کێشەکانی گەنمی ناوخۆو رێگەچارەکانی

ئا: وەسفی خه‌لیل

دوای دوو قەیرانی خۆراکی جیهانی لەئەنجامی بڵاوبونەوەی نەخوشی کۆرۆناو چەنگی نێوان روسیاو ئوکرانیاو لەڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاتی مێژوویی، ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کۆبونەوەیەکی تایبەت بەگەنمی ناوخی ساز کرد.

کۆبونەوەکە بەئامادەبونی چەندین لایەنی پەیوەندیدار ساز کرا، وەک ئەندامی لیژنەی ئابوری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ‌و وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی‌و نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری دروستکراوی دانەوێڵە، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی‌و جوتیارێکی نمونەیی بواری گەنم‌و دکتورێک لەکۆلیژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی، خاوەن دوو کۆمپانیای دروست کردنی ئاردو بەڕێوەبەڕی سایلۆی سلێمانی‌و چەند جوتیارێکی نمونەیی‌و شارەزا.
سەرەتا سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی بەخیرهاتنی میوانەکان کرا، دوای ئەوە ئەجندەی کۆبونەوەکە خرایەڕو کە بریتی بوو لەدوو تەوەرە، کواڵتی گەنمی ناوخۆ (بڕشتی‌و بەپێزی)و چۆنیەتی بەبازاڕ کردنی.

ئەمەی خوارەوە پوختەی کۆبونەوەکەیە:

١/ لەتەوەری یەکەم دکتور عوسمان تیشکی خستە سەر جۆری ئەو بنەتۆوانە کە لەلایەن جوتیارانی کوردستان بەکاردێت، بەنیگەرانییەوە باسی نەگوجاندنی ئەو بنەتۆوانەی کرد لەبەرئەوەی بەبێ ئاگارداری لایەنە پەیوەندیدارەکان دێنە کوردستان، بێ ئەوەی بەتاقیکردنەوەی توێژینەوەدا تێپەڕێن دەگاتە دەستی جوتیاران. ئەمەش بوەتە مایەی ئەوەی کوالێتی گەنمەکە باش نەبێت‌و بڕشتی کەم بێت. باسیشی لەوە کرد ئەوان خاوەن چەند جۆرێک بنەتۆوی دروستکراوی خۆیانن، بەڵام لەبەرئەوەی هەماهەنگی نیە لەنێوان کۆلیژەکەیان‌و وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆیە تا ئیستا کاری لەسەر نەکراوە. هەروەها باسی لەکەمکوڕی لەپێداوستی زیادکردنی بەرهەم کرد، وەکو ئامێری پیشکەوتوو نەبونی رێنمایی بۆ جوتیاران.
٣/ شێخ عمر، بازرگانی ئاردو خاوەن کارگەی ئارد، باسی گرفتەکانی هاوردەکردنی پێداویستی کشتوکاڵی کرد، کە وایکردوە کاریگەری خراپی لەسەر بڕی بەرهەمهێنان‌و کوالێتی گەنمەکەش هەبێت.
٤/ حسێن محەمەد کەریم بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵ لەوەزارەت باسی لەدەستپێشخەری وەزارەت کرد سەبارەت بەدانانی پلانێک بۆ وەرگرتنی ئەو گەنمە زیادەیەی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وەرنەگیرا، بۆ ئەوەی لەڕێی دوو کۆمپانیای ناوخۆ وەربگیرێ. باسی لەوەش کرد بۆ دروستکردنی ئاردو بۆ بەپیشەسازیی کردنی بەشیوەیەک کار بکرێت تا جوتیارانان زەرەرمەند نەبن، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە بەهۆی وشکەساڵی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
٥/ نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی بازرگانی تیشکی خستە سەر پەیوەندی نێوان وەزارەتی بازرگانی هەرێم‌و عێراق‌و رایگەیاند ئەوان تەنها بەرنامەی وەزارەتی بازرگانی عێراق جێبەجێ دەکەن سەبارەت بەوەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەبڕو جۆری گەنم‌و نرخی پلەکانی. ئاماژەی بەوەش کرد لەبەر کەمی بەرهەمی ئەمساڵ، پێشنیاری ئەوە دەکەین گەنم لەدەرەوە هاوردە بکرێت لەلایەن کەرتی تایبەت‌و لەکارگەکانی خۆمان بکرێتە ئارد.
٦/ جوتیاری نمونەیی شێخ جەمال لەچەند روویەکەوە سکاڵای خۆی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بەتایبەت لەڕووی جۆری بنەتۆو رێنمایی نەکردنی جوتیاران بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی کێڵگەکەی. باسیشی لەخراپی گەنمی ناوخۆ کرد لەڕووی بێ پێزی‌و جەختی کرد لەوەی بنەتۆوی گەنمی دەرەوە بێ کەڵکە. ئاماژەی بوەش کرد گەنمی خۆمان زۆ ئەدورێتەوە ئەمە ئەبێتە هۆی خراپی ئاردەکەی.
٧/ سیروان محەمەد. سەرۆکی ژوور پێشنیاری ئەوەی کرد بۆ هاندانی جوتیار نرخی وەرگرتنی گەنمی پلەی یەک بەگرانتر وەربگیرێ.
٨/ نەسرین بەڕێوەبەری دروستکراوی دانەویڵە زیاتر باسی لەخراپی ئەو گەنمە کرد کە وەریدەگرن، بەوپێیەی ڕێژەی گلۆتینی زور نزمە، ئەم گەنمە بەڕێنمایی وەزارەتی بازرگانی عێراق وەردەگیرێ. دوپاتی کردوە ئەو گەنمەی وەریدەگرن بەسەوزی وەردەگیرێ، ئەمەیش کێشە بۆ ئاردەکەی دروست ئەکات، لەکاتێکدا بۆ ئەوەی گەنمی خۆمان بەکاربێت دەبێت لە٦٠٪ی تێکەڵ بکرێت لەگەڵ گەنمی دەرەوە تا گلۆتینی بەرز بێت. زۆر گلەیی لەوزارەتی بازرگانی ناوەندی کرد لەبەر پشتگوێ خستنی داواکاری هاوڵاتیانی کوردستان، داوایشی کرد نوێنەرانی کوردستان لەبەغدا کار بکەن لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکانمان. هەروەها لەڕێی وزارەتی بازرگانی عێراق گەنمی دەرەوە هاوردە بکەن‌و لەئاشەکانمان بکرێتە ئارد، جەختیشی کرد لەسەر ئەوەی زیاتر لەچل مادە بەکاردێت بۆ ئەو ئاردەی لەدەرەوە دێت‌و ئاماژەی بە پێویستی چاودیری کردنی ئاردی هاوردە کرد.
٩/ حاجی رێبوار لەلیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی پارێزگا باسی لیژنەیەکی کرد لەسەر ئاستی پارێزگای سلیمانی بەمەبەستی بشکنینی کوالێتی ئاردی هاوردە کە زۆر جار باسی ئەوە ئەکرێ مادەی ژەهراوی تێدا بەکارهێنراوە، بەڵام ئێستا تاقیگەیەکی باوەڕپێکراوی بێلایەنیان پەیدا نەکردووەو باسی لەوە کرد لەئایندەیەکی نزیک ئەو کارە ئەنجام ئەدەن‌و بۆیان دەردەکەوێ راستی‌و دروستی ئەو قسەیە، ئەو کاتە پەڕاشکاوی ئاگاداری خەڵک‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەکەن لەباشی‌و خراپی ئاردی هاوردە.
١٠/ کامەران، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی جەختی لەسەر ئەوە کرد بەرپرسیاریەتی کێشەی دابین کردنی ئارد لەسەر حکومەتە. هەروەها ئاماژەی کرد بەوەی گەنمی ناوخۆ کێشەی نیەو باسی ئەوەی کرد رۆڵی سایلۆ تەنها عەمبارکردنی ئاردە. هەروەها ئاماژەی بەکێشەی نەخوشیەکانی گەنمی کرد بەتایبەت سن‌و کیسەڵە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ کەمترخەمی وەزارەتی کشتوکاڵ.
١١/ زاهیر زانا نوێنەری کۆمپانیای قەیوان، ئاماژەی بەوە کرد ئەوان لەبری بەشی ئاردی بایەعی کار ناکەن جەختیشی کردوە ئێمە مەبەستمان نییە دەست بەسەر بازاڕ بگرین، بەڵکو تەواکەریی ئەوانین. باسی لەبەرنامەی داهاتووی خۆیان کرد کە خزمەتێکی باش دەکەن بەشارەکەو بەجوتیاران، هەر لەم ساڵەوە بنەتۆویان دابەش کردوە بەسەر هەندێ جوتیار بەمەبەستی وەرگرتنی بەرهەمەکەیان سەرکەوتوو بووە. هەروها ئاماژەی بەوە کرد گەنمی باشورو ناوەڕاست باشترە لەگەنمی خۆمان هکارەکەشی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای تازەیە بۆ ئاودان.
١٢/ سۆران بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەی بەبازاڕکردن ئەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لەگەنمی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، ئەمەیش وایکرد لەلایەن بازرگانەکانی ناوەڕاست‌و خوارووی عێراق گەنمە زیادەکە بکڕدرێت‌و لەسایلۆکانی باشور رادەست بکرێت. لەلایەکی ترەوە گرنگی دا بەئاردی ناوخو بۆ ئەوەی هانا نەبەین بۆ هاوردە کردنی ئاردی دەرەکی، ئەویش بەخستنەگەڕی کارگەکانی ئاشی ناوخۆ. هەروەها ئاماژەی بەنزمی کوالێتی بەرهەمی ناوخۆ کرد، ئەویشی گەڕاندەوە بۆ کەمترخەمی جوتیاری خۆمان‌و داوای کرد گەشە بەهوشیاری کشتوکاڵی لەناو جوتیاران بدرێت لەلایەن فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵەوە. هەروەها داوای دابەش کردنی دەرمانی کۆرو سن‌و کیسەڵەی کرد بۆ ڕیگە گرتن لەم نەخۆشیانە کە زیانێکی گەورەی لەکواڵتی گەنمی ناوخۆ داوە.
١٣/ لەکۆتایدا د.بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی ئابوری‌و پشەسازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەکارو چالاکییەکانی خۆی کرد لەلیژنەی ئابوری‌و بازرگانی‌و پیشەسازی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی چارەسەر کردنی کێشە ئابورییەکانی فەرمانگەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەندو ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ گەیاندنی کێشەکانی بەبازاڕکردنی گەنمی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەند بۆ ئەوەی پەیامەکان وەکو خۆی بگات