د.بڕوا خالید
پسپۆڕ لە زانستی خۆراك
”کەس لە دوای خۆت بەجێمەهێڵە” دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی جیهانی خۆراکە، کە ساڵی 2022 بەساڵی قەیرانەکان لەقەڵەم دراوە بەهۆی بەردەوامی پەتای کۆرۆناو گۆڕانی کەش و هەواو وشکەساڵی و زیادبونی نرخی خۆراك و ناکۆکی و گرژی نێوان وڵاتان ناسەقامگیری سیاسی بەتایبەت (کێشەی ڕوسیاو ئۆکرانیا ) هەروەها قەیرانی ئابوری و نرخی جیهانی نەوت و کانزاکان.
هەموو ئەم ئاڵەنگاریانە کاریگەریان هەبووە و هەیە لەسەر ئاسایشی خۆراك لە جیهاندا بە جۆرێک ملیۆنان کەس لە دۆخی نائارامی و نا ئاسایشی خۆراکیدان کە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی(فاو) چەندین داتای سەیر و مەترسیداری بڵاوکردۆتەوە بۆ نمونە 40% دانیشتوانی جیهان کە ئەکاتە 3.1 بلیۆن کەس بەدەست نەبونی خۆراکی تەندروستەوە گیرۆدەن یان ڕۆژانە 30000 کەس بەهۆی ناسەقامگیری و شەڕ و کێشەی نەتەوەی و ڕەگەزی و ئاینی و کلتوری کۆچ دەکەن و زێدی خۆیان جێدێڵن ، وە نزیکەی 160 ملیۆن منداڵ خەریکی کارکردنن بۆ پەیداکردنی قوتی ڕۆژانە بەهۆی سەختی گوزەران و بژێویانەوە .
هەموو ئەم کێشانە مەترسی برسێتی و بەدخۆراکی زیاتر و زیاتر دەکات ، لەهەموی خراپتر ئەوەیە گەورەترین زیان بەر ئەو گوندنشینانە و ناوچەکانیان و ئەو خەڵکانە دەکەوێت کە پشتیان بەستوە بەکاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و سەرچاوەسروشتیەکان بە هۆی کارەساتی دەستکردی مرۆڤەکان و کارەساتە سروشتیەکانەوە ، جگە لە نەبونی پاڵپشتی و هاوکاری ماددی و تەکنەلۆجی و زانستی بۆیان .
بۆیە مرۆڤایەتی بەرامبەر قەیرانە جیهانیەکان وەکویەک بەرپرسیارە و پێویستی بەهاوکاریی و پاڵپشتی یەکتری هەیە لەسەرتاسەری جیهاندا چونکە تێکچونی هاوسەنگی لە هەر بەشێکی گۆی زەوی کاریگەری دەبێت دورونزیک لەسەر بەشەکانی تری و پچڕان لە زنجیرەی ژیان و مرۆڤایەتی دروست ئەبێت بۆیە: بەرهەمهێنانی باشتر ، خۆراکی باشتر ، ژینگەیەکی باشتر، ژیانێکی باشتر ، ئەو ئامانجانەیە کە زامنی مانەوەی مرۆڤایەتی دەکەن ئەمانەش بە باشکردن و تۆکمەکردنی سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراکی دێتە دی.