کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراقی: هێڵی ئاسنی لە فاوەوە تا تورکیا دەبێت و بە هەرێمدا تێدەپەڕێت

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراقی رایگەیاند، پڕۆژەی نوێی هێڵی ئاسنینیان هەیە و پڕۆژەکە لە فاوەوە دەستپێدەکات و بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و دەگاتە تورکیا. دەشڵێت، بڕیارە لە ساڵی 2028 تەواو ببێت.

یونس خالید، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراق ئاشکرای کردووە، پڕۆژەکە لە فاوەوە دەسپێدەکات و بە هەرێمدا تێپەڕ دەبێت و دەچێتە ناو خاکی تورکیاوە، کە درێژییەکەی هەزار و 200 کیلۆمەترە و پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژییە و بەهۆیەوە عێراق دەگۆڕێت بۆ سەنتەرێکی لۆجستی لە ناوچەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، داهاتی پڕۆژەکە لە پاراستن و گومرگ و نرخی گواستنەوەی کەلوپەل؛ بڕی چوار ملیار دۆلارە، داهاتی گواستنەوەی گەشتیارانیشی ساڵانە نزیکی 750 ملیۆن دۆلار دەبێت و پێشبینی دەکەن ببێتە جێگرەوەی نەوت.

باسی لەوەشکرد، ماوەی رێگاکە پێشبینی دەکرێت 12 بۆ 16 کاتژمێر بێت، ئێستاش دیزاینی پڕۆژەکە تەواوبووە و کۆی تێچوی پڕۆژەکەش 17 ملیار دۆلارە کە 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی پێشکەوتووە و شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریشی بۆ کڕینی هێڵەکە خۆیەتی.