سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگەپەلەوەریەکان، هۆکاری گرانبونی نرخی مریشک لە بازاڕەکانی کوردستان بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی و گرانبونی عەلەف و جوچک و خراپی ڤاکسین دەگێڕێتەوە.
نازم عبدووڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند “نرخی مریشکی زیندو لەبازاڕەکاندا پەیوەندی بەبەرهەم هێنانی مریشکەوە هەیە لەبەر ئەوەی هەر لە کڕینی جوچک و دەرمان و عەلەف و گاز و پێداویستیەکانی بەخێوکردن گرانبووە، حکومەتیش هیچ هاوکارێک و بەدەمەوە هاتنێکی بۆ ئەم کەرتەنییە”.
راشیگەیاند “نەخۆشی نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ و ئایبی، بڵاو بۆتەوە لەسەدا ٧٠ مریشک و جوچکی لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردن لەناوبردووە، بەداخەوە بەکارهێنانی ڤاکسین بەهیچ شێوەیەک لەکوردستان کارناکات،ئەو ڤاکسینانەی هەیە لە عێراق و کوردستان خراپن ، ماوەی دوو ساڵە ئێمە داوا دەکەین لەحکومەت کە ڤاکسین دابین بکات بۆمان چونکە ئەوە ئەمنی قەومیە هیچ بازرگانێک ناتوانێت دەستی بۆبەرێت جگە لە حکومەت دەتوانێت خوێن بکرێت و لەڕێگەی سەمپڵەوە بیباتە ووڵاتێکی ئەوروپی و ڤاکسین دابین بکات پاشان بیفرۆشێتەوە پێمان نەک بەخۆرایی بمانداتێ بەڵام جێگەی دڵنیای خاوەن کێڵگەکان بێت”.
جاف، ئاماژە بەوەشدەکات “مریشک هێشتا نرخی خۆی دەرناهێنێتەوە و هەر لە زیاندان خاوەن کێڵگەکان بەهۆی لەناوچونی مریشک لە هۆڵەکاندا، هەرکیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن پرۆژە ٣٢٥٠ دینار دەکەوێت لەناو هۆڵی بەخێوکردن، وەئەگر ڕێژەی لەسەدا ٣٠ مریشک بمرێت ئەوا خاوەن کێڵگە کیلۆی مریشک بدات بە ٧ هەزار دیناریش هەر لە زیاندایە و مایەی خۆی ناگرێتەوە”.
لەئێستادا گرانبونی نرخی مریشک لەبازاڕەکاندا نیگەرانی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا.