لهڕاپۆرتێکدا گومرگی پارێزگای سنە ئاشکرای دهکات که هەناردە لە مانگی 3 تاوەکو مانگی 7ی ئەمساڵ لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 26٪ کەمبووەتەوە، هاوکات ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێرانی عێراقی رایگەیاند، هەناردەی وڵاتەکی بۆ عێراق لە چوار مانگدا گەیشتووەتە دوو ملیار 398 ملیۆن دۆلار.
لهوبارهیهوه خەلیل حەیدەری، چاودێری گومرکەکانی پارێزگای سنە رایگهیاندووه: لە ماوەی ئەو 4 مانگەدا بایی 276 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەل لە دەروازەی باشماخەوە هەناردە کراوە؛ لەسەر بنچینەی کێشیش 596 هەزار تۆن هەناردە کراوە کە ئەویش 28٪ کەمتر بووەتەوە.
بازرگانانی دەروازەی سنووریی باشماخ لە کۆبوونەوەی رۆژی 21-08-2022 لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای سنە دابەزینی هەناردەیان بۆ کۆمەڵێک هۆکار گەڕاندەوە، لەوانە دەستوەردانی هێزی پاسەوانی سنووری ئێران، بوونی دامودەزگای جۆراوجۆر لە دەروازەکە، کەمیی سووتەمەنی بۆ بارهەڵگرەکان، کێشەی قاچاخچی و نەبوونی تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتیی ستاندارد.
ئهمه لهکاتێکدایه پێشتر محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی پارێزگای سنە ڕایگهیاندبوو: دەروازەی سنووریی باشماخی مەریوان ناڕێکی و کێشەی زۆری هەیە؛ ئەم کێشانە دوای 15 ساڵ لە بەنێودەوڵەتیبوونی دەروازەکە هێشتا چارەسەر نەبوون.
پێشتریش ژووری بازرگانیی سنە هۆشداریدا بوو ئەگەر دۆخی دەروازەی سنووری باشماخ رێکنەخرێت و باشتر نەکرێ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو دەروازەیەوە دادەبەزێت و بازرگانەکان روو لە دەروازە سنوورییەکانی دیکە دەکەن.
لهلایهکی ترهوه ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێرانی عێراقی رایگەیاند، هەناردەی وڵاتەکی بۆ عێراق لە چوار مانگدا گەیشتووەتە دوو ملیار 398 ملیۆن دۆلار.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فارسی ئێرانی، جیهانبەخش شیرازی سکرتێری ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێرانی عێراقی رایگەیاندووە، هەناردەی وڵاتاکەی بۆ عێراق لە چوار مانگدا 6 ملیۆن و 932 هەزار تۆن بووە و لەسەر ئاستی ساڵانە %37 کەمیکردووە. کە بەهای کاڵای هەناردەکراوی ئێران 2 ملیار و 398 ملیۆن دۆلار بووە و لەسەر ئاستی ساڵانە %15 بۆ %17 کەمیکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا، ئێران نزیکەی 11 ملیۆن تۆن کاڵای بە بەهای 2.817 ملیار دۆلار هەناردەی عێراق کردبوو.