و پێگەی کوردستان لەڕووی نەوت و گازەوە کراوە و وەزیری دەرەوەی یۆنان ئاماژەی بەوە داوە کە “کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا”.
لە وەڵامدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کردووە کە رۆژی 15-02-2022 هەناردەکردنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان بە “نادەستووری” ناوبرد. قوباد تاڵەبانی لەو بارەوە گوتوویەتی، “راستە دەرفەتی مێژوویی لەبەردەم کوردستاندایە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوت و گاز ناکۆکن، هەربۆیە پێویستە سەرەتا کێشە یاساییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستا و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن”.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باسی هاندانی کۆمپانیا یۆنانییەکان کراوە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و لەو بارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردووەتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی تەواو دەکات بۆ وەبەرهێنەرانی یۆنانی کە دەیانەوێت لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا وەبەرهێنان بکەن.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان، وەزیری دەرەوەی یۆنان بەڵێنی دا بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەکات.
پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لایەنە عێراقییان لێکتێگەیشتنیان زیاتریان هەبێت و بەردەوامیدان بە ناکۆکییەکان نەک تەنها پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت دوادەخات بەڵکو سەقامگیریی عێراقیش دەخاتە مەترسییەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنوجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و دابان شەدەڵە، جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.