بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربون لەکارە بازرگانی وپیشەسازی و وەبەرهێنان کۆنسوڵی گشتی ئیمارات لەهەولێر سەدانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و جێگرانی سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی پێشوازیانکرد لە بەڕێز احمد الضاهري، کۆنسوڵی گشتی ووڵاتی الامارات لە هەولێر.
سەرەتای کۆبونەوەکە بە پیرۆزبایکرنی کۆنسوڵی ئیمارات لەسەرۆک و دەستەی نوێی ئەندامانی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دەستیپێکرد.
احمد الضاهري، ڕایگەیاند” خۆشحاڵین بەدروستکردنی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ بازرگانان و پیشەساز و وەبەرهێنەرانی شاری سلێمانی، دەمانەوێت پیوەندیەکی کاری هاوبەش دروستبکەین لەنێوان هەردولادا دەمانەوێت هانی وەبەرهێنەرانمان بدەین سەردانی شاری سلێمانی یبکەن و کاری هاوبەش و وەبەرهێنان بکەن”.
راشیگەیاند” خۆشحاڵین بەسەردانیکردنی بازرگان و وەبەرهێنەرانی سلێمانی بۆ ئیمارات تا بتوانن لەنزیکەوە ئاشناببن بە بازرگانانی ئیمارات بۆ زیاتر بەهێزکردنی کاری هاوبەش”.
لای خۆشیەوە نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەهاتنی کۆنسوڵی ئیمارات بۆ پارێزگای سلێمانی و سەردانکردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، رایگەیاند” پارێزگای سلێمانی گونجاوە بۆ کاری بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و کشتوکاڵی هەموو هاوکاری و کارئاسانیەک دەکرێت بۆ وەبەرهێنەرانی ئیماراتی گەربیانەوێت لێرەکاربکەن، وەک ژووری بازرگانی تەواوی کارئاسانیەکانیان بۆدەکەین و هاوکاری تەواویان دەبین”.
راشیگەیاند” ژووری بازرگانی خاوەنی پێشانگای نێودەوڵەتیە ساڵانە چەندین پێشانگای جۆراوجۆری تیادا دەکرێتەوە خوازیارین کۆمپانیا ئیماراتیەکان بەشداری تێدا بکەن، وە ژووری بازرگانی خاوەنی گەورەترین پرۆژەی کۆگایە کە بازرگانانی کۆکۆردۆتەوە و چەندین جۆر کاری بازرگانی تێدایە لەبوارە جیاوازەکانی کاری بازرگانی”.
ئاماژەی بەوەشدا ژووری بازرگانی سلێمانی یەکەم ژوورە لەسەر ئاستی عێراق کارەکانی بە ئەلکترۆنی کردووە و سیستمی یەک پەنجەرەی بەکار دەهێنێت، هەربۆیە ژووری بازرگانی وەک چالاکترین ژوور دیارکرا لەسەر ئاستی عێراق و خەڵاتی زێڕینی پێدرا.
لەکۆبونەوەکەدا د.سەلام عبدوڵلە، بەڕێوەبەری گشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی باسی پرۆژە بەئەلیکترۆنی و دیجیتەڵی ژووریکردوو ڕایگەیاند” ژووری بازرگانی زیاتر لە پێنج ساڵە بەشێوەی ئەلکترۆنی و سیستمی یەک پەنجەری کاردەکات کەیەکەم ژوورە لەسەر ئاستی عێراق کە پێشکەوتوترین بەرنامەکان بەکار دەهێندرێت لەئێستاشدا سەرقاڵی کاری دیجیتەڵی پێشکەوتووە بۆ زیاتر خزمەتکردنی بازرگانان و پیشەسازان”.
كۆنسوڵی ئیمارات، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو کارانەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، هیوایخواست لە داهاتودا کاری هاوبەش ئەنجام بدەن.