گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغداد راگیران

بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بەردەوامی خۆڵبارین، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ کاتێکی نادیار راگرت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، ئاگاداری گەشتیاران دەکەینەوە بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بەردەوامی خۆڵبارین و کەمبونەوەی ئاستی بینین بۆ 500مەتر گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکە راگیراون.

ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی دو هەفتەیە چەند شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ زۆرینەی پارێزگاکانی عێراقی گرتوەتەوە و بەو هۆیەوە چەند جارێک فڕۆکەخانەکانی بەغداد، سلێمانی، هەولێر گەشتەکانیان راگرتوە.

رۆژانە ئاسمانی عێراق زیاتر لە600 گەشتی فڕۆکە بەخۆیەوە دەبینێت کە دەوروبەری 120گەشتیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادەوە ئەنجامدەدرێت.

بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشوهەوا، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی لەدوێنێوە جارێکی دیکە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراقی گرتوەتەوە تا سبەی پێنجشممە بەردەوام دەبێت.