كۆمپانیایه‌كى ڕاوێژكاریی تایبه‌ت به مه‌ترسییه‌كانی سەر كەرتی وزە ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سێ وڵات، كە عێراق یەكێكیانە، به‌هۆی گۆڕانی ئاووهەوا و به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رماوە هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر یه‌ده‌گى نه‌وتیان هه‌یه.
كۆمپانیاى “ڤێریسك ماپلێكرۆفت” كه كۆمپانیایه‌كى ڕاوێژكاریی تایبه‌ت به مه‌ترسییه‌كانی سەر كەرتی وزەیه، ڕایگه‌یاندووه، زیاتر له 600 ملیار به‌رمیل نه‌وتى یه‌ده‌گ له جیهاندا هه‌ن، 40%ی ئەو نه‌وتەی توانای دەرهێنانی هەیە، ڕەنگە بەهۆی گۆڕ‌انى ئاووههواوە مەترسی لەسەر دروستببێت.
ڕوونیشیكردووەتەوە كە ئەو گۆڕانەی ئاووهەوا بریتییە لە به‌رزبوونه‌وه‌ى شه‌پۆله‌كانى دەریا و زەریاكان و ڕەشەبا و لافاو و به‌رزبوونه‌وه‌ى زۆری پله‌كانى گه‌رما، كە كاردەكەنەسەر یەدەگی نەوت بەتایبەت لە هەرسێ وڵاتى سعودیه، عێراق و نایجیریا كە زۆرترین مه‌ترسی له‌سه‌ر یه‌ده‌گى نه‌وتیان هه‌یه.
ڕۆری كلیسپی، شرۆڤه‌كارى كاروبارى ژینگه له كۆمپانیای “ڤێریسك ماپلێكرۆفت” ڕایگه‌یاندووه، دۆخەكە وایلێدێت كە ئەو ڕووداوانە بەشێوەیەكی توندتر چەند بارە ببنەوە. ئاشكرایدەكات كە 10%ی یەدەگی نەوت دەكەوێتە ئەو ناوچانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە، یەك لەسەر سێشی لە ناوچەكانی مەترسیی زۆر زیاتردایە.
توێژەرانی كۆمپانیاكە دەڵێن، سعودیە كە گه‌وره‌ترین هەناردەكاری نه‌وته له جیهاندا، كاریگه‌رییه‌كانى كەرتی نەوت لەسەری بریتین لە بەرزبوونەوەی زۆری پله‌كانى گه‌رما، كه‌میى ئاو و خۆڵبارین و ئەوانەش خاڵى لاوازى ئه‌و وڵاتەن كە مەترسین لەسەر نەوتەكەی.
مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر نایجیریاش، كه دووه‌م گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وته له ئه‌فریقا، وشكبوونەوە و لافاون.
ڕاپۆرتی كۆمپانیای “ڤێریسك ماپلێكرۆفت” باس لەوە دەكات كە ئەو كۆمپانیایانەی یەدەگی نەوتیان لە ناوچەكانی گۆڕانی ئاووهەوادا هەن، ڕووبەڕووی ڕووداوی وێرانكەر دەبنەوە و ڕەنگە تێچووی دەرهێنانی نەوت هێندە بەرزببێتەوە كە ناچاریان بكات دەرهێنانی نەوت ڕابگرن.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، مەترسیی ڕووداوەكان لە ناوچە زۆر هەستیارەكاندا زیاتر دەبن و بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوت ڕووبەڕووی دیاردەی توندی ئاووهەوا دەبنەوە، كە توانای بەرگەگرتنیان نابێت و بەو تایبەتمەندییە دروستنەكراون كە بەرگەی دۆخی لەو جۆرە بگرن.