ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە جەنگی ئۆکرانیا کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان نابێت، ئەو دەڵێت “لەم ساتەوەختەدا کە یەکێک لەگرنگترین بەرهەمهێنەرانی گەنم لەجیهاندا لەئاگری جەنگدا دەسوتێت، باشترین هەلە بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە بۆ دابین کردنی نانی رۆژانەمان پشت بە بەرهەمی گەنمەکەی خۆمان ببەستین”.
یاسین رەحیم فەرەج، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەرۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند چاوەڕوانن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لەم رووداوە گەورەیەدا کە هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە خه‌م ساردانه مامەڵه له‌گه‌ڵ ئەم پرسه‌دا نەکات، کە بەشێکی گەورەی وڵاتانی ناوچەکەو جیهان بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە خەمو دڵەڕاوکێی ئەوەیانە روبەڕوی مەترسی کەمی گەنم‌و نان ببنەوەو هەر لەئێستاشەوە لەچەند وڵاتێک‌دا سەرەتاکانی دەرکەوتوە، ناوبراو وتی “چاوەڕوانین جەنگی ئۆکرانیا خەمێکی دیکە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان زیاد نەکاتو حکومەتی هەرێم به‌رپرسیارانه مامەڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسەدا بکات، لەبەرئەوەی هێشتا هەرێم رۆژگاری لەچەند کێشەو گرفتێکدا بەسەردەبات، چه‌ند ساڵێکه موچه‌ی هاوڵاتیان دوا ده‌که‌وێت، زستانێکی سارد تێپەڕیو زۆربەی هاوڵاتیان هێشتا به‌رمیلێک نه‌وتیان وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌وه‌ی له‌ئۆکرانیا روودەدات له‌ڕووی مرۆییه‌وه جێگه‌ی داخ‌و نیگه‌رانییه، ئۆکرانیا له‌ڕووی بازرگانیه‌وه گرنگییەکی زۆری هه‌یه له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، کۆمه‌ڵێک کەرەسەو شمەک‌و کاڵا هه‌نارده‌ی وڵاتانی ناوچەکەو جیهان ده‌کات، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، لەبەرئەوە پێشبینی دەکرێ ئەم جەنگە کاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچەکەو هه‌رێمی کوردستانیش تا ئەندازەیەک هەبێت، ئێمه کۆمه‌ڵێک بازرگانمان هه‌یه وه‌کاله‌تی کۆمپانیا ئۆکرانییه‌کانیان هه‌یه، ئه‌و ئارده‌ی له‌تورکیاو ئێرانه‌وه دێته کوردستان گه‌نمه‌که‌ی لهروسیاو ئۆکرانیه‌وه ده‌هێنن، زۆرێک له‌و زه‌یتانه‌ی له‌بازاڕه‌کاندا هەن لهئۆکرانیهوه بهکەشتی یان ته‌نکه‌ری گه‌وره ده‌فرۆشرێت بهئێرانو تورکیا‌و له‌وێوه لۆگۆ‌و لیبڵی خۆیانی لێده‌ده‌ن‌و ده‌ینێرن بۆ هه‌رێمی کوردستان، رەنگە ئەم جەنگە کرخی ئەمجۆرە کاڵا گرنگانە تا رادەیەک بەرز بکاتەوە”.
وتیشی “به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی خۆشحاڵییه بۆ هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌یه ئێمه ساڵانه بڕێکی زۆر گه‌نم به‌رهه‌م ده‌هێنین، کە زیاد لەپێویستی خۆمانەو جوتیارانی کوردستان ده‌یفرۆشن به‌حکومه‌تی عێراق، هەرچەند چه‌ند ساڵێکه شایسته داراییه‌کانیان دوا ده‌که‌وێت، لەم ساتەوەختەدا کە یەکێک لەگرنگترین بەرهەمهێنەرانی گەنم لەجیهاندا لەئاگری جەنگدا دەسوتێت، باشترین هەلە بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە بۆ دابین کردنی نانی رۆژانەمان پشت بە بەرهەمی گەنمەکەی خۆمان ببەستین، کار لەسەر ئەوە بکرێت ئه‌و گه‌نمه بکرێت به‌نان، لەڕێگەی توێژینەوەی زانستییەوە پەرەی پێبدرێو ئەگەر کەموکورتییەکیش هەبێت لەرووی زانستییەوە هەوڵی چارەسەر کردنی بدرێت، چونکە ئەمە باشترین‌و تەنها رێگەیە بۆ ئەوەی نان‌و قوتی ژیانی خه‌ڵک پارێزراو بێت”.
