کۆمپانیای ڕەزگە: بەووردی پشکنین بۆ سەرجەم بەرهەمە هاوردەکراوەکان دەکەین

ئا: زریان محەمەد

هادی حەمە سەعید، بەڕێوەبەری ڕێگە پێدراوی کۆمپانیای ڕەزگە بۆ پشکنینی بەرهەمە هاوردەکراوەکان، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی دەڵێت “بەوردی پشکنین بۆ تەواوی ئەو بەرهەمانە دەکەین کە لەدەرەوەی هەرێم دێتە کوردستان‌و پێشکەوتوترین ئامێری پشکنینمان لەبەردەستدایەو ڕۆژانە پشکنینی فیزیایی‌و کیمیایی‌و بایلۆجی ئەنجام دەدەین”.

بازرگانی و پیشەسازی: ئەو بەرهەمانە چین كە كۆمپانیاكەتان پشكنیان بۆ دەكات؟
هادی حەمە سەعید: سەرجەم ئەو بەرهەمانەی لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەپێی تایبەتمەندی عێراقی‌و نێودەوڵەتی پشکنینیان بۆ دەکرێت، پاش ئەوەی لەڕێگەی کەرەنتینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی تاقیگەی ناوەندی کۆمپانیای ڕەزگە دەکرێت بۆ مەبەستی دیاریکردنی کوالێتی بەرهەمەکان. دوای ئەوەی کۆمپانیای ڕەزگە لەساڵی ٢٠١٧ گرێبەستی پشکنینی بەرهەمە هاوردەکراوەکانی لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ واژۆ کرد، دەستبەجێ بەسوود وەرگرتن لەپسپۆرانی بوارەکە هەستا بەبنیاتنانی تاقیگەیەکی پڕپۆش بەسەرجەم ئامێرە پێشکەوتوەکانی پشکنین لەپێناو ئەنجامدانی پشکنینەکانی بە بەرزترین کوالێتی لەپێناو بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمە هاوردەکراوەکان، کە سەڕەڕای پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هۆکارە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەبازارکردن کە ئەمەش لەکۆتایدا بەسوودی بازرگانان کۆتایی دێت، چونکە بەرهەمی کوالێتی باش توانای مانەوەی لەکێبركیی بازاڕدا زیاترە بەروارد بەو بەرهەمانەی کە کوالێتیان باش نیە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: تەنها كۆمپانیای ڕەزگە لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ پشكنین بۆ بەرهەمی هاوردە دەكات‌و جۆری پشکنینەکان چین؟
هادی حەمە سەعید: کۆمپانیای ڕەزگە بەهاوبەشی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار نمونە لەبەرهەمە هاوردەکراوەکان وەردەگرێت، بەڵام پشکنینەکان تەنها لە تاقیگەکانی کۆمپانیای ڕەزگەدا جێبەجێ دەکرێت، سەرجەم پشکنینە (فیزیایی، کیمیایی‌و بایلۆجی)یانەی کە لەتایبەتمەندی عێراقی‌و نێودەوڵەتیەکان داواکراون ئەنجامدەدرێت. چونکە ڕەزگە خاوەنی سەرجەم تاقیگە پێویستەکانی پشکنینە بەباشترین ئامێرو ستافی ڕاهێنراو کە لەتوانایدایە بەپێی ستانداردە ناو خۆیی‌و نێودەوڵەتیەکان سەرجەم ئەو پشکنینانە ئەنجامبدات داواکراون.

بازرگانی‌و پیشەسازی: كوالێتی‌و نرخی پشكنین لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ چۆنە؟
هادی حەمە سەعید :دەتوانین بڵێین کۆمانیای ڕەزگە لەئێستادا خاوەنی یەکێکە لەباشترین تاقیگەکانی کوالێتی کۆنترۆڵ لەسەر ئاستی هەموو عیراق، پشکنینەکان ئەنجامدەدرێت بەسوود وەرگرتن لەباشترین ئامێرو ڕێگاکانی پشکنین چونکە کۆمپانیاکەمان هەڵگری هەردوو بڕوانامەی نێودەوڵەتی (ISO 17025 , ISO 9001)ە کە تاکە کۆمپانیاین لەسەر ئاستی عێراق‌و بڕوانامەکانمان لەلایەن (IAS)ی ئەمریکی‌و (IAF)ی کەنەدییەوە پێبەخشرابێت. نرخی پشکنینەکان بەپێی ئەو گرێبەستە وەردەگیرێت کە کۆمانیاکەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی/حکومەتی هەرێمی کوردستاندا واژۆی کردوە بەپێ ئەم بەم جۆرەی خوارەوە:

١- فیزیایی ٥٠٠٠
٢- کیمیایی ١٥٠٠٠
٣- بایلۆجی ٢٠٠٠٠

بازرگانی‌و پیشەسازی: زۆرترین ئەو بەرهەمانە چین كە لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە هاوردە دەكرێن‌و كۆمپانیاكەتان پشكنینی بۆ دەكات؟
هادی حەمە سەعید: سەرجەم بەرهەمە هاوردەکراوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەڵام زۆرترین ئەو بەرهەمانی کە هاوردەکرێن بریتیە لەبەرهەمە خۆراکییەکان، میوەو سەوزە، سوتەمەنی‌و بیناسازی.. هتد.

بازرگانی‌و پیشەسازی: بار ماوەی چەند لەدەروازەكە دەمێنێتەوە بۆ پشكنین‌و دەرەنجامەكەی؟
هادی حەمە سەعید: لەدوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا لەساڵی ٢٠١٩ بەمەبەستی ئاسانکاری‌و ڕێگریکردن لەدروستبونی کەمی خۆراک لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەبڕیاری لیژنەی ڕوبەروبونەوەی کۆرۆنای حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆربەی بەرهەمە خۆراکیە هاوردەکراوکان بەڕێگەپێدان بەڕێدەکڕیت دوای وەرگرتنی بەڵێننامە لەلایەن بەشی یاسایی بەڕێوبەرایەتی گومرگی باشماخ بەمەبەستی هەڵگرتنی لەکۆگاکاندا تا کاتی تەواوبونی پشکنینەکان، ئەو بەرهەمانەی کە پێویستیان بەپشکنینی بایلۆجی هەیە دوای ٤٨ کاتژمێر لەدوای گەشتنی نمونەی بەرهەمەکە بەتاقیگە ئەنجامەکەی تەواو دەبێت. بەڵام ئەو بەرهەمانەی کە پیویستیان بەپشکنینی بایلۆجی نییە لەماوەیەکی کەمتردا پشکنیەکانیان تەواو دەبێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: هیچ جیاوازییەك هەیە لەڕووی ماوەی پشكنین‌و نرخی پشكنینەكان لەنێوان دەروازەكانی هەرێمدا؟
هادی حەمە سەعید: بەڵێ، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە پێویستە لەسەر ئاستی وەزارەت‌و بەڕیوبەرایەتییە گشتیەکاندا لیژنەیەکی هونەری‌و زانستی دروست بکرێت بەمەبەستی یەکخستنەوەی جۆرو کاتی پشکنینەکان چونکە هەندێ پشکنین ڕەنگە تێچوو کاتی زۆری پێویست بێت لەکاتێکدا زۆر گرنگ‌و داواکراون، بەڵام لەپێناو دروستکردنی ئاسانکاری بۆ کاری بازرگانی لەدەروازەکەیدا لەسەر سەلامەتی تەندروستی هاونیشتمانیان پشکنیەکە ئەنجامنادەن. کە ئەمەش پێشهاتی مەترسیدار دروست دەکەن لەسەر تەندروستی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. لەهەمانکاتدا چاودێریکردن‌و بەردەوامی کەسانی پسپۆری وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێویست‌و گرنگ دەزانین. سەبارەت بەنرخی پشکنینەکان سەرەڕای دیاریکردنی نرخەکان، بەڵام ڕەنگە لەهەندێ کاتدا وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت، بۆ ڕیگەگرتن لەم حاڵەتە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار جگە لەچاودێری بەردەوام هەوڵبدات بەپێی جۆری بەرهەم‌و پشکنینەکان نرخ دیاری بکات.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئەو كێشەو گرفتانە چین كە ڕووبەروتان دەبێتەوە لەكاتی ئەنجامدانی كارەكانتان؟
هادی حەمە سەعید: بەدڵنیاییەوە ڕوبەرووی هەندێ کێشەو گرفت دەبینەوە، کە سەرەکیترینیان بریتیە لەنەبونی سیستەمێکی یەکگرتووی پشکنین لەسەرجەم دەروازەکانی هەرێمی کوردستان‌و عێراق! ڕەنگە هەندێ بەرهەم لەهەندێ دەروازە تەنها بەپشکنینی فیزیایی بەڕێبکرێت، بەڵام لەدەروازەیەکی تر پشنینەکانی تری (کیمیایی‌و بایلۆجی) بۆ بکرێت کە لەتایبەتمەندی عێراقیدا داواکراون کە ئەمەش وادەکات بازرگانەکان ڕوو بکەنە ئەو دەروازانەی پشکنینی کەمی تێدا دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە لەدەروازە لاوەکییەکاندا تاقیگەی پێویست نییە بەراورد بە دەروازە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە پێویستە ڕێگە نەدرێت بەهاوردەکردنی بەرهەمە سەرەکیەکانی وەک خۆراک لەو دەروازانەدا بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان، یاخود ڕاگرتنی بارەکان‌و ناردنی نمونە بۆ نزیکترین تاقیگەکانی پشکنین لەڕێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوەو پاش دەرچونی ئەنجامی پشکنین ئینجا ڕێگەی پێبدرێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: بەراوردی ڕێكاری پشكنین لەدەروازەكانی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندا لەڕووی نرخ‌و كوالێتی‌و ماوەوە چۆنە؟
هادی حەمە سەعید: وەک ئەوەی باس دەکرێت لەلایەن بازرگان‌و هاوردەکارانەوە لەدەروازەکانی حکومەتی ناوەند کارئاسانی دەکرێت بەمەبەستی زیادکردنی داهات لەدەروازەکانیاندا، لەکاتێکدا هەندێجار بارەکان بەبێ پشکنینی پێویست بەڕێ دەکرێن، لەکاتێکدا لەدەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ تایبەتمەندی عێراقی بەڕێ ناکرێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئەو پشكنینانەی كە دەكرێت لەلایەن كۆمپانیاكەتانەوە لەكاتی هاوردەی كاڵاكاندا لەكاتی ناردنی بۆ پارێزگاكانی عێراق كێشەو گرفتی نیە؟
هادی حەمە سەعید: نەخێر، تا ئێستا هیچ گرفتێک بۆ ئەو بەرهەمانە دروست نەبووە کە لەلایەن تاقیگەکانمانەوە پشکنینی بۆ کرابێت‌و ئاڕاستەی پارێزگاکانی تری عێراق کرابێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: کۆمپانیای ڕەزگە چەند هەلی کاری بۆ هاوڵاتیان رەخساندوە؟
هادی حەمە سەعید: کۆمپانیای ڕەزگە ماوەی زیاتر لە ٤ ساڵە کاردەکات لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ‌و هەلی کاری بۆ زیاتر لە ١٢٠ کارمەند لەسەرجەم پسپۆرییە جیاوازەکان رەخساندووە، کە هەڵگری بڕوانامە جیاوازەکانی (دکتۆرا، ماستەر، بەکالۆریوس‌و دبلۆم)ی تێدایە. خاوەنی لیژنەیەکی زانستی فرە پسپۆڕە کە بەوردی تاوتوێی ئەو بابەتانە دەکەن پێوستیان بەبڕیاردانی زانستی گرنگ هەیە. لەلایەکی ترەوە تاقیگەی ناوەندی کۆمپانیاکە توانیوەتی بەبێ جیاوازی هاوکاری سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بکات کە لەڕێگەی نوسراوی فەرمیەوە داوا کراوەو توێژەرەکانیان دەتوانن لەتاقیگەکانیاندا توێژینەوەکانیان ئەنجامبدەن، هەموو کارئاسانیەک دەکرێت تەنها لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆو پەیمانگانی هەریمی کوردستان کە تا ئێستا جەندین توێژینەوەی گرنگی تێدا ئەنجامدراوە. هەروەها کۆمپانیاکەمان لەدەرفەتێکی کەم وێنەدا هەموو هاوکاریەکی کارمەندانی کۆمپانیاکە کراوە کاتێک هەوڵی بەرزکردنەوەی بڕوانامەکانیان دەدەن. ڕەزگە ماوەی ٣ ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی یەکێکە لەباشترین تاقیگەکانی کوالێتی کۆنترۆڵ لەناوچەکەدا کە هۆکار بووە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بەچەندین توێژی جیاواز. رۆژانە بەوردی پشکنین بۆ سەرجەم بەرهەمەکان دەکرێت‌و ڕێنمایی تەواو دەدرێت بەبازرگانەکان بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمەکانیان.