کۆکردنەوەی داهاتی تابلۆی بازرگانی‌و خۆڵ‌و خاشاک نیگەرانی دروستکردووە

ئا: زریان محەمەد

بەمەبەستی کۆکردنەوەو زیادکردنی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕسوماتی وەرگرتنی تابلۆی ڕیکلامی بازرگانی دوکان‌و شوێنە گشتیەکان‌و کۆکردنەوەی خۆڵ‌و خاشاک بەردەوام نیگەرانی کاسبکاران‌و بازرگانانی بەدوای خۆیدا هێناوە‌و وەرگرتنی ڕسوماتەکەش بەردەوامە.

زەردەشت ڕەفیق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی لەبارەی وەرگرتنی ڕسوماتی تابلۆ‌و خۆڵ‌و خاشاک لەشاری سلێمانی بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی ڕاگەیاند “بڕیاری کۆکردنەوەی داهاتی خۆڵ‌و خاشاک‌و تابلۆی سەر دوکان‌و بازاڕەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەساڵی ٢٠١٦ دەرکراوەو لەساڵی ٢٠١٧ چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

راشیگەیاند “وەرگرتنی روساماتی خۆڵ‌و خاشاک‌و تابلۆی بازرگانی لەشاری هەولێر لەساڵی ٢٠١٨ چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەشاری سلیمانیش وەک سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لەساڵی ٢٠١٩ چووە بواری جێبەجێکردنەوە، وەرگرتنی ڕسوماتی تابلۆی بازرگانی گەر لەسەر فلێکس کرابێت، ئەوا بۆ هەر مەتر دووجایەک ٣٠ هەزار دینارە، بۆ ئەو نوسینانەی کارەباین‌و جوڵاون بۆ هەر مەتر دووجایەک ١٢٥ هەزار دینارە، هەندێک لە خاوەنکاران‌و بازرگانان هەستاون بەلێکردنەوەی ئەو تابلۆیانە بۆ ئەوەی رسومات نەدەن”.

ئاماژەی بەوەشدا بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرکراوەو هەموو شارەکانی هەرێم دەگرێتەوەو جێ بەجێ دەکرێت‌و جیاوازی نیە، لەشاری سلێمانی لەڕێگەی سێ کۆمپانیاوە پارەکە کۆدەکرێتەوە، داهاتەکە لەسەدا ٩٠ی بۆ حکومەتی هەرێم دەڕوات، لەسەدا ١٠ بۆ کۆمپانیاکانە‌و لەسەدا ١٥ بۆ شارەوانی ئەو پاریزگایە دەبێت کە پارەکەی تیادا کۆدەکرێتەوەو دەتواندرێت بەکاربهێندرێت بۆپڕۆژەی خزمەتگوزاریی”.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی جەختیکردەوە “وەرگرتنی رسومات لەشاری سلێمانی‌و هەولێر بەردەوامە کۆمپانیاکان بەردەوامن لەکۆکردنەوەی ئەو داهاتە”.

بەشێک لەخاوەن دوکان‌و مارکیتەکان لەهەرێمی کوردستان نیگەرانن لەوەرگرتنی ئەو رسوماتەو پێیانوایە پێویست ناکات حکومەت ئەو پارەیە گەر دوکانیک ناوی دوکانەکەی نەنوسێت‌و بانگەشەی بۆ نەکات کارێکی ناشارستانییە لەبازاڕ‌و دوکانەکان دروست دەبێت‌و شوێنەکان ناناسرێت.

ئاوات کەمال، خاوەنی مارکێتێک لەشاری سلێمانی بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” وت “من زیاتر لە ١٠ ساڵە خاوەنی مارکێتم بەشێکی زۆری هاوڵاتیان سەردانم دەکەن‌و کاڵاکانیان دەکڕن‌و بون بەموشتەریم، ناوی بازرگانی مارکێتەکەم ناوبانگی دەرکردووە‌و بەشێوەی حەرفی بارز ناوی مارکێتەکەمم هەڵواسیوە، بەڵام لەساڵی ٢٠١٩‌وە کە بوە هۆی وەرگرتنی پارە لەلایەن حکومەتەوە وەک هەقی هەڵواسینی ناوەکەی بۆیە منیش ئەو جوانکاریەی کە کردومە هەمویم لابردووە تەنها بە پارچەیەک فلێکسی بچوک ناوەکەم هەڵواسیوە ئەوەش بۆتە هۆی ناشرین بونی مارکێتەکەم، وەرگرتنی ئەو رسوماتە وەک داهات بۆ حکومەت زیانی بەکاری ئێمە گەیاندووە”.

وتیشی “بەشێکی زۆر لەهاوڕێکانم کە وەک من سەرقاڵی کاری فرۆشتنی خواردن‌و ئەلکترۆنین، تەنها لەسەر جامخانەکانیان ناوی دوکانەکانیان نوسیوە، هیچ شتێکیان بەفلێکس‌و بەحەرفی بارز نەکردووە، لەبەرئەوەی بڕی وەرگرتنی ئەو پارە زۆرە، بۆیە هیوادارم حکومەت ئەو پارەیە وەرنەگرێت یان کەمتری بکاتەوە، تا هەمو دوکاندارێک بتوانێت بەشێوەیەکی جوان ناوی دوکانەکەی بنوسێت”.

ئەو دوکاندارە ئاماژەی بەوەش دا “کرێی کارەبا، کرێی ئاو، کرێی فڕێدانی خۆڵ هەموی لەسەرمان زیادیکردووە ئینجا پارەی ناوی دوکانەکەشی بێتە سەر بۆیە زۆر بێزارین لەکارکردن‌و نرخی هەموو شتومەکێک زیادیکردووە، حکومەتیش موچەی فەرمانبەرانی زیاد نەکردووە، ئەوەش کاری کردۆتە سەر کەسابەت‌و بازاڕمان بەتەواوی فرۆشمان کەمیکردووە”.

ئابوری ناسێک ئاماژە بەوە دەکات حکومەت بەردەوام باج زیاد دەکات پێویستە لێکۆڵینەوەی زانستی‌و مەیدانی بکات بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستا کە هەیە.

یوسف شەریف، شارەزای ئابوری لەبارەی دانانی باج لەسەر تابلۆی دوکان‌و بازاڕەکان بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” وتی “بەگوێرەی پێوەرە ئابوورییەكان وڵاتان لەكاتی تەنگژەی ئابووریدا بەتایبەتی بێبازاڕی‌و كەمبوونەوەی جوڵە بازرگانی‌و پیشەسازییەكان بۆ پشتگیری كردنی كەرتی تایبەت تا پاشەكشە نەكات لەگەشە‌و بوژاندنەوەی ئابووری، وەك چارەسەرێك بۆ ئەو بارودۆخە لێخۆشبوون‌و كەمبوونەوە بۆ باج‌و رسوماتەكان بكات، بەڵام ئەوەی كە ئێستا بەدی دەكرێت كەرتی تایبەت لەپاشەكشەدایە لەدوای ساڵی 2014‌و هەڵگیرسانی شەڕی داعشەوە، حكومەتیش بەردەوام باج‌و رسوماتی نوێ‌و ئەوانەی پێشتریش چەند بەرامبەر زیاد دەكات، رسوماتی هەڵواسینی تابلۆی ریكلامیش یەكێكە لەوانە، دەرنجامی ئەو هەنگاوانەی حكومەت پێشبینی دەكرێت لەساڵانی ئایندەدا ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیا‌و كارگە پاكتاو بكرێن‌و ڕێژەی بێكاریش بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بكات، پێویستە حكومەت لێكۆڵینەوەی زانستی‌و وردو مەیدانی بكات بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستا”.

وتیشی “ئەم جۆرە بڕیارانە لەوانەیە لەماوەی كورتدا سەرچاوەی داهات بێت بۆ حكومەت، بەڵام كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئایندەی كەرتی تایبەت‌و تەنانەت پارەدار كردنیی حكومەتیش لەماوەی دووردا”.

لەئێستادا شاری سلێمانی کراوە بەچەند زۆنێک لەڕێگەی سێ کۆمپانیاوە، مانگانە کرێی ریکلامی دوکان‌و شوێنە گشتیەکان کۆدەکرێتەوە.

JUT-Jimare-10-pdf-small