کۆنسوڵی ئەرمینیا سەردانی ژووری بازرگانی سلێمانی کرد

کۆنسوڵی ئەرمینیا سەردانی ژووری بازرگانی سلێمانی کرد
ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٢/٢٣ نەوزاد غەفوور سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بورهان علی، جەوهەر ستار، بەهمەن عوسمان، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێشوازیان کرد لە (رافاێل مۆڤسیسیان) کۆنسوڵی نوێی ووڵاتی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان.
ئامانج لەسەردانەکەی کۆنسوڵی ئەرمینیا بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانە لەنێوان هەردوولادا وە کارکردنە بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری و وەبەرهێنان لەنێوان پارێزگای سلێمانی و ووڵاتی ئەرمینیا.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پەیوەندییەکی پتەوی هەبووە لەگەڵ کۆنسوڵی ئەرمینیا وە تواندراوە بازرگانەکانمان کاری بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ووڵاتی ئەرمینیا ئەنجام بدەن.
ڕاشیگەیاند: لەپارێزگایی سلێمانی دەرفەتی کاری وەبەرهێنان لە بوارەکانی گەشت و گوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک و چەندین بواری دیکە هیوادارین کۆنسوڵیەتی ئەرمینیا کار بکات بۆ هاندانی ئەو کۆمپانیایانە تا بەشداربن لەو سێکتەرانەی دەتوانن کاری تێدابکەن.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوایکرد کۆمپانیاکانی ووڵاتی ئەرمینیا بەشداربن لەو پێشانگایانەی ساڵانە لەناو بینای هۆڵی پێشانگاکان دەکرێنەوە کە تایبەتە بە نیشاندان و نمایشکردنی کاڵای ووڵاتان بۆئەوەی پەیوەندییە بازرگانیەکان بەهێزتربێت.