ڕێکەوتی ٢٨ی کانوونی دووەم 2025نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، محەمەد رەسوڵ، جێگری سەرۆک، سابیر ئەمین، جەوهەر ستار، بەهەمەن عوسمان، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازییان لە ئەندریو بایزڵی، کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد. ئەم دیدارە بە مەبەستی باسکردنی پەیوەندیە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردولا ئەنجامدرا.
لەم دیدارەدا، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، باسی لەوە کرد کە شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگیان هەیە لە بواری بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان، داوای لە کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا کرد کە هەوڵبدات بۆ هاندانی کۆمپانیا بەریتانییەکان بۆ وەبەرهێنان و کاری هاوبەشی لەم ناوچەیە. هەروەها، ئاماژەی بەوەشدا کە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئامادەیە هاوکاری و پشتگیری تەواوی کۆمپانیا بەریتانییەکان بکات بۆ کردنەوەی بازاڕ و دامەزراندنی کاری نوێ لە شاری سلێمانی.
سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەدا، شاری سلێمانی خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین و هاوچەرخترین پڕۆژەکانی گەنجینە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەم پڕۆژە گەورەیە کە بە گەنجینەی هاوچەرخ ناسراوە، لەسەر ڕووبەری 383 دۆنم بنیات نراوە و لە 605 گەنجینە پێکدێت، کە نیشانەیەکی گرنگە لە گەشەسەندنی ئابووری و پیشەسازی شاری سلێمانی، ئەم پڕۆژەیە بۆتە هۆی دروستکردنی فرسەتی نوێی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە و هاندانی وەبەرهێنانی زیاتر لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، شاری سلێمانی و پارێزگای سلێمانی لە ڕووی کشتوکاڵیشەوە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەهۆی خاکی بەپیت و کەشوهەوای گونجاویەوە. ئەم ناوچەیە بە بەرهەمهێنانی چەندین جۆری بەروبوومی کشتوکاڵی ناسراوە، کە چۆنێتی و چەندێتییەکی بەرزیان هەیە. ئەمەش وایکردووە پارێزگای سلێمانی ببێتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی پێداویستییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق.
سەرۆکی ژووە ئاماژە بەوەشدەکات، شاری سلێمانی، لە ڕووی گەشتیارییەوە، یەکێکە لە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە چەندین ناوچەی سرووشتی و کولتووری گرنگی هەیە و دەتوانرێت بە گەشتیاران بناسێندرێت. ئەم ناوچانە نەک تەنها سەرنجڕاکێشن، بەڵکو دەرفەتی گەشتیاری گونجاو پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی گەشتیاران سەردانی شارەکە بکەن و لە ڕووی کولتووری و سرووشتییەوە ببنە ئاشنا.
ئەندریو بایزڵی، کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵبوبەو زانیاریانەی کە لەسەر شاری سلێمانی و تواناکانی ئابووری و بازرگانی پێیدرا. ئەو باسی لەوە کرد کە شاری سلێمانی پێگەیەکی گرنگی هەیە لە بواری بازرگانی و پیشەسازی، کشتوکاڵی وەبەرهێنان و گەشتوگوزار، ئەمەش دەرفەتی گونجاوە بۆ کاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانییەکان.
بایزڵی هیوای خواست کە کاری هاوبەشی نێوان کۆمپانیا بەریتانییەکان و بازرگانانی شاری سلێمانی زیاتر بکرێت، و ئەوەشی ڕاگەیاند کە دەرفەتەکان زۆرن بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیە ئابوورییەکان لە نێوان هەردولادا. ئەو بەرەوپێشچوونەکان لە بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی، و بازرگانی لە شاری سلێمانی وەک هەلێکی گونجاو بینی بۆ هاندانی وەبەرهێنان و کاری هاوبەشی زیاتر.
کۆنسوڵی بەریتانیا لە دیدارەکەدا لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، باسی ئارامی و ئاسایشی شاری سلێمانی کرد. بە شێوەیەکی تایبەت باسی ئەوەشی کرد کە سلێمانی یەکێکە لە شارە ئارام و سەلامەتەکان لە سەر ئاستی عێراق.
ئەم دیدارە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان پارێزگای سلێمانی و بەریتانیا، و هاندانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری لە ناوچەکە.