یاسین رەحیم جەغتی لەوەش کردەوە کە ناکرێت لەدنیایەکدا رۆژ بەڕۆژ نرخی نان‌و خۆراکە پێویستەکان لەبەرزبونەوەدانو جەنگو پەتاش هەڕەشەی لەسەر گەیاندن‌و زیاتر گرانبونیان دروست کردووە ئێمە کەمتەرخەم بین لەوەی پەنا ببەینە بەر بەکارهێنانی گەنمی خۆمان بۆ نان، ئەو وتی “له‌هەرێمی کوردستان‌و عێراقیش تاکو ئێستا ئاردو گه‌نمی تورکی به‌کارهاتووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاردی تورکی پەسەندترو پێزی زۆره‌و به‌کارهێنانی بۆ نان ئاسانه، هەرچەندە لەڕاستیدا ئاردی گه‌نمی خۆمان لەڕووی کوالێتییەوە له‌سه‌رجه‌م ئارده‌کانی تر بەسوودترو باشتره، به‌ڵام پێزی که‌مه‌و ناتوانرێت ئاسان به‌کاربهێنرێت بۆ نان”.
وتیشی “چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه لایەن پەیوەندیدارەکان‌و ناوەندە زانستییەکانو بازرگانان‌و خاوه‌ن کارگه‌کانی ئارد کۆببنه‌وه‌و قسە لەسەر ئەوە بکەن کە چۆن کار لەسەر ئەوە بکرێت پێزی ئاردی کوردستان زیاتر بکرێت، بۆ ئەوەی پێویستیمان بەهاوردەکردنی ئارد نەبێت، لەبەرئەوەی خۆمان خاوەنی بڕێکی زۆر لەم کاڵا ستراتیجییەن”.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی ئۆکرانیا لەئاستێکی بەرزادا نییە، لەبەرئەوە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بازاڕەکانی هەرێم نابێت، ئەو وتی “زۆربه‌ی کاڵاو شمه‌که سه‌ره‌کییه‌کانی ئۆکرانیا راسته‌وخۆ نایه‌ته هه‌رێمی کورستان، به‌ڵکو له‌ڕێگه‌ی ئێران‌و تورکیاوه دێت به‌لۆگۆی ئه‌وانه‌وه، زۆربەی ئەو شمەکانە لەدەستی دوون دەکڕدرێن، ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌ئۆکرانیاوه دێت کەرەسەکانی جوانکاریی‌و که‌مالیاتی ژیانه، لەبەرئەوە ئه‌گه‌ر قه‌یرانیش له‌سه‌ر ئاستی جیهان روبدات بەهۆی ئەم جەنگەوە، هێشتا راگرتنی کاڵاکانی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، کاریگهرییەکی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان نابێت”.
وتیشی “له‌سه‌رده‌می بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، وه‌کو ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی که یه‌کێکه له‌ژووره بازرگانییه چالاکه‌کان، بەردەوام له‌گه‌ڵ بازرگانان‌و خاوهنکارانو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەپەیوەندیدا بوین‌و توانیمان رێگەنەدەین بازاڕ کەمی کاڵاو گرانیی پێوە دیار بێ، پێداویستی بازاره‌کانمان بەکاڵاو شتومه‌ک پڕ کرده‌وه، خۆشبه‌ختانه ئێستا زۆربه‌ی بازرگانان کۆگاو گه‌نجینه‌کانی هەڵگرتنو گلدانەوەیان هێناوه‌ته‌وه هه‌رێمی کوردستان‌و بێخەمترین ئێستا، ئەوەی زیاتریش مایەی خۆشحاڵییە بازاڕی کوردستان خۆی نه‌به‌ستۆته‌وه به‌ئێران یان تورکیا یان ئۆکرانیا، ئێستا به‌راورد به 10 ساڵی رابردوو بازاڕی کوردستان ده‌وڵه‌مه‌ندتره، بازرگانان بەئەزمونترنو له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان په‌یوه‌ندی بازرگانیمان هه‌یه”.